بەزمان شێر دەکاتە ڕێوی
ئه و ئەندامەی ناو زاری مرۆڤ دەتوانێت ببێتە چەقۆ و تيغ و ئاوی بەخوڕ و تۆفان و ڕەشەبا و لێزمە و کورد ووتەنی بەربێتە گيانی هەر شتێک ئاتاری لەسەر پاتاری ناهێلێت، هەندێجاريش دەبێتە کڵوەشەکر و قۆزاخەی پەمۆ و دەنگی جۆبار و نەرمە هەوا و سروە و شنەی شەماڵی ئارام و خوناوی سەر گژوگيا و کورد وتەنی(دڵی بەرد نەرم دەکات) ئەمە لە حاڵەتە ئاساييەکان و نائاساييەکاندا هەندێجار ئه و زمانەچکۆڵەيە مرۆڤ وا قسەی پێ دەکات هەست ناکات تواناکانی خۆی چەندە و بايی چەندە بۆ نمونە مرۆڤێک توانای کەمی هەبێت بەزمانی دەتوانێ خۆی وانيشان بدات کە شێرە و لە بنەچەشدا توانای ڕێوييەکيشی نيە، ئينجا بەمەبەست و دەربڕينەوە به و جۆرە کەسانە دەوترێت(بەزمان شێر دەکاتە ڕێوی) واتە لە کردەوەدا تيابەستە نەبووە و تەنها بەزاروپلە.