ئاربەبالەند
#ڕزگار لوتفی#
یەک ڕۆژی مابوو “ئاربەبالەند” دەرگاکانی بەڕووی گەشتیاراندا بکاتەوە کە فەرهاد بۆ چەندەمین جار وەک ملپێچێکی کورت باسکی ئاڵاندە ملی فرمێسک و، دەستی خزاندە سەر سینگی؛ ویستی ئەمجارەش لە ڕاکێشانی سەرنجی هاوسەرەکەیدا پشوودرێژ بێ و هەروا بەئاسانی لێی ماندوو نەبێت؛ کەچی کاتێک فرمێسک لەبەرامبەر دەربڕینی ئەو هەموو هەست و سۆزە گڕاوییەیدا پەرچەکردارێکی ئەوتۆی نەنواندو دوای بزەیەکی دەستکرد، هەمدیسان بەناخی موبایلەکەیدا ڕۆچووەوە، چیدی ئۆقرەی نەماو دەستبەجێ هەستایە سەرپێ و لەپەنجەرەی باڵەخانەکەیانەوە بۆ مەیدانەکانی شاری ڕوانی؛ تا گەر ڕۆژێ لەڕۆژان دەسەڵاتی هەبوو وەک هێمای بێڕۆحی و بێدەربەستی لە ناوەندی یەکێکیاندا بیچەقێنێت و ڕاشکاوانە بەسەمبولی بکات.
بەستەڵەکی نێوان فەرهادو فرمێسک شەختەیەک نەبوو کە بەگەرمای پڕووکێنەری مانگی گەلاوێژ بتوێتەوەو داچۆڕێتە نێوانیان. واپێدەچوو تەمەنێکی درێژ، بەرەبەرە باڵای کردبێ و چین بەچین سەر یەک کەوتبێتەوەو بەڕندوو بووبێت؛ ئەو تەمەنەی کە مێژووەکەی دەگەڕایەوە بۆ یەکەم ساتەکانی بڵاوبوونەوەی موبایل و پەرەسەندنی تۆڕە گشتگیرە کۆمەڵایەتییەکان. بەڵام داخوا فەرهاد تا ئەو چرکەساتەش هەستی بەوە کردبوو کە ناتوانێت فەرهادئاسا، بەناخی ئەو کێوی سەهۆڵەدا ڕۆبچێتە خوارو لە دەروونیەوە لێکبەری بکات؟ ئەم گومانە کە گوایا فەرهادیش لەحاند ئەو کێوی سەهۆڵەدا چیدی هیچی پێ ناکرێت و دەستەوەستان ئەمێنێتەوە کاتێک لە دەروونیا چەکەرەی کردو سەری هەڵدا، کە چووبووە دەم پەنجەرەی باڵەخانەکەیان و لەوێوە، لە شەقام و مەیدانەکانی شاری ئەڕوانی و، لافیتەو بنێرو ئاڵاڕەنگاوڕەنگەکانی ئەو دەڤەرەی بەسەر دەکردەوە. ئەو تێڕوانینەی کە بەئارامی وەک ڕەوتی فیلمێکی داستانی، ڕووداوەکانی ئەم یەک/دوو ساڵەی دوایی دەهێنایەوە بیری و بەهێمنی تۆوی ئەو گومانەی لە زێهنیدا دەچاند.
چەند ڕۆژێک بوو شار خرۆشابوو؛ لە مەنجەڵێک ئاوی دەکرد سەر ئاگردان نرابێ و لەساتەوەختی مێروولەکردندا بێت. هەر شەقام و مەیدانێکت دیبا، بەپڕوپاگەندی جۆربەجۆرو وێنەی ئامێرو مۆڵگەکانی ئاربەبالەند نەخشێنرابوون. هەرکۆمەڵ و دەستەو تاقمێکت بەدی کردبا، لەکردنەوەی ئەو شوێنە گەشتیارییە دەدوان و بەتام و چێژەوە دەیان نرخاند. یەکیان دەیگوت: ”دوای ئیفتیتاحی پارکی تەفریحی ئاربەبالەند، ئیتر شارەکەمان تەنها بەشاری پاساژەکان لەقەڵەم نادرێت” یەکی دی دەیگوت: ”ئیفتیتاحی ئەو مەرکەزە، ئیفتیخارێکی ترە بۆ خەڵکی شارەکەمان.” یەکێکی دیکەیان دەیگوت:” تەمەدون یانی ئەمە.. ئیتر فارس و تورکەکان تەنها وەک قاچاخچی و کۆڵبەر، تەماشامان ناکەن و پرێستیژمان ئەڕواتە سەر” ئەوی تریان دەیگوت: ”بە ئیفتتاحی ئاربەبالەند، دەرەجەی ڕفاە و خوشگوزەرانی شەهروەندانی شارەکەمان بەرز ئەبێتەوە”.
