کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی ئازاد - OGI لە باکووری کوردستان و تورکیا بەبۆنەی 3ی ئایار ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە بینای لقی ئامەد-ی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی دا.
ئەلیف ئالکان بە نوێنەرایەتیی OGI قسەی کرد و ڕایگەیاند، لەم دۆخەدا ڕاگەیاندن ئازاد نییە و بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، تورکیا لە ڕووی ئازادیی کاری ڕۆژنامەوانییەوە 2 پلە پاشەکشەی کردووە و لەنێو 180 وەڵاتدا، لە پلەی 157 جێی گرتووە.
(وەڵاتی کردە زیندان، خۆیشی کردە ئێشکگر)
ئالکان دەستنیشانی کرد کە لە مانگی ڕابردوودا 170 ڕۆژنامەوان لە زیندانەکاندا بوون، بەڵام ئێستا ئەم ژمارەیە بۆ 190 بەرز بۆتەوە. وتیشی: ڕۆژنامەوانان هیچ هیوایەکیان بە حکوومەت نەماوە، هەموو کەس هاوڕایە کە حکوومەتی ئاکەپە تورکیای کردۆتە گەورەترین زیندانی جیهان و خۆیشی کردۆتە ئێشکگری بەر دەرگەی زیندانەکە.
بانگەواز ئاراستەی ڕاگەیاندن کرا
کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی ئازاد بانگەوازێکی ئاراستەی ڕۆژنامەوانان، نوێنەرانی دەزگەکانی ڕاگەیاندن کرد و داوای لێ کردن کە باوەڕی خۆیان بە ئازادیی ڕاگەیاندن و نەریتی ڕاگەیاندنی ئازاد کەم نەکەن، بەڵکو باوەڕیان بەهێزتر بکەن.
(هەر کە باوەڕیتان بە ئازادیی ڕاگەیاندن و نەریتی ڕاگەیاندنی ئازاد بەهێز بوو، ڕۆژنامەوانان دەتوانن دیواری گەورەترین زیندانی جیهان هەڵبوەشێنن. زیهنیەتی [دەوڵەتی ئێشکگر]ی بەر دەرگەی زیندان تێکدەشکێت و ئه و کاتە هەڤاڵە زیندانییەکانمان ئازاد دەبن.)
لەم مانگەدا چی ڕوویدا؟
ڕێکخراوەکە دەربارەی پێشێلکارییەکانی سەر ڕۆژنامەوانان لە تورکیا ئەم زانیارییانەی دا:
- 190 ڕۆژنامەوان لە زینداندان
- 17 ڕۆژنامەوان دەستگیرکراون
- 33 ڕۆژنامەوان سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە
- دۆسیە بۆ 2 ڕۆژنامەوان کراوەتەوە
- 50 ڕۆژنامەوان دادگەیی کراون
سزای 144 ساڵ، 2 مانگ و 29 ڕۆژ زیندانی بۆ 29 ڕۆژنامەوان بڕاوەتەوە. هەروەها سزای مادی بە بڕی 3 هەزار لیرەی تورکییان بۆ بڕاوەتەوە.[1]
#03-05-2018#