بەم نەحوەیە سەرفی عیشقبازی
موستەقبەلی کەمترە لە مازی
یەعنی لەمەدا کە بیکوژە زوو
بێ فەرقە حەقیقەت و مەجازی
ئەم شیعرە زەریفە خەتتی چاکە
نووسیومەتەوە لەڕووی بەیازی
کەششافی ڕمووزی ئایەتی تۆ
تەفسیری کەبیری فەخری ڕازی
بۆ قەددی زراوی بێژراوە!
نێزە و عەلەم و مەسافە غازی
نەیداوەتە من خودا بە مفتی
بەم مەشرەبە خۆت مەکە بە قازی
ئەم قافییە شایەگانە ئەمما
عەیبی نییە جاهیلێ بە ڕازی
ئەو ڕزقی موقەڕەڕە بە خۆی دێ
سەد دەفعە بخوازی یا نەخوازی
قیرتاسی و شەهڕەوایە حاجی
نەقدینەیی تۆ، بە چی دەنازی! [1]
#دیوانی حاجی قادری کۆیی#
#حاجی قادری کۆیی#