سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات.
• سەرجەم ڕێورەسمە ئاینییەکان لە (مزگەوت، کڵێسا و پەرستگاکان) بە گوتاری هەینی مزگەوتەکانیشەوە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەتا کاتێکی نادیار ڕادەگیرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/3/4 #مەسرور بارزانی# سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی #قوباد تاڵەبانی# جێگری سەرۆکی حکومەت، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی دوایین ڕێکار و ئامادەکارییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیار و ڕێنماییە تەندروستییەکان کرا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە لە سەر ئەوەی حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات و لە چوارچێوەی ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی، هەرچی پێویست بوو دەیکات بۆ پاراستنی ژیان و سەلامەتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان. لەمڕووەوە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا:
یەکەم: لە ڕوانگەی ئەوەی پەیام و ئامانجی سەرەکی هەموو ئاینەکان، پاراستنی ڕوح وجەستەی مرۆڤە، هەروەها بەهۆی تۆمارکردنی چەند کەیسێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری #سلێمانی#، بۆیە دوای ڕاگرتنی خوێندن لە ناوەندەکانی خوێندن و ڕاگرتنی چالاکیی شوێن وسەنتەرەکانی گردبوونەوەی هاووڵاتیان، لەپێناوی خۆپارێزیی، بڕیاردرا سەرجەم ڕێورەسمە ئاینییەکان لە (مزگەوت، کڵێسا و پەرستگاکان) بە گوتاری هەینی مزگەوتەکانیشەوە، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەتا کاتێکی نادیار ڕابگیرێت.
دووەم: جەختکردنەوە لە سەر بەردەوامی دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی نەخۆشخانە و کەرەنتین و بنکەکانی دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستان.
سێیەم: ڕێوشوێنی پێویست و زیاتر بۆ سنوودارکردنی هاتووچۆ لە بنکەو بازگە و دەروازە سنوورییەکان بگیرێتەبەر بەبێ ئەوەی کار لەوەستانی جموجۆڵی بازرگانی بکات.
چوارەم: بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی ئەو زیانانەی کە بە هۆی ڕێکارەکانی خۆپارێزی بەر خاوەنی شوێنە بازرگانییەکان دەکەوێت. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەجێبەجێکردنی ڕێکاری یاسایی پێویست لەرێگەی چاوخشاندنەوە بە کرێ و باجی داهاتی ئەو شوێنانەو بەئاراستەی کەمکردنەوەیان بە جۆرێک ڕەچاوی زیانە داراییەکانیان بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتە پەیوەندارەکان ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەردەکەن.
پێنجەم: پێویستە لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ڕێکارە تەندروستییەکان لە کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران بگرنەبەر. بۆ ئەم مەبەستەش هەماهەنگی لە گەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان بکرێت.
#04-03-2020#