شارپرێس کەنداڵ جودی:
تورکیا لەگەڵ ئەوی لەڕوی سەربازیەوە جەنگێکی خوێناوی دژی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاندوە، هاوکات هەوڵدەدات شانبەشانی ئه و جەنگە، کورد ڕوبەڕوی مەترسیەکی گەورەتر بکاتەوە ئەویش بڕینی ئاوی فورات و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیە.
ماوەی چەند مانگێکە دەوڵەتی تورکیا بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشدەکاتەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و دانیشتوانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، شەڕێکی سەخت دەستیپێکردوە، لەم چوارچێوەیەدا، بۆ ئەوەی تورکیا کورد لەڕۆژئاوای فورات و ڕۆژهەڵاتی فورات بەتایبەتی کۆمەڵکوژبکات و دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت، هەوڵدەدات لەسەر بنەمای جینۆسایدکردنی کوردان لەگەڵ حکومەتی دیمەشقیش ئاشتبێتەوە.
شەڕی ئاو
تورکیا بەئاشکرا لەڕوی سەربازیەوە هێرشدەکاتەسەر ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام جەنگێکی دیکەی بەبێدەنگی دەستپێکردوە، چاودێران پێیانوایە، ئەم شەڕەی تورکیا ستراتیژیی و گەورەیە لەدژی ڕۆژئاوای کوردستان و تەواوی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەویش جەنگی بڕینی ئاوی فوراتە.
شەڕی ئاو لەلایەن تورکیاوە لەدژی سوریاو عێراق کە ئێستا هەیە، مێژوویەکی کۆنی هەیە، تورکیا هەموو بەردەوام هەوڵیداوە فشاربخاتەسەر سوریاو عێراق، ئاوی فورات و دیجلەی لەسەر هەردوو وڵات بڕیوە.
ڕوباری فورات
ڕوباری فورات یەکێکە لەدرێژترین و گەورەترین ڕوبارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەوترێت کە بۆ یەکەمجار ژیانی مرۆڤایەتی لەکەنارەکانی فورات و دیجلە یان ناوچەی میزۆپۆتامیا دەستیپێکردوە.
ڕوباری فورات لەکانی و دەریاچەو چیاکانی باکوری کوردستانەوە دەڕژێت بەدرێژایی 1200 کیلۆمەتر بەرەو سنوری سوریا، لەسوریا ڕوباری فورات بەناو شاری جەرابلوسدا دەڕژێتە ناو شاری بوکەمال کە درێژیەکەی 600 کیلۆمەترە، لەنزیک شاری قائیمی عێراق ڕوباری فورات دەپەڕێتەوە بۆ ناو عێراق و دەگاتە ڕوباری دیجلە لەنزیک شاری بەسرەو لەوێشەوە هەردوو ڕوباری فورات و دیجلە دەچنە کەنداوی عەرەبەوە.
لەساڵی 1987 تورگورت ئۆزال سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا سەردانی دیمەشقی کرد، سوریاو تورکیا ڕازیبون ڕێگە بەتورکیا بدەن بۆ ڕێگەدان بەڕوباری فورات لەچەند چرکەیەکدا، 500 مەتر ئاو بچێتە ناو سوریاوە، بەڵام تورکیا لەمساڵانەی دواییدا پابەندی ئەو ڕێکەوتنە نەبوو.
وڵات دەروێش سەرۆکی وزەی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان بەشارپرێسی وت:لەئێستادا تورکیا تەنها لەیەک خولەکدا 250 مەتر ئاوی ڕوباری فورات دێتە ناو سوریا، لەکاتێکدا بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات، ئه و ڕێژەی ئاوەی فورات کەمترە.
پڕۆژەی گاپ و جینۆسایدی کورد
تائێستا تورکیا دەیان بەنداوی لەسەر هەردوو ڕوباری دیجله و فورات دروستکردوە وەک بەشێک لەپڕۆژەی ئەناتۆلیای باشوری ڕۆژهەڵات، پڕۆژەی گاپ کە ئامانج لێی کۆمەڵکوژکردنی کوردانی باکوری کوردستانە لەسەر کەناری ڕوبارەکانی فورات و دیجلە.
دروستکردنی بەنداوەکان کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر کوردانی باکوری کوردستان دروستکردوه و لەماڵ و حاڵی خۆیان کۆچیان کردوە بۆ شارەکانی تورکیا، بەڵام لەمساڵانەی دواییدا دروستکردنی ئەو بەنداوانەو بڕینی ئاوی فورات، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان و هەموو پێکهاتەکانی سوریاش دروستکردوە.
بڕینی ئاوی فورات چ کاریگەریەکی لەسەر ڕۆژئاوا دروستکردوە؟
بەبڕینی ئاوی ڕوباری فورات بۆ سەر هەرێمەکانی سوریاو بەتایبەتی ڕۆژئاوای کوردستان، هاوڵاتیانی هەرێمەکە سێ زیانی گەورەیان بەرکەوتوە، لەڕوی کشتوکاڵ و ئاوی خواردنەوەو کارەباشەوە زیانی گەورەی دروستکردوە.
