$باکووری کوردستان$
- #سەما عایشەئۆغلو# ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی #هەدەپە#ی ناوچەی هەواگی شاری #ڕوحا# لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی تورکەوە دەستگیر کرا.[3]
- دادگای سزا قورسەکانی #وان# لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بڕیاریدا و ڕایگەیاند، هەڵکردنی #ئاڵای کوردستان# بە واتای بانگەشەکردن بۆ #پەکەکە# نایەت؛ دادگای #ئەرزەڕۆم#یش بڕیارەکەی پەسندکرد.[1]
- وەدات داغ ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی هەدەپە بانگهێشکرابوو بۆ لقی سیاسی تاوەکو هەندێک پرسیاری لێ بکەن، بەڵام دوای ئەوەی چووە لقی سیاسی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.[3]
$رۆژهەڵاتی کوردستان$
- بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دارا ڕەشیدی تەمەن 49 ساڵ و خەڵکی #سەردەشت# لەلایەن لقی سێهەمی دادگای شؤڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر ”نەجەف زادە“ بە تۆمەتی “ئەندامەتی و هاوکاری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران“ حوکمی 10 ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.[5]
$باشووری کوردستان$
- فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە چڕی بۆردوومانی سنووری شارەدێی #باتیفا#ی سەر بە شارۆچکەی #زاخۆ#یان کرد.[3]
- مینێکی دژەکەسی لە جۆری ڤالمارا لە کوێستانەکانی بەردەبووکی شارۆچکەی #چۆمان# بە هاونیشتمانییەکدا تەقییەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.، ئەو کەسە ناوی دڵشاد عەبدولڕەحمانە و تەمەنی 43 ساڵە.[1](بڕوانە فایلی پەیوەندیدار)
- لە 24 کاژێری ڕابردوودا دوو هەزار و 295 پشکنینی کۆرۆنا کراون، ئەنجامی پشکنینی 210 کەسیان پۆزەتیڤ بوون؛ هاوکات 143 تووشبوو چاکبوونەتەوە و 12 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.[6]
- بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕزگاری لە #هەولێر# ڕایگەیاند، 130 تووشبووی کۆرۆنا کە لە نەخۆشخانەکەیاندا خەوێندراون تەندروستیان ناجێگرە و دەشڵێت نزیکەی 10رۆژە لە لووتکەی نەخۆشییەکەداین. بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کە ئێوارەی ڕۆژی 21ی تەممووز بڵاوکراوەتەوە، تائێستا سێ هەزار و 73 کەس لە سنووری پارێزگای هەولێر تووشی کۆرۆنا بوون، دوو هەزار و 92 لەو تووشبووانە چاکبوونەتەوە و 80 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، تائێستا 11هەزار و 361 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش شەش هەزار و 166کەسیان چاکبوونەتەوە و 432 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.[1]
- لە چوارچێوەی ناڕەزایەتی دژ بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، بە دەستپێشخەریی #ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان#- #ڕژاک# و بە بەشداریی دەیان ژنی چالاکوان و هونەرمەند و دانیشتوانی شاری #سلێمانی#، ڕێپێوانێکی بەرفراوان دەستیپێکرد.[3]
- وەزیری بازرگانی هەرێمی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە کە ئاگاداری بوونی دەروازەی نا فەرمی بێت لە سنوورەکان کە لەلایەن هێزی چەکدارەوە بەڕێوەببرێن و ئەوەش دەخاتەڕوو کە حکومەتی عیراق بە پێی دەستوور دەتوانێت دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ بکات.[2]
- لیژنەکەی #وەزارەتی ناوخۆ# بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گیان لەدەستدانی #سێوان قادر# و منداڵەکانی کارەکانی تەواو کرد و هەموو بەڵگەکانیشی ڕەوانەی دادگا کردووە. سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێت هەموو بەڵگەکان گەواهیدەرن بۆ تاوانبارکردنی تۆمەتبارەکە، داواش لە دادگا دەکات بڕیاری دادپەروەرانە لەسەر دۆسیەکە بدات.[1]
$رۆژئاوای کوردستان$
- سوپای داگیرکەری تورک لەسەر ڕێگای ئێم-4 لە نێوان ناوچەی عەین عیسا و چەلەبیە-دا دەستڕێژی گوللەی لە ئۆتۆمبێلێکی هاوڵاتیانی مەدەنی کرد. لە ئەنجامدا هاوڵاتییەکی بە ناوی ئەحمەد عەلی تەمەن 25 ساڵ خەڵکی گرێسپی، برینداربووە.[3](بڕوانە فایلی پەیوەندیدار)
$دەرەوەی کوردستان$
- ئەڵمانیا ئامادەکاری بۆ سەندنەوەی ڕەگەزنامەی وڵاتەکەی لە نزیکەی یەک ملیۆن هاووڵاتیی بە ڕەگەز تورک دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو تورکانە دووبارە ڕەگەزنامە تورکییەکەیان بە نهێنی و بەبێ پرسکردن بە دەسەڵاتدارانی پەیوەندیداری ئەڵمانیا بەدەست هێناوەتەوە و ڕەگەزنامەی ئەڵمانیشیان هەر لەلایان ماوەتەوە.[4]
کوردیپێدیا، ڕۆژانە (بێلایەنانە) مێژووی کوردستان تۆماردەکات... 大事年表