بیرەوەریەکانی مستەفا چاوڕەش
گرتنی عەبدوڵلا ئوجەلان
ڕۆژی 16/2/1999 هەندێک لە خزمەکانی سەردەشتم هاتبوون و لە ماڵی خۆمان بووین لە ڕاینە. کاتی نانی نیوەڕۆ ڕادیۆمان کردبۆوە. لە دەنگوباسەکاندا بڵاوی کردەوە عەبدوڵلا ئوجەلان لە کینیا گیراوە و ڕەوانەی تورکیایان کردۆتەوە، پاشان دەرکەوت بە فیتی و بەرنامەداڕێژراوی چەندین دەوڵەت بووه. تورکیا و ئیسرائیل و ئەمەریکا و دەزگا جاسوسییەکانی وڵاتی کینیا و وڵاتانی تریش بەشدارییان له و پیلانگێڕییەدا کردووە. ئەمە بووە هۆی ئەوەی دڵی هەموو کوردێکی بەشەرەف تەنگ ببێت، چونکی کوردێک گیراوە، کە سەرکردایەتیی جوڵانەوەیەکی شۆڕشگێڕانە دەکات بۆ ڕزگاربوونی گەلەکەی و نیشتمانەکەی، داوای حەقی خوراوی میللەتەکەی دەکات. لە وڵاتی تورکیادا بچوکترین ماف کە قسەکردن بوو بە زمانی دایک، پێشێل کرابوو. کورد نەیدەتوانی بە زمانی دایک قسە بکات و بڵێن ئێمەش کوردین. تورکیا ئەمەی بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ خۆی لە قەڵەم دا. هەموو وڵاتان و ئاژانسەکان باسیان دەکرد. بەڵام لە سەرانسەری کوردستاندا هیچ کەسێکی بەویژدان نەبوو ماتەم داینەگرتبێت. هەر لە ماڵی خۆمان کە خزمەکانی سەردەشتم لابوون هەموویان گریان. لە ڕاستیدا تەنیا عەبدوڵڵا ئوجەلان نەگیرابوو، هەموو کورد گیرابوو. غەدرێکی گەورە بوو و به هاوکاری دەوڵەتانی زلهێز بۆ سەرکوتکردنی گەلی کورد لە کورد و مێژووکەی کرا.
لەسەر گرتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە هەموو ماڵێکی کورد پرسە بوو. لە سنووری مەڵبەندی هەشتی ڕاپەڕین و سنوورەکە بارەگاکانی پێکاکای لێیە، کۆنە بارەگاکانی یەکێتیی نیشتمانی لەوێن، کاتی خۆشی ساڵی 1992 من لە خواکورک بووم، ئەوێمان بۆ دانان. ئەم وەزعەی ئوجەلان دنیای هەژاند بەتایبەت کوردی ئەوروپا و تورکیا. هەندێک لە حیزبە بچوکەکان و چەند ڕێکخراوێک ویستیان لە ڕانیە ڕێپێوان بکەن، ڕێگریمان لێنەکردن. هەوڵیان دا، بەڵام کەسیان پێ کۆنەکرایەوە. ناشکرێ لەسەر ئەم تاوانە گەورەیە دانیشین و تەماشاکەر بین.
لەسەر ئه و مەسەلەیه نامەیەکم بۆ مام جەلال نووسی بۆ ئەوەی خۆمان شتێک بکەین. هەمان ڕۆژ وەڵامی دایەوە و نووسیبووی چیتان پێ باشە بیکەن. منیش لەگەڵ هەڤاڵانی مەڵبەند بەرنامەیەکی باشم بۆ دانا. هەموو ئارم و نووسینەکانی سەر لافیتەکان کە لە ڕێپێوانەکەدا هەڵگیرابوون، من شه و حازرم کرد و لە مەڵبەند نووسران. خەڵکی سنوورەکەمان ئاگادار کرد، لە فەرمانگەکان و قوتابخانەکان گەورەترین ژمارە و قەرەباڵغیمان ساز دا. بەڵام خۆم لە پشتی پەردەوە بووم. کادێرەکانی خۆمان هەموو بەشدار بوون، خۆشم لە بارەگای مەڵبەند مامەوە و لە پەنجەرەکانەوە تەماشام دەکرد، دیارە ئەمەش حساباتی لەسەرە. لەبەر وەزعی خۆمان و تورکیا، دەبوایە کارێک نەکەین دوایی بیدەنەوە بە چاوماندا، چونکی ئەو کاتە وای دەخواست. هەموو شاری ڕانیە بە گەورە و بچوکەوە بەشدار بوون بەرامبەر تورکیا. لافتەکان و نووسینی سەر لافیتەکان هەمووی دژی تورکیا بوو و دەوڵەت و لایەنانە بوو کە هاوکارییان کردوون. ئەمەش وەزعی نەفسیی خەڵکی باشتر کرد. لە داخوازییەکاندا داوای ئازادکردنی ئوجەلانیان دەکرد، ئەو کاتەش لە یەکەم ڕۆژەکاندا ترسی ئەوەمان هەبوو لە سێدارەی بدەن، جوڵانەوەیەکی میللیی گەورە لە کوردستان و دەرەوە و ئەوروپا دروست بوو. ئەوە بۆ ماوەی دەساڵ زیاتر دەچێ لە نووسینەوەی ئەم بیرەوەرییە هێشتا لە زیندانە، بەڵام جوڵانەوەکەشیان بەردەوامە و حەقی خۆشیانە. ئەوەندەی پێمان پێکرا، بۆمان کردن.