کشتوکاڵ
بەپێی وتەی بەرپرسانی دەزگا کشتوکاڵییە پەیوەندیدارەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، 900 هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی لەڕوباری فوراتەوە ئاودێریکراون، لەو 900 هەزار هێکتارە، گەنم و جۆو پەموو دارو باخ و هتد دەچێنران، بەڵام بەهۆی بڕینی ئاوی فوراتەوە لەلایەن تورکیاوە 400 هەزار هێکتار بێ ئاو بون و ئێستا تەنها 500 هەزار هێکتار دەچێنرێت.
لەیلا محەمەد هاوسەرۆکی دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێریی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ شارپرێس قسەیکردو ڕایگەیاند، سەرباری ئەوەی دوو ساڵە وشکەساڵی ڕوی لەناوچەکە کردوە، بەڵام بارودۆخی کشتوکاڵی ناوچە خۆبەڕێوەبەرەکان زۆرباشە، لەگەڵ ئەمەدا بڕینی ئاوی فورات لەلایەن تورکیاوە بۆسەر هەرێمەکانمان، کاریگەری خراپی لەسەر کشتوکاڵ دروستکردوە.
لەیلا محەمەد باس لەوەدەکات، ساڵی داهاتوو زیاتر پشت بەبیرە ئاوییەکان دەبەستين بۆ ئەوەی جوتیاران بتوانن کشتوکاڵ بکەن و هەروەها سوتەمەنیش بۆ جوتیاران دابینبکەين، ئێمە لەئاودێریی و کشتوکاڵیدا شێوازی مۆدێرن و زانستی بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی ئاوی ژێر زەویی زۆر بەکارنەیات و لەساڵانی داهاتودا سود لەو ئاوە وەربگرین.
کێشەی گەنم
کێشەی کەمیی گەنم بۆتە ڕۆژەڤی سەرەکی لەهەموو جیهاندا، ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی ناوچەکانی (جزیرێ، ڕەققە، کۆبانێ و تەبقا) بەکشتوکاڵی گەنم بەناوبانگ بون، بەڵام بەهۆی ئەو وشکەساڵییەی کە لەمساڵانەی دواییدا ڕویداوەو گۆڕانی کەشوهەواو بڕینی ئاوی فورات لەسەر سوریادا، چاندنی گەنم زۆر زەحمەت بوە.
لەیلا محەمەد هاوسەرۆکی بۆردی کشتوکاڵ و ئاودێریی ئەوەشی بۆ شارپرێسی ڕونکردەوە، بەپاڵپشتیکردنی جوتیاران و دابینکردنی سوتەمەنی و ئاوەڕۆ بۆ جوتیاران، بڕی ئەو گەنمەی ئەمساڵ سەریهەڵداوە بۆ ساڵێکی دیکە بەسە، ئەمساڵیش تۆوی گەنم و جۆ بەجوتیاران دەدەین بۆ ئەوەی بەرهەمی باشترمان دەستبکەوێت.
فاو هۆشداریدەدات
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوەیەکگرتوەکان ناسراو بە(فاو) کە بەمدواییانە ڕاپۆرتی خۆی بڵاوکردۆتەوە، دەڵێت:بەهۆی وشکەساڵی و بەرزبونەوەی پلەی گەرماوە 70٪ی کشتوکاڵی زەوی (کە بەره و بێ ئاوی دەچێت)، 25٪ی کشتوکاڵ بەهۆی بێئاویەوە لەسەرتاسەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بەره و شکستهێنانی تەواوەتی دەچێت.
مەترسی نەمانی ئاوی خواردنەوە لەسەر 7 ملیۆن کەس هەیە
بڕینی ئاوی ڕوباری فورات لەلایەن تورکیاوە نەک هەر کاریگەریی لەسەر ناوچە کشتوکاڵییەکان هەبوە، بەڵکو کاریگەری زۆری لەسەر ئاوی خواردنەوەش دروستکردوە.
وڵات دەروێش سەرۆکی وزەی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان تایبەت بۆ شارپرێس وتی:نزیکەی 7 ملیۆن کەس لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئاوی ڕوباری فورات دەخۆنەوە.
وڵات زیاتر لەوبارەیەوە وتی:زۆربەی ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لە(حەلەب، کۆبانێ، عەین عیسا، سیرین، ڕەققە، تەبقا، دێرەزورو باشوری کانتۆنی حەسەکە) لەڕێگەی وێستگەکانەوە لەڕوباری فوراتەوە ئاوی خواردنەوە وەردەگرن.
ئەوەشی وت:ئەگەر کەمبونەوەی ئاوی تورکیا بەردەوامبێت، زۆربەی وێستگەکانی ئاوی خواردنەوە لەخزمەتگوزاری دەوەستن و ئاوی ئێستای ڕوبارەکە پیسدەبێت، ئەوکاتیش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی 7 ملیۆن کەس زیاتر دروستدەکات.
