قەسیدەی (نامەکانی خۆشەویستی)
نزار قەبانی
وەرگێڕانی: #ڕۆزا حەمە ساڵح#
نامەکەت لەنێو
سندوقی پۆستەکەمدا
گوڵی یاسمین و
کۆترێکی ماڵییە..
چاوەڕوانمە
تا لە لەپی دەستما بنوێ..
سوپاس بۆ تۆ
ئەی بەخشندە..
سوپاس بۆ مەوسیمی یاسمین.
لێم دەپرسی:
چیم کردووە لە دووریت؟
هەرگیز دوور نەبوویت و
گەشتت نەکردووە.
تۆ و جانتاکانت
هەر لەسەر شۆستەی هزرم
دانیشتوون.
پاسپۆرتەکەت هەر بە خۆمە و
بلیتی فڕۆکەکەت لە گیرفانمە..
تۆ ڕێگە پێدراو نیت سەفەر بکەیت
تەنها لەنێو سنوری هەرێمی دڵم نەبێ..
تۆ ڕێگە پێدراو نیت سەفەر بکەیت
لە دەرەوی نەخشەی سۆزم و
گرنگیپێدانم پێت نەبێ..
تۆ مناڵێکی کە نازانێ
بە تەنیا سەفەر بکا..
بە تەنیا لەسەر شۆستەی
شارەکانی خۆشەویستیی ڕێبکا..
بە تەنیا لە هوتێلی
خەونەکان دابەزێ..
سەفەر دەکەیت لەگەڵم
یا سەفەر ناکەیت..
نانی بەیانیم لەگەڵ دەخۆیت و
لە شەقامە قەرەباڵخەکاندا
دەتخەمە کۆڵم
یا بە برسیەتی و
ونبوونی دەمێنێیتەوە..
نامەکەت لە نێو سندوقی پۆستەکەمدا
دوورگەیەکە لە یاقووت..
پرسیاری بەیروتم لێ دەکەیت..
شەقامەکانی بەیروت و
گۆڕەپانەکانی و
قاوەخانەکانی و
چێشتخانەکان و
شوێنە خۆشەکانی و کەشتییەکانی..
هەمووی
دەڕژێنە چاوەکانت و
ئەو ڕۆژەی
چاوەکانت دادەخەیت،
بەیروت لەبەر چاواندا وندەبێت.
پێشتر پێموا نەبوو..
کە ژنێ بتوانێ شارێ بنیادبنێ
کە ژنێ بتوانێ شارێ دابهێنێ
کە ژنێ بتوانێ خۆر و دەریا و
شارستانییەت بە شارێ ببەخشێ
من بۆچی لە بارەی
شار و وڵاتان دەدوێم؟
تۆ نیشتمانمی..
رووخسارت نیشتمانمە..
دەنگت نیشتمانمە..
ناو لەپی دەستی بچووکت نیشتمانمە و
لەو نیشتمانە لە دایکبووم و
دەشمەوێ هەر لەو نیشتمانەدا بمرم.
نامەکەت لەنێو
سندوقی پۆستەکەمدا
خۆرێکی ئەفریقییە..
خۆشمدەوێیت
دڕندانە خۆشمدەوێت..
تا ئاستی ئاگر و بوومەلەرزە،
خۆشمدەوێیت..
تا ئاستی _تا_ و شێتیی،
خۆشمدەوێیت..
جارێکیتر سەفەر مەکە..
لەوەتەی ڕۆیشتووی
خوداوەند توڕەیە،
بە کوڵ دەگری و
مانی لە خواردن گرتووە..
نامەکەت لەنێو سندوقی پۆستەکەمدا
کەڵەشێرێکی سەربڕاوە..
سەری خۆیی و
سەری منیشی بڕیوە..
ئەمەوێ خۆشەویستییم بۆت
لە ئاستی سەربڕینا بێت
خۆشەویستیم بۆت
لە ئاستی خوێنبەربوون و
لە ئاستی شەهید بوونا بێت..
پێمخۆشە هەمیشە لەگەڵتا
لەسەر نووکی شمشێر ڕێبکەم.
دە هەزار ساڵ لەگەڵتا گلۆر ببمەوە،
بەر لە وەی پێکەوە
بەر ڕوی زەوی بکەوین.
