دواڕۆژ، هۆگر کەمال
بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان ئاشکرای دەکات، لەئێستادا چوار ملیار و 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە دەریاچەکەیان بوونی هەیە و ئاستی ئاوەکەش لەچاو ساڵی ڕابردوو هەشت مەتر و نیو بەرزبۆتەوە، دەشڵێت: ئەگەر ئاوی دەریاچەکە بگرینەوە، دەبێت #سلێمانی# چۆڵ بکرێت.
محەمەد تاهیر، بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان، بە دواڕۆژی وت: لەسەرەتای دەستپێکردنی وەرزی بارانبارینەوە تاوەکو ئێستا 558.8 ملیمەتر باران لە دوکان باریوە، بەڵام پار 145 ملیمەتر باران باریوە، نزیکەی 20 ساڵە لەم وەرزەدا ئەوەندە باران نەباریوە.
وتیشی: لەئێستادا چوار ملیار و 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە دەریاچەی دوکان هەیە، بەڵام ساڵی ڕابردوو دوو ملیار و 800 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدابوو، ئێستا ڕۆژانە 100 بۆ 200 ملیۆن مەتر سێجا ئاومان بۆ بەنداوی دوکان گلداوەتەوە، ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر زۆرە.
سەبارەت بەوەی ئایا ئەو ڕێژە زۆرەی ئاو لە دەریاچەی دوکان و بەنداوەکەی هیچ گرفتێک دروستدەکات بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەناوچەکەدا؟ محەمەد تاهیر وتی: ئێمە هیوادارین هیچ گرفتێک دروستنەبێت و کەس زەرەرمەند نەبێت، بەرنامەیەکی تۆکمەمان بۆ ئەوە داناوە.
ئاماژەی بەوەشدا لەئێستادا لە چرکەیەدا 87 مەتر سێجا ئاو لە دەریاچەی دوکانەوە دەردەچێت، ئاویشمان لە دەریاچەکە نەگرتۆتەوە ئەگەر بیگرینەوە دەبێت سلێمانی چۆڵ بکرێت، ئەگەر باران هەر وا زۆر ببارێت، ڕێژەی دەرچوونی ئاو لە دەریاچەکە زیاد دەکەین و کەمتر خەزن دەکەین، بۆ ئەوەی سەرڕێژ نەکات و زیان لە دەرەوە بدات.
باسی لەوەشکرد کەمبوونی ئاوی خواردنەوە لە گەڕەکەکانی سلێمانی پەیوەندی بەوەوە نییە کە دەوترێت ئاوەکە پیس بووە، چونکە ئاوەکەی زۆر پاکە، ڕەنگە گرفتی موزەخەیان هەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو زۆربوونی ئەو ئاوە لە دەریاچەی بەنداوەکە سوودی هەیە بۆ کشتوکاڵ و پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی و پڕۆژەی گەشتیاری.
هێمای بۆ ئەوەشکرد ساڵانی ڕابردوو کە ئاو لە دەریاچەکەدا کەمبوو بەرنامەی بۆ دادەنرا، بۆ ئەوەی بەشبکات کەم بەردەدرایەوە، بەوهۆیەشەوە کشتوکاڵ کەمتر دەکرا و پێویستییەکانی ئاوی خواردنەوەی دووز#خورماتوو# و خواروو تر نەدەتوانرا دابینبکرێت.
رونیشیکردەوە بەهۆی زۆریی ئاوەکەوە ئێستا هەرێمی کوردستان دەتوانێ یارمەتی هەموولایەکی پێبدات، لەئێستاشدا لەڕێگەی دەریاچەی دوکانەوە ئاوی خواردنەوەی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین و پارێزگای #کەرکووک# و #چەمچەماڵ# و دوزخورماتوو دابین دەکرێت.
ئاشکراشیکرد لەچاو ساڵی ڕابردوو دەریاچەی دوکان نزیکەی هەشت مەتر و نیو بەرزترە، هەروەها ڕۆژانە دوو هەزار مەتر سێجا ئاو خۆی دەکات بە دەریاچەکەدا.
پێداچوونەوە: ئارام غەفور[1]
#31-01-2019#