دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکە:
ئێمە دەچینە مانگی ڕەمەزانەوە، کە دەببێتە هۆی کارکردن بە چاکە و خێرە گەورەکانی باوەڕی ئیسلام. هیوادارین مانگی ڕەمەزان ئارامی و سەقامگیری بۆ جیهانی ئیسلامی لەگەڵ بهێنێت.
حکومەتەکەی ئەردۆغان بەردەوامە لەهێرشکردنە سەر گەلی کورد و بەهاکانی، بە بەکارهێنانی ئیسلام لە سیاسەتەکانی دا نکۆڵی لەڕاستیی گەلەکەمان دەکات، بۆ ئەوەی گەلی کورد بکاتە دەرەوەی مێژوو هەموو ڕێگەیەک تاقیدەکاتەوە و شەڕ قوڵتر دەکاتەوە.
ئێمە دەزانین سەنتێزی تورک - ئیسلامی سەیداکانی کوردەکان و موسڵمانانی کورد، کە دەیانەوێت بە زمانی خۆیان عیبادەت و پەرەستن بکەن، بە دوژمنیان دەزانێت. ئاکەپە و مەهەپە دوژمنایەتیی دوعا و نزا و پاڕانەوە بە زمانی کوردی دەکەن. لەبەرامبەر ئەمەشدا دەبێت خەباتێکی ڕێکخستنکراو و هاوبەش و بە کۆمەڵ لەسەر هێڵی ئیسلامی دیموکراتیک بەڕێوەبچێت. گەلی کورد لەو ڕۆژەوەی ئیسلامیان ناسیوە و تاوەکو ئیستا برایەتیی ئومەتی بۆ خۆی کردووەتە بنەما. لەگەڵ گەل و باوەڕەکانی تر دا دۆستانە و هاوڕێیانە ژیاوە. گەلی کورد لە چل ساڵی ڕابردوودا بۆ بەردەوامبوونی ئەو کولتورە تێدەکۆشێت.
بەبۆنەی مانگی ڕەمەزانەوە داوای هەڵوێستوەرگرتن لە دژی فیرعەون و نەمرودی ئێستا ئەردۆغان و هاوشێوەکانی دەکەین. دەبێت لە مانگی ڕەمەزاندا سەیداکانی کورد لەسەر پرسە جۆراوجۆرەکان دانایی و ڕەوشت و ئەخلاق بە گەل بدەن. ئێمە داوای تێکۆشانێکی فکری لە دژی ئەو کەسانە دەکەین، کە هێرش دەکەنە سەر بەها ئەخلاقیەکانمان.
دەمانەوێت ئەوە بیر بخەینەوە، ئەو فیترە و زەکاتە، کە خەڵک دەیداتە دامودەزگا داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورک، بە پێی ئیسلام خێر نییە، چونکە ئەم فیترە و زەکاتە وەک گاز و کوتەک و بۆمبی قەتڵوعام لە دژی گەلەکەمان بەکاری دەهێنن.
نابێت گەلەکەمان لە باکوور بچێنە مزگەوتەکانی سەر بە دەزگای ئایینی و دیانەتی تورک. لەو مزگەوتانەدا لە دژی گەلی کورد درۆ و چەواشەکاری بڵاودەکرێنەوە، نکۆڵی لە گەلی کورد دەکرێت و گەندەڵی و فەسادییان تیادایە و داوای کوشتارکردن و کۆمەڵکوژکردنیان تیادا بڵاودەکرێتەوە.
بەو هەستانەوە هیوادارین ڕەمەزان ببێتە هۆکارێکی خێر و چاکە بۆ هەموو موسڵمانانی کورد و دێموکرات و هیوادارین دوعا و نیاز و ڕۆژووی ئێوە قبوڵ بێت.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!