وێستگە
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
دەیان ساڵە لە وێستگەیەک کە دەڵێن وێستگەی ئۆتوبووسە، ڕاوەستاوم بە تەمای هاتنی ئەو پاسەی وا من دەگەیەنێتە ئەو شارەی وا بەڵێنە بچم.
ڕاوەستاوم. من کە نازانم ناوی پاسەکە چییە، بە هاتنی هەر ئۆتوبووسێک دەست هەڵدەبڕم و داوای لێدەکەم سوارم بکەن. هەندێکیان لە وێستگەکە ڕاناوەستن لەبەر ئەوەی وێستگەی ئەوان نیە. هەندێکی تریان ڕادەوەستن و من بە پەلە ڕادەکەم و دەچمە سەرەوە. شۆفیرەکە دەڵێ بۆ کوێ، من وەک هەمیشە دەستی ڕاستم دەکەم بە مشت و لە کاتێکا تەنیا پەنجەی بیلاخم وەک مار سەری دەرهێناوە و بەرەو پێشەوە ئاماژەی پێدەکەم، دەڵێم دەچم، ... دەچم، ... دەچم بۆ...؛ بەڵام بۆم نایەت. یەعنی نازانم ئەو شارەی بۆی دەچم ناوی چییە. شۆفیرەکە لە دووای ئەوەی کەمێک ڕادەوەستێ و لە دەم و پلم ڕادەمێنێ، دەڵێ کاکە ناچێ بۆ ئەو شوێنە تکایە دابەزە!
منیش وەک هەمیشە دادەبەزم و، بە تەمای پاسێکی تر دەچمەوە قەراخ جادەکە.
نازانم بۆ نایەتەوە بیرم دەمەویست بۆ کوێ بچم. دیارە دەمزانی و ئیستایش دەزانم، بەڵام هەرچی دەکەم ناوەکەی نایەتەوە سەر زمانم. هەرچی وشەی دونیایە لەبەر خۆمەوە وتومەتەوە، هەرچی ناوی شاری دونیایە یەک بە یەک ناویانم هێناوەتەوە، کەچی ناچمەوە سەر ئەوەی خۆم. بگرە جاری وایە لە خەڵکیشم پرسیوە، دەڵێم داخۆ نازانن ناوی ئەو شوێنەی وا من بۆی دەچم کوێیە و چییە!
وێستگەکە ئەوەی باشە ژوورێکی بچووکی لە شووشە چێکراویشی هەیە. بە سەرما دەچمە ئەوێ و بە گەرمایش دەچمە ژێر کەپرەکەی. بەهاران و پاییزانیش لە بەر دەمیاندا قەدەم لێدەدەم. کە بای دێ پشتی تێدەکەم. ژیان دەگوزەرێ.
وێستگەکانی تر نازانم، بەڵام لێرە هەر منم ماومەتەوە. هەر کەسێ دەگات، ئەوەندە نامێنێتەوە و پاسەکەی دێ و سواردەبێ و دەڕوات. ئیستا ئیتر هەموو شۆفیرەکان دەمناسن، بگرە خەڵکەکەیش، ... نەوە لە دووای نەوە. من کە سەرو ڕیشم سپی کردووە و پشتیشم بەرەبەرە کووڕ بووەتەوە، هەر ئێستاکەیش کە ئەم دێڕانە بۆ تۆ دەنووسم لە وێستگەکەم. ڕاوەستاوم بە تەمای پاسێک.
