نامەی باقرۆڤ و ماسلنیکۆڤ بۆ ستالین سەبارەت بە دیداری پێشەوا #قازیی محەمەد# وکاربەدەستێکی کۆنسولخانەی ئەمریکا #تەورێز#
بۆ هاوڕێ ستالین
قازیی محەمەد ڕێبەری کوردستانی ئێران لە 25-ی ئاوریلی 1946 لە تەوریز دیدار و گفتگۆی هەبووە لەگەڵ مەئمووری کاتی کۆنسولخانەی ئەمریکا پۆختەی قسەکانیانتان بۆ دەنێرین:
کۆنسوول: لە ورمێ شارومەندانی ئەمریکایی ئێمە دەژین، بێتو هەر شەڕ و ڕاپەڕینێک لە ورمێ ڕووبدا من تکاتان لێ دەکەم بۆ پاراستنی گیانی ئەوان.
قازیی محەمەد: هیچ جۆرە هەڕەشە و مەترسییەک بۆ سەر ورمێ و شارومەندانی ئەمریکایی لە گۆڕێ دا نییە. لە ورمێ ئازەربایجانییەکان، ئاسووڕییەکان، ئەرمەنییەکان و کوردەکان وەک خێزانێکی یەکگرتوو بەیەکەوە دەژین و هیچ خیلافێکیان لە نێواندا نییە. ئەمن بەڵێنیتان پێ دەدەم کە هیچکەس ناتوانێ چەتێک و خیلافێک لە نێو ئێمە دا ساز کا و ئێمە ئیزن نادەین کەسێک سەدەمە بە دۆستایەتیمان بگەیێنێ.
کۆنسوول: بەر لە شەر سەبارەت بەو گیروگرفتانەی دەهاتنە گۆڕێ نوێنەرانی خۆیان دەناردە ئەمریکا ئەمە چ بووە کە ئێستا نوێنەرانی کورد ڕوو لە ئەمریکا ناکەن؟
قازیی محەمەد: ئێمە نوێنەرانی کوردستانی ئێران تەنیا سەروکارمان لەگەڵ کوردەکانی خۆمانە و کارمان بە کوردانی تورکیا، عێڕاق و کوردەکانی دیکە نییە. ئەگەر ئێوە وەکوو نوینەری ئەیالەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بتانەوێ نوێنەری ئێمە بێن ئێمە ئەم بانگهێشتنە قەبووڵ دەکەین وبە گیان و دڵ نۆینەرانی خۆمان دەنێرین بۆ ئەمریکا،
کۆنسوول: ئێوە هەڵبەت دەتوانن نوێنەرانی خۆتان بنێرن بۆ ئەمریکا بەڵام نەک بۆ کاروباری تایبەتی، لەبەر ئەوەی کە کوردستان دەوڵەت نییە. قەواموسەلتەنە هێندێک نوێنەری ناردووە بۆ ئازەربایجان ئایا حکوومەتی تاران بۆ دیدار لەگەڵ کوردەکانیش نوێنەری ناردووە؟
قازیی محەمەد: ئێمە چاوەڕوانی ناردنی هێچ نوێنەرێک لە تارانەوە ناکەین هەڵبەت حەوجێشمان بەوە نییە. ئازەربایجانییەکان و کوردەکان یەک گەلن و یەک بنەماڵەن و ئازەربایجانییەکان دەتوانن لەگەڵ ئەو نوێنەرانەی کە لە تارانەوە هاتوون ئەگەر بە مەسەڵەحەت بزانن لە مەڕ کاروباری ئێمەش قسە بکەن.
کۆنسوول: بیروڕاتان لە مەڕ کارو بار و گفتوگۆکانی نێوان ئازەربایجانییەکان و نوێنەرانی تاران چییە؟
قازیی محەمەد: ئەمن دڵنیام کە ئەم گفتوگۆیانە بەر وبووی باشی دەبێ چونکە گەلانی ئازەربایجان و کوردستان شتێکی زۆریان لە حکوومەتی ئێران ناوێ و نایانەوێ لە ئێران جیاببنەوە. ئێمەش وەکوو گەلەکانی دیکەی ئێران لە ڕێژیمی ئێستا ڕازی نین و ئەگەر قەوام بە پێی ئەو قسانەی کە دەیکا ببزوێتەوە و ئەگەر بە ڕاستی ئینسانێکی دێمۆکڕاتیک بێ ئەو دەمی وڵامی ئەرێنی دەداتەوە بە داوخوازە قانوونییەکانی ئازەربایجان.
کۆنسوول: ئەمن هیچ ئیعتراز ناکەم ئێوە سواری ماشێنێکی جیپ بن کە لە ئەمریکا ساز کراوە بەڵام کوردان سەرەتی دەدەن بە کامەیان ماشێنی ئێمە یان سواری ئەسپ
قازیی محەمەد: ئەوەی کە کوردەکان سەرەتی دەدەن بە کامیان بە تەواوی ڕوونە ئەمریکا لە ڕووی تێکنیکییەوە وڵاتێکی پێشکەوتووە بەڵام ئێوە هەتا ئێستا تەنانەت ماشنێکیشتان بە ئێمە نەبخشیوە ئێوە لە پێشدا ماشێنەکەمان بدەنێ جا دوایە پرسیار بکەن.
کۆنسوول: ئەمن پێم وایە ئێوە ئەو ماشێنانەتان لە ئەڕتەشی ئێمە کە ئێرانیان بەجێهێشتووە کڕیوە.
