ئاماری توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان لە سنووری پارێزگای #سلێمانی# لە ئەمساڵدا بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادیکردووە، لەناویشیاندا سکاڵا 155٪ زیادیکردووە، بەپرسی ڕێکخراوێکیش پێیوایە، ئامارەکان زۆر زیاترن لەوەی بڵاودەکرێنەوە.
بەپێی ئاماری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، لە 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2019 دا لە سنووری پارێزگای سلێمانی دوو هەزار و 558 سکاڵا لەلایەن ژنانەوە لە بەڕێوبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان تۆمار کراون.
بە بەراورد بە 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2018 تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن ژنانەوە 155٪ زیادیکردووە، بەو پێیەی لە 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2018 دا هەزار سکاڵا تۆمارکراون.
هەر لە 10مانگی یەکەمی ساڵی 2019 دا 121 حاڵەتی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون کە بەمشێوەیەیە:10 حاڵەتی کوشتن، 16 خۆکوشتن، 21 حاڵەتی خۆسوتاندن، 38 حاڵەتی سووتان بەهۆکاری جیاواز و 36 حاڵەتی دەستدرێژیی سێکسیی.
بەڵام لە 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2018 دا 105 حاڵەتی توندوتیژیی تۆمار کراون: 10 حاڵەت کوشتن، 10 حاڵەتی خۆکوشتن، 29 حاڵەتی سووتان، 18حاڵەتی خۆسووتاندن و 38 حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی تۆمار کراون.
ئامارەکان نیشانیدەدات، کە جگە لە سکاڵا، جۆرەکانی دیکەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە پارێزگای سلێمانی زیادیکردووە.
#بەهار مونزیر#، پارێزەر و بەرپرسی ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، پێیوایە ئاماری توندوتیژییەکان زۆر زیاترە لەوەی بڵاودەکرێنەوە، چونکە زهنیەتی پیاوسالاریی لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەڕادەیەکی زۆر زاڵە و دەسەڵاتی کوردییش لە 28 ساڵی ڕابردوودا گرنگیی بەم پرسە نەداوە، پرسی ژنان نەبووە بە پرسێکی کۆمەڵایەتیی، بەڵکو ناو گروپ و نوخبەدا قەتیس ماوە، دژایەتییەکی زۆر دەکرێت و پشتیوانیی ناکرێت.
بە بۆچوونی بەهار، زیادبوونی سکاڵاکان دیوێکی دیکەشی هەیە، ئەویش هۆشیاریی ژنانە لەوەی، کاتێک توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، سکاڵا تۆمار بکەن، ئەوەشی بۆ هەوڵی ڕێکخراوەکانی ژنان و کەسانی دڵسۆزیی ناو بەڕێوبەرایەتییەکانی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی گەڕاندەوە.
سەرۆکی ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، باسی لەوەشکرد، کە تەنها تۆمارکردنی سکاڵا بەس نییە، بەڵکو چۆنێتیی کارکردن و بەدواداچوون بۆ کەیسەکان گرنگە، ڕەخنەی لە دادگاکان گرت، کە بەهۆی کاریگەریی خێڵ، سوڵحی عەشایەریی و دەستوەردانی حزبیی، زۆر جار دادگا بێ هیچ بنەمایەکی یاسایی بکوژی ژنان ئازاد دەکات.
زیاتر لە 220 ناوەند، ئەنجومەن، بەڕێوبەرایەتیی و ڕێکخراوی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی ژنان لە هەردوو جۆری حکومیی و ناحکومیی لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە، لەبارەی ژمارەی ئەو ڕێکخراوانە و جێدەستیان لە کۆمەڵگادا، بەهار مونزیر، وتی: لەوانەیە بە تۆمار زۆربن، بەڵام ژمارەی ئەو ڕێکخراوانەی کار دەکەن، زۆر نییە و کەمە بۆ ئەم پرسە.[1]