- ناوخۆی پارتیش هەر وەکو حیزبەکانی ترە، فەرقەکە هەرئەوەیە، کە پارتی توانیویەتی هەرسێ جەمسەرەکەی خۆی بکات بە سەرۆک، بەڵام حیزبەکانی تر بواری ئەوەیان نەبووە کە حەزی سەرۆکایەتی هەموو باوک و جەمسەرەکانیان تێرکەن، ئەم حەزەش کە لە سەرۆکبووندا شکڵی نەگرتوو نەگیرسایەوە، ئیتر لە باڵ و کوتلەو ترازاندا شکڵ ئەگرێ و ئەتەقێتەوە.
- فرە مینبەری یەکێتیش هەر لە سەرەتاوە، پەیوەندی بە خودی فرەیی و کاری پێکەوەییەوە نەبووە، (چونکە بیری باوکایەتی هەڵنەوەشاندۆتەوە)! بەڵکو هەر فۆڕمێکی تری باوکایەتی سیاسییبووەو #مام جەلال# مەساحەیەکی بچوک باوکایەتی داوە بەوانیترو مەساحە گەورەکەی باوکایەتی بۆ خۆی بردوە!
کێشەکەش ئەم کولتوری باوکایەتیی سیاسییەیە نەک خودی باوکە سیاسییەکان، ئەم باوکایەتییەش لە پەروەردەو خێزان و یاسای ئەحوالی شەخسییەوە دەسکاری ئەکرێ، نەک لە گۆڕینی سەرۆکەکان و یاسای سەرۆکایەتی!!
- ئەگەرچی دیوێکی دروستبوونی گۆڕان، پێویستی قۆناغەکەو خەمە گشتییەکانبوو، بەڵام دیوەکەی تری، دروستکردنی ماڵێکبوو بۆ باوکایەتی نەوشیروان، ئەو باوکایەتییەی کە لەناو یەکێتیدا بواری نەبوو بیکات!
- یەکگرتوو بۆ بەپەلە مامۆستا سەڵاحەدینی هێنایەوە؟ خۆ ئەسڵەن دۆخی یەکگرتوو دوای هاتنەوەی خراپتربووە!
مەسەلەکە هەر ئەوەیە کە هاتنەوەی مامۆستا، شەڕی باوکایەتی کۆتایی پێهێناوە، ئەو نەبێ لەنێون کادرە باڵاکانی یەکگرتوودا شەڕی باوکایەتی یەکگرتوو دەستپێئەکاتەوە.
- بزوتنەوەش هەر جێ ی باوکایەتی ماڵی مەلا عەلی تێدائەبێتەوە، بۆیە عەلی باپیرو مەلا کرێکار ماڵیان بۆ باوکایەتی خۆیان دروستکردو جیاکردەوە.
- نەبوونی شەڕی باوکایەتی لای #پەکەکە#ش، تەنیا هی ئەوەنیە کە لەڕووی فیکرییەوە کاری باشیان بۆ تێپەڕاندنی کردوە، بەڵکو هی ئەوەشە کە هێشتا باوکی یەکەم ماوەو زیندانیش لەڕووی مەعنەوییەوە باوکایەتییەکەی ئەوی بەهێزترکردوە، بۆیە هیچ باوکێک ناوێرێ سەردەربێنێ!
- کۆمەڵەو دیموکراتیش، بۆچی هەریەکەیان دوو سێ نوسخەی هەیە؟ بێگومان لەبەر زۆریی باوکە سیاسییەکان.
- دروستکردنی هاوپەیمانی و هەڵوەشانەوەشی بۆ سەرۆکایەتی لەلایەن بەرهەمەوە، هەر شەڕی گەڕانە بۆ باوکایەتی، چونکە سەرۆکایەتی دیکۆرو تەشریفاتیشبێ هەر فۆڕمێکی باوکایەتییە!
- ئەوانەی کە ئەتوانن دەساودەسی سیاسی بکەن، ئەوانەن کە پێش دەساودەسەکە کاری پێکەوەییان کردوەو پەیوەندی نێوانیان تەواوکارییبووە نەک تەبەعیەت و جێبەجێکاریی!
ئەوانەی کاری پێکەوەیی ئەکەن، ئەوانەن کە فرەیی ئەفامن، ئەوانەشی کە فرەیی ئەفامن، ئەوانەن کە مناڵی پەروەردەیەکی نانەریتی و خێزانێکی نانەریتین!
- کولتوری باوکسالاری لە پەروەردەو خێزانەوە دەسکاری ئەکرێ و کولتوری فرەییش لەو دەسکارییەوە لەدایک ئەبێ!!
تا پەروەردە هی مامۆستابێ و مناڵ هەر وەرگرو پاشکۆبێ و نەبێ بە کائینێکی بیرکەرەوەو قسەکەرو هاوبەشی پرۆسەکە!
تا خێزان هی پیاوبێ و شتەکە نەبێ بە موئەسەسەی (دوو تاکی ئازادو یەکسان).
ئیتر فرەیی و کاری پێکەوەیی هەر دروشمەو نەبووە بە ژیان!!
فرەیی و کاری پێکەوەیی لە دەسکاریکردنی پێگەی تەلەبەو ژنەوە دەستپێئەکات.
- کولتورەکە خۆی باوکسالارییەو تا مامۆستاش چەقی پەروەردەبێ و تا شتێک هەبێ بە ناوی سەرۆکی خێزان، باوکایەتی هەر تۆخئەبێتەوەو ئەڕوا تا سەری سەرەوە بۆ باوکایەتی سیاسی و باوکایەتی سیاسیش یان ئەگوازرێتەوە بۆ وەرەسە وەکو ئەوەی مام جەلال و بارزانی و نەوشیروان، یان وردئەبێتەوە بۆ هەزار باوکی سیاسی وەکئەوەی سەدام!
- بۆ تێپەڕاندنی دۆخێکی واش، کاری ئێمە ئەوەنیە باوکی تری وەکو شاسوارو لاهورو کێ وکێ.. دروستبکەین، کاری ئێمە ئەوەیە لە بنی بنەوەو لە کولتورو نەریت و پەروەردەو خێزانەوە، خودی باوکایەتی هەڵتەکێنین.
شەڕی دروستی ئێمە، شەڕکردنە لەگەڵ کولتوری (خێلەکی دینی) باوکایەتی، نەک ئەوەی ببینە بەشێک لە شەڕی باوکەکان[1].