چايەخانەی مام بایز
چایخانەیەکی گچکەی ڕێک، لەپێشەوەی هەندەک قەمیش چاندرابوو لۆ سێبەری، شەش حەفت تەختی دار لۆ دانیشتن کە حەسیری درێژی لەسەر ڕایەخرابوو و هەندەک تەبلە و سێکوچکەی دەستکردی لۆ دانانی چایەو، سەماوەرێکی ڕێک و ئەشیای چای لە لای چەپی دیواری دوکانەکە دانابوو.
بەرامبەری چایخانە لەو بەری جادەکەی باخچۆکەیەکی خڕی جوان چوار ڕێیانێک کە لەناوەراستیدا سەیوانی پۆلیسی هاتوچۆ دروست کرابوو.
یەک لەرێگاکەن دوو ڕیانە کە دەگاتە قوتابخانەی دواناوەندی هەولێر (ئەنجومەنی وەزیرانی ئێستا) و معسکەری هەولێر و لەوێ بەرەو موسل، ئەوی دیکە لۆ ناو شار و سێهەم لۆ لای منارەی چۆلی و چوارەم لۆ گەڕەکی تاهیرئاوا لەپشت سەیوانەکە پردەک هەبوو کە ئاوەرۆی تەیراوەی دەبردە دەرەوەی شار. دەڵێن یەکەم خالی پشکنینی موسافیران بۆ موسل لەسەر پردەکە بووە.
ئەوە پانۆرامایەکی چایخانەیەکی بەناو بانگ بوو، کە بە (چایخانەی بایز)
ناوزەد کرابوو و ناسرا بوو.
ناوی تەواوی مام بایز(بایز ئیسماعیل محمود عاشور نانەکەلی)یە، لەساڵی 1914 لەشاری هەولێر لەدایک بووە، لەتەمەنی 18 ساڵیەوە شاگردە چایچی بووە، تا چایخانەیەکی لەحەسیر، لەلای سینەمای سلاحەلدین دروست کردوە وپاشان چایخانەکەی گواستیتەوە بۆ شوینی تازەی، کە باسمان کرد و ماوەی(35) ساڵ لەو چایخانەیە ژیانی بەسەر بردووە.دەڵێن مام بایز لەشاری هەولێر باشترین چایچی زەمانی خۆی بوو، بەتایبەتی لە فەرمانرەوایی بریتانی کە ئینگلیز لەهەولێر بوون.
جگە لەچایخانە، ژمارەیەکی مام ناوەندی لە شوفێر و نەفەری ڕێگای مووسل لەوێ کۆدەبوونەوە ودەچوونە مووسل.نرخی گواستنەوەی نەفەر لەوێوە بۆ مووسل و بەپێچەوانە، یەک درهەم هەرزانتر بوو.
چای مام بایزی شیرین بوو، بۆیە ئەوانەی لەلادێکان دەهاتنە شار، لەلای مام بایز چای شیرینیان دەخوارد.
یەک لەشاگردەکانی مام بایز ناوی مام ئەحمەد بوو کە 20 ساڵ لەوێ کاری کرد و شاگردی دووەمیش ناوی مام ئەحمەد بوو، پاشان فەیسەل و عەدنان بوونە شاگردی.
کە بەیانیان دادەنیشتن و سەیری دیمەنی چۆلاتی بەرامبەریان دەکرد و نانی بەیانیان دەخوارد کە، بریتی بوو لە هێلکەی خۆمانی و ماستی مەری وجار وبار سەرتوو و چای دێم خواردوو کە تۆ چاکەی (ئەبوو کەعب)و(ئەبوو کتلی)و (ئەبوو جەمەل)بوو، خەلک هەموو خەم و مەینەتەکانی خۆیان لەبیر دەکرد، بەتایبەتی بە قسە خۆشەکانی مام بایز کە، بەردی بەپێکەنین دەهینا.