تۆماس پیکیتی
وەرگێڕانی: بیلال ئیسماعیل حەمە
#دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان#
بابەتی دابەشکردنی سامان یەکێکە لەو پرسانەی بەشێوەیەکی فراوان لەمڕۆدا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت و بووەتە مایەی مشتومڕ. بەڵام لە ڕاستیدا چی دەزانین سەبارەت بە پەرەسەندنەکەی لە ماوەیەکی درێژدا؟ ئایا داینامیکەکانی کەڵەکەکردنی سەرمایەی تایبەتی دەبێتە هۆی کۆکردنەوەی زیاتری سامان لە چەند دەستێکی کەمدا، وەک ئەوەی کارل مارکس لە سەدەی نۆزدەدا باوەڕی پێبوو؟ یان هێزە هاوسەنگەکانی گەشە، کێبڕکێ و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا لە قۆناغەکانی دواتری پێشکەوتندا دەبنەهۆی کەمکردنەوەی نایەکسانی و هارمۆنی زیاتر لە نێو چینەکاندا، وەک سایمۆن کۆزینتس (Simon Kuznets) لە سەدەی بیستدا وێنای دەکرد؟ ئایا لە ڕاستیدا ئێمە چی دەزانین سەبارەت بەوەی سامان و داهات چۆن پێشکەوتووون لە سەدەی هەژدەوە، ئەو وانانە چین ئێمە دەتوانین لەو مەعریفەیەوە وەریانبگرین بۆ ئەو سەدەیەی لە پێشمانە؟
ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە هەوڵدەدەم لەم کتێبەدا وەڵامیان بدەمەوە. ڕێگەمبدەن دەستبەجێ ئەوەش بڵێم کە ئەو وەڵامانەی لێرەدا هاتوون، ناتەواون و کەموکوڕیان تێدایە. بەڵام لەسەر زانیاری مێژوویی و بەراودکاری گشتگیرتر بونیادنراون بەراورد بەو زانیاریانەی بەردەستبوون بۆ توێژەرانی پێشووتر، زانیاریەکان سێ سەدە و زیاتر لە بیست دەوڵەت دەگرێتەوە، سەرەڕای ئەوەش بونیادنراوە لەسەر چوارچێوەیەکی نوێی تیۆری کە تێگەیشتنێکی قوڵ بۆ میکانزمە شاراوەکان پێشکەشدەکات. گەشەی ئابووری مۆدێرن و بڵاوبوونەوەی مەعریفە بوونە هۆی دوورکەوتنەوە لە پێشبینیە وێرانکەرەکانی مارکسیستەکان، ئەمە کارێکی گونجاوبوو بەڵام نەبووە هۆی هەمواری ستراکچەرە قوڵەکانی سەرمایە و نایەکسانی – یان لە هەر حاڵەتێکدا بێت بەو ئەندازەیەی هەندێک وێنایان دەکرد لە دەیە گەشبینیەکانی پاش جەنگی جیهانی دووەمدا. کاتێک تێکڕای دەستکەوتی سەرمایە تێکڕای گەشەی بەرهەم و داهات تێدەپەڕێنێت، وەک ئەوەی لە سەدەی نۆزدەدا ڕوویدا و ئەگەری زۆرە جارێکی دیکە لە سەدەی بیست و یەکدا ڕووبداتەوە، سەرمایەداری بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەبێتە هۆی بەرهەمێهانی نایەکسانیە هەڕەمەکی و ناجێگیرەکان کە بەشێوەیەکی ڕادیکاڵی دەبێتە هۆی لەکەدارکردنی بەهاکانی مێریتۆکراسی کە کۆمەڵگە دیموکراتیەکانی لەسەر بونیادنراوە. سەرەڕای ئەوەش چەند ڕێگەیەک هەیە دیموکراتی دەتوانێت بەهۆیانەوە جارێکی دیکە کۆنتڕۆڵی سەرمایەداری بکاتەوە و دەستەبەری ئەوە بکات کە بەرژەوەندی گشتی لە پێش بەرژەوەندی تایبەتیەوەیە، لەکاتێکدا پارێزگاری لە کرانەوەی ئابووری و دوورکەوتنەوە لە پەرچەکردارە حەماسی و نەتەوەییەکان دەکات. ڕاسپاردەی سیاسەت کە دواتر لەم کتێبەدا پێشنیازی دەکەم بەم ئاڕاستەیەدا دەڕۆن. ڕاسپاردەکان بونیاتنراون لەسەر ئەو وانانەی لە ئەزمونی مێژووییەوە وەرگیراوە، لەخوارەوە لە بنەڕەتدا گێڕانەوەی تایبەت بەخۆی هەیە.