بیانبەن بۆ بەهەشت
مامۆستا عەبدولخالق عەلائەدین لە مێژووی بەسەرهاتی(مەلا محەمەد)ی کۆیە نووسیوویەتی، ئەڵێ: جارێک کوێخا حەوێز لە کۆیە ئەچێتە خزمەت جەنابی مەلا لەو کاتەیا مەلا خەریکی خوێندنی(قورئان) ئەبێ ئایاتی(و عملوا الصالحات)ی دێتە سەر زمان کوێخا حەوێز ئەڵێ: قوربان ئەو(عملوا الصالحات)ە ئیشەکەی تێکداوە من ڕۆژی قیامەت هەر ئەوەندە ئومێدەم هەیە کە خوا بڵێ بیان بەن بۆ بەهەشت لەوانەم چاکتر دەست ناکەوێ، هەر لەو نامیلکەیە ئەڵێ: مەلا قسەکانی کوێخا حەوێزی زۆر پێخۆش بوو هەروەها وتویەتی: بریا قسەکانی کوێخا حەوێز هەمووی بنوسرایەوە، ئەم قسەیە لە مامۆستا عەبدولخالق ئەویش لە مامۆستا(مەجید نورەدین)ی بیستووە، کوێخا حەوێز لە پاش نوێژەکان نوزاو دوعای ئەکرد بەتایبەتی لە ساڵەکانی دووایی ژیانیا ئەی ووت: عەقلم لێ وەربگریتەوە، خوایە کەرم بکەی، عەبد جاسم جارێک وەڵامی دەداتەوە و ئەڵێ: مام کوێخا لەبەرچی ئه و دوعایە ئەکەی ئەویش ئەڵێ: چونکە سەیرئەکەم ئاسمان و حکومەت ڕێک کەوتوون یارمەتی پیاوی کەر بدەن، کوندە دۆشاوێکی دێی(کونەفلوسە) ئەبینی سەد مێشی لێ ئەنیشێ باخاوەنەکەشی کەم عاقڵ بێ.
سەرچاوە: #خەم ڕەوێن، بە سەرهات و قسە خۆشەکانی کوێخا حەوێز شاخەپیسکەیی#، نوسینی: مراد شاخە پیسکەیی، هەولێر، چاپخانەی شارەوانی هەولێر، ساڵی 1976ز، لاپەڕە(62)[1]