جوانەکچ
لە کتێبی: #گوناه#
بەرهەمی: #عەلی حەسەنیانی#
ئەی جوانەکچی چەشنی گوڵی سووری موکریان!
لەو ڕۆژەوە تۆم دیتووە شێواوە ژیانم
ڕۆیشتی لەگەڵ بۆنی بەیانانی هەڵاڵان
من ماوم و تەنیایی و فرمێسکی شەوانم
ئەی هاوبەشی ڕۆژانی پڕ ئاواتی لەدەسچووم!
سەد خۆزگە بە ئەو ساڵە کە دڵ گەرمی ئەوین بوو
ئەمڕۆ کە ئەگەر چەشنی خەزەڵ زەردم و کەوتووم
ئەو دەم خەمێکی نەمبوو بە مەرگت خەمی ژین بوو
ئەی بووکی دڵم! پڕ بە دڵم تۆ دەپەرەستم
لەو ڕۆژەوە جێت هێشتووم عەزادارم و ماتم
هەر چەندە دەزانم کە ئیدی نایەوە دەستم
تا ڕۆژێ بەشم دەبڕێ لە دنیا بە تەماتم
ئەی سوێسنی بۆنخۆشی لە ئاسۆگی هەواران!
کاری منی ئاوارە لە دووریی تۆ کراوە
جارێ بکە یادی منی دوورکەوتوو لە شاران
تا ڕایەڵ و پۆی نیوەژیانم نەپساوە
ئەی تاقە ستێرەی شەوی بێ نووری ژیانم!
هەوری ڕەشی بەختم بە خودا تۆشی لە من کرد
هاوارە لە من دیلی ڕکەی بەندی گرانم
تۆ ڕۆیی و من مردم و ئاواتی دڵم مرد...
1971 - ئاستارا - بەدەنگی عەلی حەسەنیانی [1]