سپاس و قەدرزانیی
بە بۆنەی کۆچی دوایی ژنە شۆڕشگێڕ و سالارەکەی کورد، دایکی شەهیدان ڕەشید و سەعید یەزدانپەنا و دایکی ئێمەی خزمەتکاری خاکەڕای نیشتمان، شەپۆلێک لە هاوخەمیی و سەرەخۆشیی، لە ڕێگای پێوەندیی تەلەیفوونیی، سۆسیالمیدیا، پرسەنامە و سەردان و فاتێحا خوێنی، لە هەر چوارلای نیشتمان و لە دەرەوەی وڵاتەوە، لە خەڵکی ئاساییەوە هەتا بەرزترین ئاستە نەتەوەیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان، ڕووی تێکردین.
بۆیە لێرەوە، ڕێز و سپاس و پێزانینی خۆمان لە حاند هاوخەمیی یەکبەیەکی ئه و بەرێزانە ڕادەگەیەنین.
بە شێوەیەکی تایبەت بە پێویستی دەزانم سپاس و پێزانین پێشکەشی ڕێبەری نەتەوەیی کورد جەنابی سەرۆک بارزانی بکەم کە بە لوتفی خۆی، لە باری خەمەکەی سووک کردین. هەروەها سپاسێکی زۆر پێشکەشی جەنابی سەرۆکوەزیران بەرێز کاک مەسروور بارزانی بکەم کە سەرەڕای سەرقاڵیی بە قەیرانەکان و بەربەرەکانێ لە گەڵ پیلانگێڕیی دوژمنان، پەرژایە سەر خەمی ئێمه و پرسەی لێکردین.
گەلێک سپاسی ڕێبەرایەتی و تێکۆشەرانی حیزب و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم کە بە هاوخەمیی لە گەڵمان، گیانی تەبایی و برایەتییان هاندا.
سپاس و پێزانین پێشکەش ئەمیندار و سەرۆک و سکرتێر و سەرکرده سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی نیشتمانی داگیرکراومان، کە لەم کۆستەدا لە گەڵمان بوون.
زۆر سپاس بۆ پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان و وەزیرەبەڕێزەکان و جەنابی وەزیری پێشمەرگە و جێگری وەزیر و سپاسالاری #وەزارەتی پێشمەرگە# و فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەک و فەرماندەی یەکەی80 و فەرماندە و ئەندامانی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی و فەرماندەکان و پێشمەرگەکانی یەکەی70 و ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان و بەرپرس و ئەندامانی مەحوەرەکان و سەرجەم فەرماندە لەشکرییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە و سەرجەم کاربەدەستانی حیزبی و حکوومیی.
سپاس و پێزانین بۆ هاوخەمیی سەرۆک و مامۆستایانی زانکۆ، مامۆستایانی ئایینی، کەسایتییە کۆمەڵایەتییەکان، سەرۆک عەشیرەتەکان، دەرودراوسێکان، خاوەنکار و وەستا و کرێکاران، خوێندکاران و قوتابیان، ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران و هونەرمەندان.
سپاسی زۆر بۆ هاووڵاتیانی دڵسۆز و دۆستان و خزمان و ئاشنایانمان لە ڕۆژهەڵاتی داگیرکراو کە سەرەڕای قەدەغەی پێوەندیی، پرسەوهاوخەمییان پێگەیاندین و هەستی خۆیان دەبڕی.
سپاس بۆ بنەماڵەی شەهیدان و بنەماڵەی هەڤاڵانی پارتی ئازادیی کوردستان و سپای میللیی کوردستان لە ڕۆژهەڵات و باشوور و دەرەوەی وڵات کە وەک شەریکە خەم، دەرکەوتن.
سپاس بۆ فەرماندە و پێشمەرگەکانی سپای میللیی کوردستان و بەرپرسان و ئەندامانی پارتی ئازادیی کوردستان کە تەرمی دایەخانمی خۆیان بە سەر شان بەره و گۆڕستان گوێزایەوه و ئاسایشی ڕێوڕەسم و بۆنەکەیان دابین کرد و میوانداریی لە پرسەکەرانیان لە ئەستۆ گرت.
سپاس و قەدر زانیی بۆ هەڤاڵە دێرینەکانی برا شەهیدەکانمان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کە ئەمەگناسانە بۆ کۆچی دایەخانم، خەمیان هەڵگرت.
هەروەها سپاس بۆ کەسایەتیی و نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و دۆستانی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات کە ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگای پێوەندیی لە گەڵ نوێنەرایەتی پارتی ئازادیی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، هاوخەمی و پرسه و سەرەخۆشیان پێگەیاندین.
لە خوای گەورە داوکارین دایک و باوک و براکانی ئێمه و شەهید و مردووی هەموولایەک بخاتە بەر دلۆڤانی خۆی و، بە بەهەشتی بەرینیان شاد بکا.
حسین یەزدانپەنا
پێشمەرگەی ڕێگای ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان
28ی بەفرانباری2720ک
17ی ژانویەی 2021ز