یادەوەرییەکان
مستەفا چاوڕەش
هەڵوەشانەوەی کۆمەڵە و شۆڕشگێڕان و خەتی گشتی
لە کۆنگرەی یەک ئەم تێکەڵکردنەوەیە جێبەجێ بوو، هەموومان دەستمان بۆ بەرز کردەوە، کەسیش دژی نەبوو. ئەوەندەی من بزانم، بە هەموو کاکەکانەوە فاتحە بۆ باڵباڵێن خوێندرا و ئیتر سێ باڵ نەما. لەو کاتەدا کەسێک نەبوو بڵێ فڵان شت ڕاست نییە، چونکی قسەیەکی وانەکرا کە دیار بێ و دژی هەبێ.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەرباری قسەوباس و گفتوگۆ و بێنەوبەرەی ناو کۆنگرە، دوایین ڕۆژی کۆنگرە لە هەولێر سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی هەڵبژێرا. منیش یەکێک بووم له و هەڤاڵانەی سەرکردایەتیی کۆنگرە دەنگیان پێدام. ئەو کاتەش من لەگەڵ کاک نەوشیروان نزیک بووم. ئەم هەڤاڵانە بۆ سەرکردایەتی هەڵبژێردران:
1- مام جەلال 2- نەوشیروان مستەفا 3- جەبار فەرمان 4- کەمال فوئاد 5- ئەرسەلان بایز 6- د. فوئاد مەعسوم 7- مستەفا چاوڕەش 8- ملازم عومەر 9- عومەر فتاح 10- چەتۆ حەوێزی 11- کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی 12- شاخەوان عەباس 13- شێردڵ حەویزی 14- دارۆ شێخ نووری 15- سەعدون فەیلی.
پاش کۆنگرە یەکەم کۆبوونەوەی سەرکردایەتی لە شەقڵاوە کرا، مام جەلال لەوێ بوو. کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە سیاسەتی تازە و دابەشکردنی ئیشوکارەکان. پاش ئەوە بە حوکمی پێشمەرگایەتی و شارەزایی بڕیاریان دا من ببمە سەرلەشکری هەولێر. ئەو کاتەی بووم بە سەرلەشکر، یەکێتی سێ لەشکری هەبوو. لەشکری یەک جەبار فەرمان بوو، لەشکری دوو من بووم، لەشکری سێ لە بادینان شێردڵ حەویزی بوو.