رێنماییەکانی _ماو_ و
هەموو کتێبە ڕۆشنبیرییەکانی
شۆڕش دەخوێنیتەوە..
لە ڕێپێوانە درێژەکانا ڕێدەکەیت..
لافیتە بۆ ئازادیی هەڵدەکەیت..
دەخوازی خوێندکاران
جیهان بەڕێوەببەن و
دیوارەکانی جیهانی کۆن بڕووخێنن.
بەڵام کاتێ خۆشەویستیی
وەک وەحشێکی کەڵبە شین شاڵاوت بۆ دێنێ..
تۆ لە بەرامبەری وەک مشکێکی ترسنۆک هەڵدەلەرزی..
وێنەی _ماو_ فڕێ دەدەیتە سەر زەوی و
لە گەڵیدا هەموو لافیتەکانی
ئازادیش فڕێ دەدەیت،
کە خۆت و هاوڕێکانت
هەڵتانکردبوو..
بە گریانەوە پەنا بۆ باوەشی
نەنکت دەبەیت و
هەر لەسەر نەریتی ئەویش
هاوسەرگیری دەکەیت.
هەست دەکەم ئەمرۆ
پێویستم بەوەیە ناوت بهێنم..
هەست دەکەم ئەمرۆ
وەک چۆن منداڵێ
هۆگری پارچەیێ شیرینی دەبێ
ئاوا هۆگری پییتەکانی ناوتبم..
دەمێکە ناوتم لە دەسپێکی
نامەکانا نەنوسیووە..
دەمێکە ناوتم لە دەسپێکی
کاغەزدا وەک خۆر نەڕواندووە و
پێی گەرم نەبوومەتەوە..
ئەمڕۆ کە سەرماوەرزە هێرشم بۆ دێنێ و
گەمارۆی پەنجەرەکانم ئەدا،
پێویستم بەوەیە ناوت بهێنم..
پێویستم بەوەیە ئاگرێکی بچووک داگیرسێنم..
پێویستم بە داپۆشەرێک و پاڵتۆیەک و تۆیە
ئەی داپۆشەری چنراوم
لە گوڵی پرتەقاڵ و
ڕەگی هەزبێلەی شاخیی..
چیتر ناتوانم
ناوت لە گەرومدا
دەسبەسەر بکەم.
چیتر ناتوانم
ماوەیەکی درێژتر
لە ناخمدا زیندانیت بکەم.
گوڵ چی لە عەترەکەی دەکا؟
گێڵگە گوڵەگەنمەکانی
بۆ کوێ دەبا؟
فتیلەی چرا
چی بە ڕۆنەکەیی و
تاووس چی بە کلکی دەکا؟
بۆ کوێت بەرم؟
لە کوێ بتشارمەوە؟
خەڵکی لە جووڵەکانی دەستم
لە لەرەکانی دەنگم
لە ڕیتمی هەنگاوەکانم دەتبینن..
خەڵکی وەک دڵۆپێ باران
لە سەر پاڵتۆکەم دەتبینن..
وەک قۆپچەی زێڕین لە سەر
کراسەکەم
وەک کتێبێکی پیرۆزی هەڵواسڕاو
بە سویچی ئۆتۆمبیلەکەم
وەک برینێکی لەبیرکراو لە لێواری دەمم.
ئێستا دوای ئەم هەموو شتانە
هەست دەکەی کە تۆ کەسێکی
نەناسراو و نەبینراویت؟
لە بۆنی جلەکانمەوە دەزانن
تۆ خۆشەویستی منیت..
بە بۆنی پێستمەوە دەزانن
تۆ لە گەڵ من بوویت..
بە سڕبوونی باسکەکانمەوە دەزانن
تۆ لە سەریاندا نوستبوویت..
لەمڕۆ بە دواوە چیتر ناتوانم بتشارمەوە..
خەڵکی لە جوانی دەستەخەتم دەزانن
بۆ تۆ دەنووسم..
لە خۆشیی هەڵەکانمەوەیە دەزانن
بەرەو ژوانی تۆ دێم..
لە چڕیی گیای سەر دەممەوە دەزانن
کە ماچم کردووی..
چیتر ناتوانین
چیتر ناتوانین.. لەم ساتەوە،
بەردەوامبین لە پۆشینی جلوبەرگی نەخواستراو.