ڕێک دوو ساڵ بەسەر واژۆکردنی ڕێکەوتننامەکەی ئاربەبالەنددا تێپەڕی بوو؛ دەبوا لایەنی سەرمایەگوزار، لەم دوو ساڵەدا پڕۆژەکە تەواو بکات. هەر لەیەکەم ڕۆژیڕا، مەکینە و بارهەڵگرە جۆربەجۆرەکان ڕژابوونە بناری ئاربەبا. هەریەک بە نۆبەی خۆی، وەک نووکی دابان دادەهاتنە سەر جەستەی سرووشت و بەبێ ئەوەی هیچ ئادەمیزادێک گوێیان لە زریکەو هاواری بێت شەقارشەقاریان دەکرد؛ دەتگوت بیانوویان، گەڕانەوەی مەسیحە، تا نشینگەیەکی بۆ هەڵپەرداوێن و مافووری سووری بۆ ڕابخەن. دەنگۆ بوو کە ئامێرەکانی شاری یاری ئاربەبالەند، لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی دونیاڕا هاوردە دەکرێن و لەو ناوەندەدا دادەمەزرێن. واش دەهاتە بەر گوێ کە هەموو جۆرە مۆڵگەیەکی چوون باژێڕی کاڵاو پێداویستیەکانی ژیانی تێدا ساز دەکرێت و تەنیا بە لایەنی گەشت و گوزارییەکەی بەسەندە ناکرێت.
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ مۆڵگەکان وەک کارگ، لە ڕووبەری ئەو ناوەندەدا هەڵدەتۆقین و هەیمەنەی ئاربەبالەندیان کامڵ دەکرد. هاوکات بەڕێوەبەران و بەرپرسانی فەرمی شار، وەک هەلێک ئەم دەرفەتەیان قۆزتبۆوەو یەکبین بەپڕوپاگەندە دەکراو بەرگێکی مەوهیبەتییان بەبەردا دەکرد؛ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش وەک چکلێتێکی میوەیی تامخۆش دەرخواردی خەڵکی شاریان دەداوەو دەبووە شەوچەلەی میوانییەکانیان.
بنەماڵەی فەرهادو فرمێسک-یش لەم مەوهیبەتە شیرین و بەتامە بێبەش نەبوون؛ کاتژمێر بەکاتژمێر، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە چرکەیەک دەرگای زێهنیان دەڕەقاندن و بۆ ڕۆژی کردنەوەی ئەو ناوەندە گەشتیارییە، لە ئامادەییدا ڕایاندەگرتن. سەرباری ئەمەش هەر تاکێکی وەک فرمێسک-یش ڕۆژانە بەلانی کەمەوە، کاتژمێرێک بەتەلەفون، لەو مەوهیبەتە شیرینە دەدوان و کاتی خۆیانیان پێ پڕدەکردەوە.
فەرهاد هەروا کە بەپێوە لە ناوەندی پەنجەرەگەورەکەی هۆڵەکەیان ڕاوەستابوو و بەدەستی گڕێدراوەوە لە پڕۆژە ڕەنگاوڕەنگەکەی بناری ئاربەباو جنێرە-ی دەڕوانی، دەمەقاڵەکانی خۆی و فرمێسک-ی هاتەوە یاد کە چۆن دوو مانگی ڕەبەقی خایاندبوو و ئاسەوارەکانی تا ئەم چرکەساتەش گەییشتبوون؛ ئەو دەمەقاڵەیەی کە لە بیرۆکەیەکی فرمێسک-ەوە سەرچاوەی گرتبوو و دال بەر ئەوەبوو کە لە نێزیک پڕۆژەکە خانووێک بکڕن و ماڵەکەیانی بۆ بگوازنەوە؛ تا هەرکات ئارەزوویان جووڵا، هەنگاوێکیان مەودا بێ بۆ چێژبردن لەو مەوهیبەتە شیرینە.
فەرهاد هەستی کرد، سەری گێژ دەخواو نێزیکە وەبوورێت. نیگای لە دیمانەی شار گوازتەوەو فرمێسک-ی لەقاپ نا. سەرتاپای جلەکانی بەری هەڵسەنگاند؛ دەتوت مانکەنێکە پڕوپاگەندە بۆ پۆشاک و متوموورووی چینیی دەکات؛ موبایلەکەشی لەزیادی. هیچ هێمایەکی لە شوناسی خۆیانی تێدا نەدۆزییەوە؛ تەنانەت برۆ پەیوەستە سرووشتیەکانیشی سڕدرابوونەوەو دوو کەوانی هەرەباریکی کورتی بێ ڕۆح، لە جێگاکەیان نیشتبوون.
هێشتا فرمێسک لەسەر قەنەفە نیوچەرمە چێرەییەکە دانیشتبوو و سەری لە ناو موبایلەکەیدا بوو کە فەرهاد فەزای سڕو بێدەنگی نێوانیانی شڵەقاندو گوتی:
فرمێسک! نەزەرت چۆنە بەیانی، بۆ ئیفتیتاحییەکەی ئاربەبالەند لەوێ بین؟!