یونیسێف داوایەکی بەپەلەی هەیە
ڤیکتۆر نیلوند نوێنەری ڕێکخراوی منداڵانی نەتەوەیەکگرتوەکان لەسوریا (یونیسێف) تیشکیخستەسەر کاریگەری بڕینی ئاوی فورات لەسەر ئاوی خواردنەوەو وتی:کەمبونەوەی ڕێژەی ڕوباری فورات کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر خەڵکی ناوچەکە، ئاوی خواردنەوە لەدێرەزورو ڕەققەو حەلەب لەئێستادا لەکەمبونەوەدایە، بۆیە پێویستە لەماوەیەکی کورتدا گفتوگۆ بکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەی ئاوی خواردنەوە.
سەرچاوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان باس لەوەدەکەن، تورکیا نەک تەنها هەوڵدەدات لەڕێگەی ئاوی فوراتەوە خەڵکی هەرێمەکە بێ ئاو بکات، بەڵکو لەوکاتەوەی تورکیا لە2019دا هەرێمی سەرێکانی داگیرکردوە، ڕێگەی نەداوە وێستگەی ئیلۆک کە ئاوی خواردنەوە بۆ حەسەکە دابیندەکات، لەساڵی 2019وە خەڵکی حەسەکە بەبێئاوی خواردنەوە دەژین، بەڵام دوای فشارەکان تورکیا ناچاربوو لەهەفتەیەکدا بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ئاو بچێتە ناو وێستگەی ئاوی خواردنەوەوە.
ژمارەیەک لەدانیشتوانی حەسەکە ئەوەیان بەشارپرێس ڕاگەیاند، ماوەی زیاتر لە 20 ڕۆژە بێ ئاوی خواردنەوەن، چونکە دەوڵەتی تورکیا ڕێگەنادات کرێکارانی وێستگەکە ئاو بۆ حەسەکە دابین بکەن، مەترسیەکەش ئەوەیە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوامبێت، ئەوا ژیانی زیاتر لەملیۆنێک دانیشتوی ناوچەی حەسەکە دەکەوێتە مەترسییەوە.
کارەبا
وەک بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەر باسیانکرد، کەمبونەوەی ئاوی ڕوباری فورات کاریکردۆتەسەر کشتوکاڵ و ئاوی خواردنەوەو لەهەمان ئاستی مەترسیدا بڕینی ئاوی فورات لەلایەن تورکیاوە کاریگەری لەسەر کارەباش هەبوە.
لەسەر ڕوباری فورات و بەهەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، سێ بەنداو بۆ کارەبا لەسوریا دروستکراوە، بەنداوی تشرین لەباشوری ڕۆژهەڵاتی شاری مەنبەج، بەنداوی فورات گەورەترین بەنداوی سوریایەو لەنزیک شاری تەبقاو بەنداوی حورییە لەنزیک شاری ڕەققە.
بەنداوەکە بەڕێژەی 300 مەتر لەخولەکێکدا پێویستی بەئاو هەیە بۆ ئەوەی بەلایەنی کەمەوە یەک تۆربین لەبەنداوی تشرین یان بەنداوی فورات بەکاربێنێت و بەتوانای 105 مێگاوات کارەبا دابینبکات، بەڵام لەوکاتەوەی، تورکیا تەنها 250 مەتر ئاو لەخولەکێکدا بەردەداتەوە، کارپێکردنی هەموو تۆربینەکانی کارەبا زۆر زەحمەتە.
مەترسیی نەمانی کارەبا
وڵات دەروێش سەرۆکی نوسینگەی وزەی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەوەشی بۆ شارپرێس ڕونکردەوە، ڕێژەی ئاوی فورات لەتورکیا کەمبۆتەوە، کاریگەریی زۆری لەسەر بەنداوەکان دروستکردوه و ئەگەریش ئاوی ڕوباری فورات بەردەوامبێت لەکەمبونەوە، ئەوا هەموو بەنداوەکان لەخزمەتگوزاریی دەوەستن و لەزۆربەی ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا کارەبا دەبڕدرێت.
تەنها 6 کاتژمێر کارەبا لەڕۆژێکدا
بەوتەی دەروێش، ئەو کارەبایەی دابیندەکرێت بۆ باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەبەنداوەکانی تشرین، فورات و حوڕییەوەیە، بەڵام لەوکاتەوەی تورکیا ئاوی ڕوباری فوراتی کەمکردۆتەوە، ئێستا تەنها 6 کاتژمێر کارەبا بۆ باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا دابیندەکەین و هەر ئەوەندەمان توانا هەیە.
ئەوەشی نەشاردەوە، تورکیا دەیەوێت ئاوی ڕوباری فورات لەسەر دانیشتوانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریاو هاوکات دەرفەتی ژیانیش لەڕۆژئاوای کوردستان نەهێڵێت و دەیەوێت کورد ناچار بەکۆچکردن بکات لەناوچەکانی خۆیان.
ش.ه.[1]