ئەو ڕێگایانەی کە بەسەریاندا ڕۆیشتین
چیتر ناتوانن بێدەنگبنن..
چۆلەکە تەڕەکانی سەر شانمان
هەواڵ دەگەیننە چۆلەکەکانی تر..
ئیتر چۆن دەتەوێ هەواڵەکانمان
لە یادگەی چۆلەکەکاندا بسڕمەوە ؟
چۆن دەتوانم باوەڕ بە چۆلەکەکان بهێنم،
کە بیرەوەرییەکانیان بڵاونەکەنەوە؟
ئەمە نامەیەکی نائاساییە
لەبارەی ڕۆژێکی نائاسایی..
زۆر کەمن لە ژیانی مرۆڤدا
رۆژانی نائاسایی.
ئەو ڕۆژانەی لە قەفەزی
مرۆڤبوونەوە دەربچێ
تا ببێتە چۆلەکە.
لەوانەیە
رۆژێ
یا نیو ڕۆژ
لە هەموو ژیانی مرۆڤدا
لە ڕێڕەوێکی تەنگەبەردا دەربچێ،
تا ئازادیەکانی جێبەجێ بکا،
تا ئەوە بڵێ کە خۆی دەیەوێ..
تا دەستەکانی ئاوا بجوڵێنێ کە خۆی دەیەوێ..
خۆی کێی خۆشبوێ و
لە چ کاتێ دەیەوێ..
گەر هاتوو من لە بارەی ئەو ڕۆژە
نائاساییە بۆت بنووسم،
کەواتا هەست دەکەم
لەم ڕۆژەدا لە چەسپ و کەتیرەم
ئازاد بووم..
لە سندوقی دووڕویی کۆمەڵایەتی و
ئەشکەوتی مێژوو
هاتوومەتە دەرەوە،
تا وەک چۆلەکەیەکی پەرێشان
لە بیاباندا ئازادیەکانم جێبەجێ بکەم.
دەریا کتێبێکی بەرگ شینە..
کتێبکی لاپەڕە شینە..
تۆیش بە جلی مەلەوە
لە ژێر خۆردا دەخوێنیتەوە..
مێروە بچووکەکان بەسەر جەستەی
شلێرئاسات بۆ خواردنەوەی
رووناکیی گلۆردەبنەوە..
پشتت ڕووتە و پێیەکانت
بە ئازادیی و منداڵانە
لەسەر گیای ڕوواوی
بەردەرگای ماڵی دەریاییمان
یاریی دەکەن..
دواجار
دەرگایەکمان هەیە و
کلیل و ماڵێکی دەریایی
تا پەنای بۆ ببەین.
لەوانەیە لەوە تێنەگەیت
مانای چییە
کاتێک مرۆڤ ماڵ و کلیل و
ژنێکی هەبێ کە خۆشیبوێت..
لەوانەیە لەوەتێنەگەیت
من خوێندکارێکی ڕاکردووم
لە هەموو قوتابخانەکانی
خۆشەویستی و مامۆستاکانی..
ڕاکردووم لە جێ بەجێکردنی
خۆشەویستیی سەپێنراو و
بیرکردنێکی سەپێنرا و
سێکسی سەپێنراو..
ئەوە بۆ ماوەی بیست ساڵە
یەکەم جارمە
لەگەڵتا دەچمە
نێو ماڵی دەریاییمان و
هەست بە سەقف و
دیوارەکانی ناکەم..
یەکەم جارمە ڕوخسارم
لە سینەی ژنێکدا دەنێژم
کە خۆشمدەوێ و
خۆزگە دەخوازم کە خەبەرم نەبێتەوە..
یەکەم جارمە گفتوگۆیەکی درێژ
لەگەڵ جەستەی ژنێک دەکەم
کە خۆشمدەوێ و
بیر لە مۆڵەتیش ناکەمەوە..
چەندین چاخە، یەکەم جارمە
بیر لە نوێکردنەوەی نیشتەجێبوونم
لەگەڵ تۆدا دەکەمەوە..
کاتێ پیاوێک بیر لە نوێکردنەوەی
نیشتەجێبوون لەگەڵ ژنێک دەکاتەوە..
ئەوە واتای ئەوەیە چۆتە
ناو قۆناغی شیعر
یان قۆناغی هیستریاوە.[1]