چایخانەکەی دیمەشق
جەلال تاڵەبانی کە یەکەم و دوایین سکرتێری گشتی یەکێتییە تائێستا لە ڕۆژی (03-10-2017) کۆچی دواییکرد، ئەو لە ساڵیادی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا لە 2012 بەمشێوەیە باس لە دامەزراندنی یەکێتی دەکات من و دکتۆر فوئاد مەعسوم لە کۆمیتەی کاروباری عەرەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێوان بەیروت و قاهیرەو دیمەشق کارمان دەکرد، ئێمە لەوێ ووردە وردە دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گەڵاڵە کرد، لە چایخانەیەک کۆبوینەوە بەناوی (تولەیتولە) لە دیمەشق، منیان تەخویل کرد بەیانەکە بنوسم بەیانی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەیاننامەی یەکەمم نوسی، ئەو کەسانەی کە کارەکەیان دەستپێکرد بریتی بوون لە (مام جەلال، د. کەمال فوئاد، د. فوئاد مەعسوم، عەبدولڕەزاق فەیلی، لەو ماویەیەدا من چوم بۆ ئەوروپا، پێشتر پەیوەندیم هەبووە بە کاک نەوشیروان مستەفا، ئاگاداری کاک نەوشیروانم کرد، کاک نەوشیروان فکرەکەی پێ باش بوو، دواتر چوین لە بەرلین کۆبوینەوە پاش ئەوەی کە لەکوێ کۆبوینەوە لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و عومەر شێخموس، بەو جۆرە دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوین بە 7 کەس، لەوێ بڕیارماندا دوای ساڵێک لە دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان شۆڕش هەڵگیرسێنینەوە.
شیعرەکەی نەوشیروان مستەفا بۆ مام جەلال
نەوشیروان مستەفا کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لە (19-05-2017) کۆچی دوایی کرد، لە کتێبەکەیدا (لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ) سەبارەت بە چیرۆکی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەنوسێت دۆستایەتی من لەگەڵ مام جەلال ئەگەڕایەوە بۆ ساڵی 1961 ئەو کاتەی لێپرسراوی لقی سلێمانی پارتی بو، چەندجارێ تەلەفۆنی بۆ کردم و نامەی بۆ ناردم، داوای لێکردم خۆم ئامادە بکەم بۆ بەشداری لەو ڕێکخراوە تازەیەدا کە خەریکی دامەزراندنێتی و، بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات، ئەگەر چی ماوەیەکی درێژ بو من لە کوردستان دور بوم، بەڵام (ئیلتیزامی ئەخلاقی و ئەدەبی) بە کۆمەڵە و بە مام جەلالیەوە بەست بوم، بەجوانم نەئەزانی لەژێری دەربچم، یەکسەر وتم: کەی داوات کرد بەسەرچاو ئامادەم، جارێکیان لە وەڵامی نامەیەکی دا بۆ ئەوەی دڵنیایی بکەمەوە لەوەی من هەر لەسەر بەڵێنە کۆنەکەی خۆم ماوم، سەرەتای نامەکەم بەم شیعرەی سالم دەستپێکرد:
ئەی قیبلەی مورادم ئاخۆ بە ڕۆژگاران
جارێ لە کەس ئەپرسی حاڵی غەریبی تاران
بەو سوێندەی کە خواردم: من هەر ئەوەم کە دیوتم،
حاشا بکەم فەرامۆش، میساق و عەهدی جاران
بەڵێنم دایە هەر کارێ بۆ دەستپێکردنەوەی شۆڕش دەس پێ بکەن، من واز لە هەمو شتێکی خۆم ئەهێنم لە ڤیەننا و، لەگەڵیان ئەبم، بەڵام ئەو ماوەیە من ئازادی هاتوچۆم نەبو، پاسپۆرتەکەم عێراقی بو. سەفارەت بۆیان تازە نەکردبومەوە، نەمئەتوانی هاتوچۆ بکەم. لە ڤییەنا گیرم خوارد بو.
دەستەی دامەزرێنەر کێ بوون ؟
بەپێی گێڕانەوەی نەوشیروان مستەفا، تا ئەوکاتەی یەکێتی دامەزراوە، ئەو خۆی خوێندکاری دکتۆرا بووە لە ڤیەننا، د. فوئاد مەعسوم نوێنەری بارزانی بووە لە قاهیرە، عادل سەرۆکی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بووە، عەبدولڕەزاق فەیلی ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی لاوان بووە، مام جەلالیش وەکو خۆی دەڵێت پێش دامەزراندنی یەکێتی لە کۆمیتەی کاروباری عەرەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێوان بەیروت و قاهیرەو دیمەشق کاری کردووە،.
یەکەم کۆبونەوەی دەستەی دامەزرێنەر
رۆژی 22-02-1975 لە (دیمشق)ی پایتەختی سوریا و چایخانەی (تولەیتولە) لە گەرەکی (ئەبو ڕمانە) یەکەم کۆبونەوەی دەستەی دامەزرێنەر بەڕێوەچوو، بەشداربوانی (مام جەلال، د. فوئاد مەعسوم، د. کمال فوئاد، عادل موراد، عەبدولرەزاق فەیلی)، نەوشیروان مستەفا نەیتوانی بەشدار بێت لە کۆبونەوەکە وەکو خۆی لە کتێبی (لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕەی ناوزەنگ) باسی دەکات ئەو بەشداری نەکردووە بەهۆی ئەوەی کێشەی پاسپۆرتی هەبووە و باڵیۆزخانەی عێراق پاسپۆرتیان بۆ تازە نەکردوەتەوە و نوسیویەتی من ئەوسا هێشتا لە ڤیەننا نەجوڵا بوم، لەبەرئەوەی لە داڕشتنی بیرەکانی ئەم بەیانەدا بەشدار نەبوم.
