مزگێنی
بۆ پەیکی کازیوە: مامۆستا #شێرکۆ بێکەس#
لە کتێبی: #گوناه#
بەرهەمی: #عەلی حەسەنیانی#
بە درێژایی شەوی پاییز،
کەس بۆ تاوێ نەنوستبوو،
هەموو چاویان لە بستوو بوو..
ئاخۆ گزینگ،
لە دەستی کام شەوەزەنگا،
یەخسیر ماوە؟
ڕاگیراوە؟
لە کازیوەی تەمگرتووا،
لە گۆڕستانی ئاواتی ڕابردووا،
شۆڕەسوارێک،
گەوەی بڕی بەرەو ئاسۆ
موژدەی هێنا،
بۆ ئەم، بۆ ئەو، بۆ من، بۆ تۆ:
ئەوە گزینگ بەڕێوەیە،
گوتی: میوانی ئێوەیە!
ئامادە بن!
شۆڕەسوار ڕانەوەستا
ڕۆیی کوتای بەبێ وچان،
مزگێنی برد بۆ هاوسێیان،
تا ئەوانیش ئامادە بن
1979
[1]