(8)ی مارس، بۆنەی جۆشدانەوەی خەباتی ژنانی ئازادیخوازو یەکسانیخوازی کوردستان و جیهانە، لەم ڕۆژەدا، پیرۆزبایی لە هەموو ژنان و کچانی ئازادیخوازی کوردستان دەکەین.
(8)ی مارس، ڕۆژی جۆشدانەوەی خەباتی ژنانە، بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان و چەسپاندنی یەکسانی جێندەری و ڕزگاربوون لەو نەریت و بیرکردنەوە کۆن و داسەپاوانەی، کە بوونەتە هۆی چەوساندنەوەی ژنان و بێبەشبوونیان لە مافە کۆمەڵایەتی ویاساییەکانیان و بەشداری کارای ژنانیان لە بوارە گرنگەکانی ژیان و کۆمەڵدا کۆت و بەند کردووە.
ژنانی کوردستان، بەشداری کاریگەریان لە خەباتی نیشتمانیی و نەتەوەیی کردووە بۆ ڕزگاربوون لەزوڵم و ستەمی داگیرکاران و ڕووبەربونەوەی مەترسیەکانی تیرۆر، بۆیە لەم ڕۆژەدا یادی (8) مارس تەنها وەک بۆنەی خەباتی یەکسانیخوازی ژنان ناکەینەوە، بەڵکو یادی ژنە شەهید و تێکۆشەرەکانیش دەکەینەوە، کە بوونەتە هێمای ئازایەتی ژنانی کوردستان و لەسەنگەری بەگژاچوونەوەی دوژمنانی ئازادی و مرۆڤایەتی و گەلەکەماندا و لە جینۆسایدی ئەنفال و کیماباران و جینۆسایدی ئێزیدیەکان و لە زیندانەکاندا سەربەرزانە گیانیان بەخشی. یادی ئەو ژنانەش دەکەنەوە بەهۆی توندوتیژییەوە بوونە قوربانی. هەروەها یادی ئەو ژنانەی لەکوردەواریدا ماییەی شانازین، یادی خۆڕاگری دایک و هاوسەر و کچی شەهیدان و ئەنفالکراوەکانیش دەکەینەوە و سەری ڕێز لە ئاستی سەری بەرزیاندا دادەنەوێنین.
لەدوای ڕاپەرین لە خەباتی مەدەنی و دیموکراسیشدا بۆ بەگژاچوونەوەی جیاکاری ڕەگەزی و توندوتیژی بەرامبەربە ژنان و گۆڕینی یاسا کۆنەکان بەیاسای هاوچەرخ، کە مافی ژنان دەستەبەر بکات، هەنگاوی گەورەیان ناوە. بەڵام هێشتا ڕێگای تێکۆشانی ژنانی کوردستان، بۆرزگاربوون لە توندوتیژی و جیاوازی جێندەری و بەجێهێنانی ئەرکە نیشتمانی و دیموکراسیەکان دوور و درێژە.
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، وەک هەمیشە پشتیوانی خەباتی ژنانەو بەکردەوەش چەندین دەستکەوتی بۆ ژنان بەدیهێناوە، بۆ ئێستا و داهاتوویش درێغی ناکات لە پشتیوانی کردنی خەباتی ژنان و ڕەخساندنی زەمیەی لەبارتر بۆ بەشداری کردنی کارای ژنان لە هەموو بوارەکاندا و چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و یاساییەکانیان و هێنانەپێشەوەی خوێنی نوێ و ووزەی نوێی کچانی ئازادیخواز.
پیرۆزبێت (8)ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان
سەرکەوێت خەباتی یەکسانیخوازانەی ژنانی کوردستان
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#08-03-2021#
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!