فرمێسک وەک ئەوەی یەک ئان مونجەمید بووبێت، بە سیمایەکی واقوڕماوەوە وشک هەڵات. نەیدەتوانی یان نەیدەزانی بڵێ چی. لەکتوپڕ موبایلەکەی فڕێ داو خۆی هەڵهاویشتە باوەشی فەرهادو، کەوتە هەڵمژینی لێوی. فەرهاد هەستی بەوە کرد کە خەریکە خوێنێکی تازەو تراو، بەئارامی هەڵدەڕژێتە ناو دەمارەکانیەوە. تا دەهات بژوێنێک بەلەشیدا دەگەڕاو دەماخی باشتر دەسووڕا. تا نەکەوتبووە ناو ئەم دۆخە سەرسووڕهێنەرەوە، ئیمانی بە ئاربەبالەند نەهێنابوو و وەک مەوهیبەتێکی پیرۆزی ئاسمانی چاوی لێ نەکردبوو؛ ئەوەشی پێ زیادبوو کە تەنها هێزی ئەو مەوهیبەتە بوو کە توانیبووی ئەو کێوە سەهۆڵە پڕبارستەی نێوانیان لە بناخەوە بپروێنێ و بیتوێنێتەوە.
ڕۆژی دواتر فەرهاد قاتە سورمەییە تازەکەی لەبەر کردبوو و فرمێسک-یش بە پێی نەریت، هێندە نەبوو لە هۆڵی جوانکاری گەڕابووەوە؛ گەر یەکێک بەباشی تێیان بفکریبا، بێ شک نەیدەتوانی بیسەلمێنێت کە ئەم دوو کەسە دەساڵ زیاترە ژیانی هاوبەشیان پێک هێناوەو دەبوا تا ئێستا چەند منداڵیشیان هەبووبا. هەموو لەشی فرمێسک پێدەکەنی، لە پێڵاوەکانیڕا بگرە هەتا تۆقی سەری. کاتێک بەسواری ئۆتۆمۆبیلەکەیان لە چوارڕێیانی ئیدارەی ئاو لایانداو کەوتنە شەقامە بەرەوژوورەکەی دووکانان، تاچاو حەتەری دەکرد تۆتۆمۆبیلی ڕەنگاوڕەنگی جۆربەجۆریان بەدی کرد کە ترافیکێکی قورسیان ڕێک خستبوو. نیو کاتژمێر ماوەیەکی کەم نەبوو تا پێنج سەد مەتری پێ ببڕن و لە قەراغێکەوە ئۆتۆمۆبیلەکەیان پارک بکەن. کاتێک بەناو هەراوزناو ئاپۆڕەی خەڵکەکەدا ڕێیان دەرکردو گەییشتنە شوێنی ڕێوڕەسمەکە، فەرمانداری شار تازە لە وتارەکەی بووبووەوە و ئیمام جومعە و شارەدار و نوێنەری پاڕلمان و هەموو ئەو بەرپرس و میوانانەی لە ڕیزی پێشەوەدا بوون لەبەری هەستان و ڕێزیان لێ گرت. دواتر چەند بەرپرسێکی دیکەش لە ئاستی پارێزگاو شاردا وتارەکانیان پێشکەش کرد. پاشان گرووپی هەڵپەڕکێ ڕژانە گۆڕەپانەکەو چەند خولەکێک سەرنجی میوانەکانیان ڕاکێشا. لەکۆتاییدا دوای چەپڵەلێدانێکی درێژماوە، دەرگای بەگوڵنەخشێنراوی ئاربەبالەندیان بەڕووی خەڵکەکەدا کردەوە. دەتوت بەنداوەو بەربەستەکەی تەقیوەو شاڵاوەکەی بەلێشاو هەڵدەڕژێتە سەر ڕووبەری گۆڕەپانەکەو چین بەچین، لەبەردەمی مۆڵگەکاندا ئۆقرە دەگرێت. شەپۆلەکان فەرهادو فرمێسک-یشیان وەبەرخۆ ناو تێکەڵ بە حەشیمەتەکە بوون. کاتێک گڕوکەفەکە نیشتەوەو خەڵکەکە لەئارامیدا بەسەر یاریگەو مۆڵگە جۆربەجۆرەکاندا دابەش بوون، فەرهاد دەستی فرمێسک-ی گرت و بەدەم ڕێوە کەوتنە پێهەڵڕوانینی دەڤەرەکە. هەنگاو بەهەنگاو دیمەن و پێکهاتە نوێیەکانیان بەسەر دەکردەوەو تا دەهات زاریان پتر لێک دەکشا؛ بەڵام ئەوەی لەهەموو شتێک زیاتر سەرنجی پێکان و ڕاماندنی، ڕێژەی باڵای بەشداری ئەو کۆڵبەرانە بوو کە هەر بەجلوبەرگە کۆڵبەرییەکەیانەوە لەسنوورەکانڕا هاتبوونە ئەو شوێنەو بەو مەوهیبەتە پیرۆزە ئاسمانییە سەرسام بوو بوون.[1]
............................
⚠️ تێبینی: ئاربەبالەند ناوی پڕۆژەیەکی گەشتیارییە لە شاری بانە، کە لە بناری کێوێکدا بەهەمان ناو (ئاربەبا) خەریکە جێ بەجێ دەکرێت.