قەڵای #سەڵاحەدینی ئەیوبی#، قەڵای سەهیۆن، یان قەڵای کوڕ، یەکێکە لە گرنگترین شوێنەوارەکانی سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست بە ڕووبەری درێژی 740 مەتر و پانی نزیکەی20 دۆنم، دەکەوێتە شارۆچکەی (حفە) لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای لازقیەی سوریا.
بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان ئەم قەڵایە لە ڕووی ڕووبەرەوە گەورەترین قەڵای سەردەمی #خاچ پەرستەکان#ە، بێجگە لەمە، لە ڕووی جوانی لە دیزاین و جۆری بیناسازییەکەی ناوبانگییەکی تایبەتی هەیە و وەک بەرجەستەترین هونەری بیناسازی سەربازی بە شێوازی فەڕەنسی لە سەدەی 14 - 15 دەناسرێت.
لە بارەی مێژوو و دێرینیی ئەم قەڵایە هیچ سەرچاوەیەک ئاماژە بە ساڵ و سەردەمی دروستکردنی قەڵاکە ناکات، بەڵام بە هۆی ئەوەی ئەو ناوچەیە کە قەڵاکەی لێ دروستکراوە، ناوچەیەکی کۆن و شوێنەوارییە (ئەوەش بە دۆزینەوەی ژمارەیەک ئەشکەوت و پەناگەی سەرەتایی - سروشتی لە لای باکووری قەڵاکە، هەروەها دۆزینەوەی ئامێر و کەرستەی سەرەتایی و بەردین لەم ئەشکەوت و پەناگەیانە) دەکرێ بڵێین ئەم قەڵایە مێژوویەکی کۆنی هەیە و ڕەنگە لە سەردەمەکانی کۆنەوە وەک قەڵایەکی بچووک، یان پەناگەیەکی سەربازی دروستکرابێت و دواتر بە تێپەڕینی کات و گۆڕینی سەردەمە مێژووییەکان گەشەی کردووە، هەر دەسەڵاتدارێک شێوازی بیناسازییەکەی کە لەو سەردەمە باو بووە و هەروەها بە پێی گەورەیی و زۆری ژمارەی سەربازەکانی قەڵاکەی فراوان کردووە، هەتا دەگاتە ئەو قەڵایەی کە بەدەست سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیووبی فەتح دەکرێت.
سوڵتان سەڵاحەدین و وەرگرتنەوەی قەڵاکە
لە درێژەی جەنگی خاچپەرستەکان و هێرشیان بەرەو ناوچەکانی موسڵماننشین بە تایبەتی ناوچەکانی سوریا و فەلەستین، سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیووبی کە سەرکردەیەکی گەورە و بەناوبانگی کوردی موسڵمان بوو، بۆ وەرگرتنەوەی ئەو ناوچانەی لە درێژەی ئەم شەڕانە کەوتبوونەی ژێردەستی سوپای خاچپەرستەکان، لە سەرەتاکانی مانگی تەمموزی ساڵی 1188 زایینی لەگەڵ مەلیک زاهیر قازیی کوڕی بەرەو سوریا هێرش دەکەن و دوای ئازادکردنی چەند ناوچەیەکی گرنگ، ڕوودەکەنە پارێزگای لازقیە و پاش دوو ڕۆژ شەڕ و گەمارۆدان و بەکارهێنانی چەکی قورسی وەک مەنجەنیق، لە ڕێکەوتی 26 - 29ی تەمموزی ساڵی 1188 توانیان قەڵاکە بگرن. لەبارەی گرتنەوەی قەڵای سەهیۆن لە لایەن مێژوونووسانەوە (کە ئەوانیش لە زاری سوپای سوڵتان سەڵاحەدین شەرحی بابەتەکەیان بیستبوو)، دەڵێن: قەڵای سەهیۆنمان لە بەرزایی سەهیۆن کە پڕە لە بنکەی سەربازی وەرگرتەوە، وەک چۆن خاوەن قەرز، قەرزەکەی وەردەگرێتەوە.
ئەم قەڵایە لە دوو بەشی جیاواز پێکهاتووە: بەشی ڕۆژهەڵات کە بە بەراورد لەگەڵ بەشەکەی تر بڵندتر و بەهێزترە و چەندین بنکەی پاسەوانی بۆ چاودێری و ڕووبەرووبوونەوە لە کاتی جەنگ و هێرش دروستکراوە، بەشی باکوور و ڕۆژئاوای قەڵاکە زیاتر پان و بەرینە کە دیارە بۆ کۆبوونەوە و ڕاهێنانی هێزە سەربازییەکان بەکارهاتووە و بنکەی چاودێری سەربازی لێ نییە، بۆیە دیارە بۆ وەرگرتنەوەی ئەم قەڵایە بەشێک لە سوپای موسڵمانان بە فەرماندەیی زاهیری کوڕی سوڵتان سەڵاحەدین لە بەشی باکوور و ڕۆژئاوا هێرش دەکەنە ناو قەڵاکە و خودی سوڵتانیش لەگەڵ بەشەکەی تری سوپا، لە بەشی ڕۆژهەڵات بەرەو قەڵاکە هێرش دەکەن و وەریدەگرنەوە.
لە قەڵای سەهیۆنەوە بۆ قەڵای سەڵاحەدین
بە گوتەی سەرچاوەکان، مێژووی ناولێنانی ئەم قەڵایە بۆ سەدەی چوارەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە، واتا ئەو کاتەی سنووری دەسەڵاتدارییەکەی پاشای دوورگەی ئەروارد دەگاتە شاری (سیغۆن - zigon)، پاشان لەبەر نزیکی وشەی سیغۆن بە سەهیۆن، بە تێپەڕینی کات ناوی قەڵاکە لە سیغۆنەوە گۆڕاوە بۆ سەیهۆن.
بەڵام لەبارەی ناوی سەڵاحەدینەوە، لە ساڵی 1957 لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی سوریا بۆ ڕێزگرتن لە کەسایەتی سیاسی و سەربازی گەورەی موسڵمانان، سەڵاحەدینی ئەیوبی، ناوی قەڵاکە لە سەهیۆنەوە بۆ ناوی قەڵای سەڵاحەدین دەگۆڕدرێت.
لە ساڵی 1929 ئەندازیارێکی فەڕەنسی توێژینەوەیەکی لە بارەی دۆخی گشتی ئەم قەڵایە کرد و هەر بە هۆی ئەمەوە دەزگا شوێنەوارییەکان گرنگیان بەم قەڵایە دا و لە ساڵی 1937 بەشێک لەم شوێنەوارە نۆژەنکرایەوە، پاشان لە ساڵی 1966 کاری نۆژەنکردنەوە و هەڵکۆڵینی شوێنەواریی لەسەر قەڵاکە کرا و لە ئێستاشدا کارکردن لە سەری بەردەوامە و ساڵانە گەشتیاری زۆر سەردانی دەکەن.
قەڵای سەڵاحەدین لە ساڵی 2006ەوە لەلایەن ڕێکخراوی جیهانی #یونسکۆ# لە ناو لیستی کەلەپووری جیهانی تۆمار کراوە.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#[1]