قاوە گرەوەکە
دەق: نزار قەبانی
وەرگێڕانی: #ڕۆزا حەمە ساڵح#
دانیشت و
ترس لە چاوانیدا بوو
لە فنجانە سەرەو ژێرەکەم ڕاما
خانمەکە وتی:
خەم مەخۆ، کوڕی خۆم
خۆشەویستیی لە چارەت نووسراوە
کەسێ لەسەر ئاینی خۆشەویستەکەی بمرێ،
شەهیدە..
زۆرم فاڵ گرتۆتەوە
زۆرم لە جووڵەی ئەستێران سەرنج داوە
بەڵام هەرگیز فنجانێکم لە شێوەی فنجانەکەی تۆ
نەخوێندۆتەوە..
هەرگیز خەمێکم لە شێوەی خەمت نەبینیوە..
قەدەرتە
هەتا هەتایە، بێ گیرسانەوە
دەریای ئەوین تەی بکەی
بە درێژایی تەمەنت
ژیانت کتێبی فرمێسک بێ
خەمبار بی وەک شۆڕەبی
تەنیا بی وەک سەدەف
قەدەرتە
لەنێوان ئاو و ئاگردا زیندان بی
سەرباری هەموو سوتان و پێشینەکانی
سەرباری ئەو خەمەی شەو و ڕۆژ
لە ناخمانا نیشتەجێیە
سەرباری با و بۆران و گەردەلوول
ئەوین، هەر جوانترین قەدەرە
فنجانەکەت
دونیایەکی پڕ مەترسییە
ژیانت سەفەر و جەنگە..
ئەویندار دەبی، کوڕی خۆم
زۆر زۆریش دەمریت، کوڕی خۆم
عاشقی هەموو ژنانی سەر زەمین دەبی
وەلێ وەک پادشایەکی شکستخواردوو دەگەڕێیتەوە
لە ژیانتا ژنێک هەیە، کوڕی خۆم
چاوەکانی، ماشەڵڵایان لێ بێ
دەمی وەک هێشوو نەخشینراوە
پێکەنینەکەی ئاواز و گوڵزارە
پرچی قەرەجیانەی شێتی
هەموو دونیا تەی دەکا
لەوانەیە تەنیا ژنێک کە دڵت دەیخوازێ
ئەو ببێتە دونیا
بەڵام ئاسمانت باراناوییە و
ڕێگاکەت داخراوە.. داخراو..
کوڕی خۆم
خۆشەویستی دڵەکەت
لە کۆشکێکی چاودێریکراودا
خەوتووە
ئەوەی بچێتە ژوورەکەی.. ئەوەی داوای بکات
ئەوەی لە پەرژینی باخچەکەی نزیک بێتەوە..
ئەوەی بییەوێت کەزییەکانی بکاتەوە
کوڕی خۆم، ون دەبێ، ون
لە هەموو جێیەک بە دوایدا دەگەڕێیت
لە شەپۆلی دەریا،
لە فەیروزی کەنارەکان، دەپرسیت
دەریا لەدوای دەریا تەی دەکەیت
فرمێسکت، ڕووبار ئاسا سەردەکات
خەمت باڵا دەکات تا دەبێتە درەخت
رۆژێک، کوڕی خۆم
شکستخواردوو، دەروون شکاو دەگەڕێیتەوە
پاش گەڕیانی تەمەنت، ئەوسا دەزانیت
تۆ بە دوی تەڵی دوکەڵێ کەوتبووی
خۆشەویستەکەی دڵت
نە خاک، نە نیشتمان، نە ناونیشانی هەیە
چەند سەختە کوڕی خۆم
ژنێکت خۆش بوێ، ناونیشانی نەبێ.[1]