قازیی محەمەد: ماشێنەکانمان لە تاران بە پارە کڕیوە. ئێمە دەزانین کە ئەمریکا وڵاتێکی دێمۆکڕاتیکە خۆتان لایەنگری دێمۆکڕاسی و بەرژەوەندی گەلانی پچووکن ئینگلیستانیش خۆی بە وڵاتێکی دێمۆکڕاتیک دەزانێ بەڵام بۆ ئێمەی کورد ڕوون نییە کە بۆچی ئینگلیسییەکان لە قسەکانیاندا کە لە ڕادیۆی لەندەنەوە بڵاو دەبنەوە بوونی ئێمە بە هەڕەشەیەک دادەنێن بۆ سەر ئاشتی و داوخوازیان ئەوەیە داودەسگاکانی ئێمە نابوود بکرێن ئێمە قەت ناتوانین قسەی ئاوا لە زمان وڵاتێکەوە کە بەخۆی دەڵێ دێمۆکڕات دەرک بکەین ڕەنگە ئێوە بتوانن ئەو مەسەلەیە بۆ ئێمە ڕوون کەنەوە.
کۆنسوول: ئێمەئ ئەمریکایی ناتوانین ئەوەی لە ڕادیۆی وڵاتە بێگانەکانەوە بڵاو دەبنەوە شیکەینەوە لەوەش دەرچێ، ئێمە ناتوانین دەست لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکانی دیکە وەر دەین.
قازیی محەمەد: ئێمەی کورد هەست ناکەین کە وڵاتانی گەورەی وەک ئەمریکا، ڕووسیا و ئینگلستان لە ئێمە نزیک بن ئێمە تکاتان لێ دەکەین یارمەتیمان بدەن تا وەکوو خەڵکی ئەمریکا ئازاد بین و ژیانێکی دێمۆکڕاتیکمان هەبێ ئێمەش دەمانەوێ وەکوو خەڵکی ئەمریکا بێ یەخسیریی بژین. ئێمەش دەمانەوێ گەلی کورد بەرەو پێشکەوتن بەرین لە دواکەوتوویی ڕزگاری بێ و وەک وڵاتە پێشکەوتووەکان بین.
کۆنسوول: جێی داخە کە ئێمەی ئەمریکایی هیچ زانیارییەکمان لە وەزعییەتی کوردەکان و ژیانیان نییە ئەگەر ئعترازێکتان نەبێ ئێمە لە دوای گەڕانەوەی کۆنسوول لە تاران لە ماوەی سێ حەوتوو دا بێینە دیدارتان.
قازیی محەمەد: ئێمە هاتنی هیجکەس بۆ کوردستان پاوان ناکەین ئەگەر ئێوە دەتانەوێ بێنە ئەوێ فەرموون تەشریف بێنن.
م.ج. باقرۆڤ ی.ی. ماسلنیکۆڤ
27-ی ئاوریلی 1946/ 3-ی بانەمەڕی 1325
تێبینی: لە هاوینی 1400-ی زایینی لە ئێران کتێبێک بە ناوی انکار ومقاومت سەبارەت بە دوو بزووتنەوەی کوردستان و ئازەربایجان بە قەڵەمی عەلی مرادی مەراغەیی بڵاو بووەتەوە. لە پاشکۆی ئەم کتێبە دا نووسەر 53 سەنەدی هێناوە کە وەکوو سەنەدی ئەو پەڕ نهێنی ئیتحادی جەماهیری شووڕەوی ناوزەدی کردوون. بە پێی قسەی نووسەر ئەو بەڵگانە بە زمانی ماکی ڕووسی و وەرگێڕدراوی ئینگلیسی لەبەر دەستن. ئێمە بە دڵنیاییەوە نازانین وەرگێڕدراوە فارسییەکان تاچ ڕادەیەک بە دەقی ماک وەفادارن. بەڵگەەی ژمارە 42 لەو کتێبەدا سەبارەت بە دیداری پێشەوا قازیی محەمەدە لەگەڵ کاربەدەستێکی کۆنسولخانەی ئەمریکا لە تەورێزە. کە لە سەرەوە خوێندتانەوە. نووسەر ئەم شیکردنەوەیەی سەبارەت بەو بەڵگەیە نووسیوە و دیارە لە نووسینی ڕۆژی تاریخی هەتاویدا هەڵەی کردووە، ڕۆژەکە دەبێ 7-ی بانەمەڕ بێ:
سەنەدی 42شیکردنەوەی وەرگێڕ: لە چوارەمی ئاوریلی 1946 لە نێوان سەفیری سۆڤیەت و دەوڵەتی قەوام سەبارەت بە نەوت قەراردادێک ئیمزا کرا کە بریار وا بوو ئەو قەراردادە لە لایەن مەجلیسی ئێرانەوە بەلانی کەمەوە لە ماوەی حەوت مانگ دا پەسند بکرێ. لە دوای وەدەرکەوتنی هێزەکانی سۆڤیەت لە ئێران قازیی محەمەد ڕێبەری کوردەکان لەگەڵ مەئمووری کۆنسولخانەی ئەمریکا لە تەورێز وتوێژی کرد کە ناوەرۆکی ئەم وتوێژە لەلایەن جاسووسە ڕووسەکان لە ئێران کەشف کراوە و میر جەعفەر باقرۆڤ و ماسلنیکڤ دەقی ئەم گفتوگۆیەیان بۆ ستالین ناردووە:
F No 1,siy.No 89,IG No 112
حەسەن قازی
نۆامبری 2021
سەرچاوە: وێبنووسی ڕوانگە
[1]