عومەر شێخموس یەکێکی تر بوو لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر کە بەشداری یەکەم کۆبونەوەی نەکرد، ئەوەش بەهۆی ئەوەی شێخموس کوردی سوریا بوو، نەیتوانیوە گەشتی سوریا بکات.
کۆبونەوەی دووەمی دەستەی دامەزرێنەرانی یەکێتی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لە ڕۆژی 27-05-1975 بەسترا، کۆبونەوەکە بە سەرپەرشتی مام جەلال هەندێک گۆڕانکاری لە پرۆژەی یەکێتیدا کردو و بە فەرمی پرۆژەی ڕاگەیاندنی یەکێتی وەکو حزبێکی سیاسی نوێ دوای نسکۆ لە ڕۆژی #01-06-1975# بڵاوکراوە.
بەپێی گێڕانەوەی نەوشیروان مستەفا مام جەلال یەکەمین بەیانی ڕاگەیاندنی دامەزراندنی یەکێتی بە عەرەبی، لە شام و پاش باس کردنی لەگەڵ د. فوئاد و عادل و عەبدولڕەزاق، لە 22-05-1975 دا نوسی بو و، بڵاوی کردبوەوە و، بۆ کەمال فوئادیشیان نارد بو لە ئەوروپا بڵاوی بکاتەوە، ئەویش دوای ئەوەی هەندێ دەستکاری تێدا کرد بوو لە 01-06-1975 دا بڵاوی کردەوە.
ترۆیکای یەکێتی
یەکێتی نیشتمانی کە دامەزرا وەکو گالیسکەیەک بوو کە سێ ئەسپ ڕایدەکێشن کە ئەوەش لە زمانی سیاسیدا پێی دەوترێت ترۆیکا، دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ئەزمونێکی نوێ بوو، چونکە لە (3) ڕێکخراوی جیاوازو (3) سەرکردایەتی جیاواز پێکهاتبوو، کە هەرسێکیان سەربەخۆیی ڕێکخراوەیی تەواویان هەبوو:
• کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان لە 10-06-1970 بە نهێنی دامەزرا
• بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان
• هێڵی گشتی
سەرباری جیابونەوە و هەوڵەکانی جیابونەوەی لەسەردەمی خەباتی شاخ، دواجار ئەم ترۆیکایە تێکچوو، ئەسپەکان گالیسکەکەیان بەجێهێشت، نەوشیروان مستەفا وەکو یەکێک لە دامەزرێنەرەکان ساڵی 2009 لە یەکێتی جیابوەوە و بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند، بەرهەم ساڵحیش وەکو یەکێکی تر لە سەرکردە دیارەکانی ئەو حزبە یەمدواییە جیابوەوە و هێزێکی نوێی بەناوی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری ڕاگەیاند.
مشتومڕی دەستەی دامەزرێنەر
دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی زۆرجار مشتومڕی لەسەر دروستبووە، هەندێکجار لە کاتی وتارەکانیدا لە یادی یەکێتی یان کۆنفرانس و کۆنگرەکاندا جەلال تاڵەبانی ناوی یەکیان دەپەراند یاخود ناوی نەدەهێنان، ئەوەش نیگەرانی دروستدەکرد.
لە کۆنگرەی سێیەمی یەکێتیدا، مام جەلال ناوی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرانی یەکێتی خوێندەوە، بەڵام ناوی د. فوئاد مەعسوم نەهێنا، فوئاد مەعسوم توڕە بوو، هێشتا مام جەلال وتارەکەی تەواو نەکرد، فوئاد مەعسوم بە پارچە کاغەزێکدا نامەیەکی بۆ مام جەلال ناردو بچوک بۆ مام جەلال، بەپێی زانیارییەکانی (درەو میدیا) لەو نامەیەدا فوئاد مەعسوم بۆ مام جەلالی نوسیوە ناوم دەهێنی یان بچمە دەرەوە، پاشان مام جەلال ناوی فوئاد مەعسومی هێنا، هەندێک پێیان وابوو مام جەلال بیری چووە ناوی فوئاد مەعسوم بهێنێ، هەندێکیش پێیان وابوو مام جەلال بە ئەنقەست ناوی نەهێناوە.
یەکێتی دوای 42 ساڵ خەبات
یەکێتی نیشتیمانی بەر لە 42 ساڵ لە چایخانەیەک لە دیمەشق دامەزرا، ئێستا حزبێکی گەورەی کوردستانە و پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی بەدەستەوەیە و خاوەنی داراییەکی گەورەیە، هەڵبەت بەشێکی گەورەی ئەم پێگە سیاسییە بە خوێن دروستکراوە، لە پاڵ ماندوبون و شەونخونی هەزاران کەس لە کاری دیپلۆماسی و ڕێکخستن.
یەکێتی کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژی ژمارەی دامەزرێنەرەکانی کۆچی دوایی دەکەن، ئێستا لە دۆخێکی قەیراناوی ناوخۆیدایە، ئەم قەیرانەش نوێ نییە و ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە، ئەم حزبە لە ماوەی 42 ساڵدا تەنیا (3) کۆنگرە و (2) پلینیۆمی کردووە.