سەفەری واوان
لە کتێبی: #گوناه#
بەرهەمی: #عەلی حەسەنیانی#
فەرهاد کە سەرقافڵەیە باش دەزانێ
ڕێ هەتڵە بکا بۆ کەژ و کۆ و چۆم و دەراوان
جارێکی دەمانباتە چیا و ئەستەم و بستوو
جارێکی دەمانخاتە چەم و گۆم و کەناوان
ترسم ئەمەیە هێندە بڕۆین تاکوو دەگەینە
لێڕ و کەژی (داوداوێ) و (مامکاوێ) و (ساوان)
(نۆکان) و (زەڵێ) و (تووژەڵ) و (نێوزەنگی) بپێوین
ڕوو کەینە گەلی بێئەمەگی دەرپێ نەماوان
پێمان هەموو کون کون بووە بەم تیغ و پەلانە
دڕکی دە بەنێ ئێستێ پەنامانە لە تاوان
بەم چنگەڕنە چۆن دەبڕێ بەندەنی وا ڕژد؟
تینوویی چلۆن دەشکێ بە سوێراوی گڕاوان؟
بیستوومە دەڵێن لەو گەوەیە گەی سەدی وەک من
لێک بۆتەوە بێ دەرفەتی ڕێی چارە بە گاوان
پێی پێوە دەبێ هەرچی نەپێوی و بپێوێ
ڕێی زەبر و زرینگانە نە ناحاڵی و خاوان
ناکا لە نەکاو پێ بخزێ لەم گەوە سەختە
بگلێین و نەبینینەوە سەرکەوتن و کاوان
پێم وا بوو کە نیزیکە کەچی ئێستێ دەترسێم
بێ دیتنی واوان بگەمە دوو گەزە جاوان
هیچ جارە نییە باسی سەرە ڕەخنە لە (فەرهاد)
زۆر زەبر و زرینگە و گەلێکی داوە لە ئاوان
وا باشە کە بێدەنگ بم و (فەرهاد) نەغەزرێ
چم داوە لە باسان و لە دەمگوان و لە قاوان
من پیرم و (مام قالە) لە من کۆنەکتێبتر
کەس نێ بڵێ پیرینە چتان داوە لە لاوان؟
(ئیقباڵ) لەگەڵ ئێمەیە ئەمڕۆ کە، ئەگینا
ناومان دەشۆراوە لە نێو دەفتەری ناوان
من تۆبە دەکەم لەمڕۆکەوە تا دەمی مردن
ناکەم هەوەسی دیتنەوەی کاولی واوان
گوڵانی 1983
[1]