#وەزارەتی کارەبا#ی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایدەکات، حکومەت بڕی 300 ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە بەشێوەی بەش بەش بەمەبەستی دانانی پێوەری زیرەک و سیمکارت.
محمەد ئەمین هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند پڕۆسەی بەسیمکارتکردنی پێوەری کارەبا چۆتە بواری جێبەجێکردن و لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانیش گرێبەست کراوە بۆ دابینکردنی پێداویستی و دانانی پێوەرەکان، حکومەتیش بڕی 300 ملیۆن دۆلاری بۆ پڕۆژەکە تەرخانکردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، حکومەت بڕی پارەکە بە تەواوی ناداتە کۆمپانیای جێبەجێکار، بەڵکو لەگەڵ بەردەوامیی کارەکاندا پارە دەدات بەشێوەی بەش بەش نەک بە یەکجاری.
ئاشکراشیکرد، پڕۆژەکە زیاتر لە 18 مانگ دەخایەنێت، ئامانجی سەرەکی حکومەتیش له و پڕۆژەیە بۆ نەهێشتنی تەجاوزاتی ئەوانەیە پێوەریان نییە و ئەوانەش کە کارەبایان بەبێ مۆڵەت بردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ بەرگرتنە لە بەهەدەردانی کارەبا به و شێوەیە زۆرەی ئێستا.
ئاماژەشی بەوەکرد، پێوەر لەسەر محاویلەکانیش دادەنرێت بۆ ئەوەی خەتی کارەبای زیادە ڕانەکێشرێت و گزی لە موڵکی گشتی نەکرێت.
ڕوونیشیکردەوە، شێوازی پارەوەرگرتن لە هاوڵاتیان و شوێنە بازرگانییەکان به شێوەی وەسڵ دەبێت، بەڵام ئەوکاتە حکومەت زیاتر دەستکراوەیە بۆ وەرگرتنی پارەکە وەکو کەمکردنەوەی ئەمپێر یان ناردنی نامە تا دەگاتە بڕینی کارەباکە، بەمەش هاووڵاتی ناتوانێت پارە نەدات.
وتیشی قەرزەکانی وەزارەتی کارەبا لەلای بەشداربووان 600 ملیار دیناری تێپەڕاندووە، لە سیستەمە نوێیەکە قەرزی کۆنی کارەبا لای بەشداربووان داخڵ دەکرێت، بۆئەوەی بزانرێت هەموو هاووڵاتییەک چەند قەرزاره.[1]
#05-08-2018#