وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی ژیانی هاونیشتمانیان، ئەنجوومەنی وەزارەت هەڵمەتی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕادەگەیێنێت و تیمە زانستییەکانی زانکۆکانیش هاوکاردەبن بۆ هۆشیاریی تەندروستی، ڕاوێژی زانستی و ئەنجامدانی توێژینەوە.
ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەکاتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتەکەی و سەرۆکی زانکۆکان و ڕاگری کۆلێژە پزیشکییەکان ڕایگەیاند، ناوەندە زانستی و پزیشکییەکانی #وەزارەتی خوێندنی باڵا# و توێژینەوەی زانستی لە هەڵمەتی خۆپاراستن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشداردەبن.
بەپێی ڕاگەیێندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەنجوومەنی وەزارەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر دوو ئاست چەند بڕیارێکی دەرکرد، بڕیارەکانیش بریتین لە:
1- پێکهێنانی ژووری عەمەلیاتی سەرەکی لەسەر ئاستی وەزارەت، بە سەرۆکایەتیی وەزیری خوێندنی باڵا و ڕاوێژکاریی وەزیر، سەرۆکی بۆردی کوردستانی، سەرۆکی زانکۆی #هەولێر#ی پزیشکی و ڕاگری کۆلێژە پزیشکییەکانی زانکۆکان.
2- دامودەزگاکانی خوێندنی باڵا لە هەموو شارەکان لیژنەی هاوبەش پێکدەهێنن لە کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی و زانستە تەندروستییەکان و زانستە بنچینەییە پەیوەندیدارەکان.
3- هەموو توانا مرۆییەکانی زانکۆکانمان لە پزیشکان و پسپۆڕان و ئەکادیمییەکان پشتیوانیی وەزارەتی تەندروستی و دامودەزگاکانی تەندروستی دەبن.
4- ئەو تیمانەی لە ئاستی شارەکان پێکدێن، هاوکار دەبن لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی و ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و پلانی چارەسەر و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و ڕاوێژ و ڕاپۆرتی بەردەوام بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی وەزارەتی تەندروستی.
5- هەموو ژێرخانی زانستیی کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی و ناوەندەکانی توێژینەوە لەخزمەت ئەم پرۆسەیە دەبن، بەتایبەت ئەو ئامێر و تەکنەلۆجیایانەی کە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە سوودیان لێ وەردەگیرێت.[1]
#26-02-2020#