نامەوێ بڵێم وێستگەکە هیچی لێ نیە. دەتوانم بڵێم خۆشیشە. بە تایبەت کاتێک مانگەشەوە، یان کاتێک بەفردەبارێ. من لەم کاتانەدا زیاتر لە جاران لەبیرم دەچێتەوە کە بەڵێن بوو بۆ کوێ بچم. دەفتەرێکیشم پێیە و کە زۆر بێتاقەت دەبم دادەنیشم و شیعریش دەنووسم. بە دەنگی بەرز بۆ خۆمی دەخوێنمەوە. جاری وایشە بۆ ئەوانی تریش کە بۆ ماوەیەک لێرە دەمێننەوە، دەیانخوێنمەوە. سەرم لێبادەدەن و دەڕۆن. هەندێکیان دەڵێن کاکە کەی سەردەمی شیعر ماوە و هەندێکی تریشیان دەڵێن وا باشتر نیە ناوی شارەکەت پەیدابکەی! ڕاستی ئەو شوێنە شارە یان...؟
کە زۆر بە تەنیا دەمێنمەوە، دەقیژێنم. دەقیڕێنم. پڕ بە دەشت و دەر. جاری وایە ئاگام لێیە باڵندەکان دەترسێنم و دەفڕن. کەرویشکەکانیش بەپەلە دوور دەکەونەوە. تەنیا مێش و مێشوولەکانن گوێ نادەنێ. دەنگم دەنووسێ. مشتێک ئاو لەو جۆگەلەیەی لە پشت وێستگەکەوە تێدەپەڕێ، هەڵدەگرم و بە دەموچاوی خۆمیا دەکەم و دەیخۆمەوە. دەنگم بەری نادا، بەڵام تووڕەییەکەم دەنیشێتەوە. کەمێک ئۆقرە دەگرم. ڕەنگە ئەم جۆگە ئاوە پیلان بێت!
راستی ئەم ساڵ چەند ساڵە لێرەم؟ هەوڵدەدەم بیژمێرم. یارمەتی لە پەنجەکانم وەردەگرم، بەڵام کتوپڕ ڕێک لەناوەڕاستی ژماردنەکەدا خەیاڵم دەڕوا. سەرلەنوێ دەست پێدەکەمەوە، دیسان خەیاڵم دەڕواتەوە، دیسان دەست پێدەکەمەوە، ... دیسان...، ... ئاە نەفرەت لە ژماردەن و لە خەیاڵ و لە ڕاوەستانی هەموو ڕۆژە و دەیان ساڵە لە وێستگەیەک!
پاسێک دێت. هیچی لەسەر نەنووسراوە. دەستی لێ ڕادەوەشێنم. چەند میترێک لەولاترەوە ڕادەوەستێ. تەپ و تۆزەکەی لێم دەئاڵێ. ڕادەکەم. دەیگەمێ. سوار دەبم و دەڵێم کاکە دەچی بۆ... بیلاخەکەیشم وەک جاران بەرەو پێشەوە لە جووڵەدایە. کەلیمەکەم بۆ نایەت. کابرای شۆفیر ئەمجارە بە پێچەوانەی هەموو شۆفیرەکانی ئەم چەندین دە ساڵە دەڵێ بەڵێ دەچێ! من ڕادەمێنم. بۆ دڵنیایی دەڵێم دڵنیای دەچێ؟ دەڵێ دڵنیام دەچێ. بزەیەکم دێتێ. دەچم دادەنیشم. پێم سەیرە بە بێ ئەوەی ناوەکەی بڵێم کەچی شۆفیرەکە لێم تێگەیشت! پاسەکە ڕێدەکەوێ. لادەکەمەوە. وێستگە مێژووییەکە بە خۆشییەوە هەتا دێت دوور و دوورتر دەکەوێتەوە. لەبەر خۆمەوە دەڵێم حەک ئاسەوارت نەمێنێ. کابرای شۆفیر لە ئاوێنەکەوە لێم دەڕوانێ و پێدەکەنێ. منیش پێم وابێ پێدەکەنم.
راستی ڕاوەستن! ئەوە بۆ هەر تەنیا من لە ناو ئەم پاسەدا دانیشتووم؟... باشە هەر من دەچم بۆ... بۆ.... نا، شتێک هەڵەیە، ... کاکە ڕاوەستە، ... ڕاوەستە دابەزین هەیە. پاسەکە ڕاناوەستێ. لە ئاوێنەکەدا بۆ شۆفیرەکە دەگەڕێم. نایبینم. کاکە دابەزین هەیە دابەزین!
سورعەتی پاسەکە هەتا دێت زیاتر دەبێ.
من کە ترسێکی سەیر سەرتاپای داگرتووم و چۆڕ چۆڕ ئارەقم لێ دەچۆڕێ، تووند دەست بە کورسییەکەوە ڕادەگرم و لە جادە دوورودرێژەکەی بەردەمم دەڕوانم.
چەند یادی وێستگەکە دەکەم! [1]