ناونیشانی بابەت: کێشەی یوتۆپیا
ناوی نووسەر: #شەماڵ محەمەد محەمەدئەمین#
یوتۆپیا ئەو شوێنە خەیاڵیەیە کە حوکمڕانی و بارودۆخی کۆمەڵایەتی خەڵکی تیایدا لەوپەڕی باشیدایە و هیچ کێشە و کەموکووڕییان نییە. بیرۆکەکە هیی ئەفلاتونە و بەڕای ئەو دەبێت فەیلەسوفان حوکمڕان بن تا یوتۆپیا بێتە ئاراوە، هەرچەندە بیرۆکەکە خەیاڵییە و هەرگیز کۆمەڵگەی لەم شێوەیە نە درووست بووە و نە درووستیش دەبێت بەڵام تا دوو هەزار ساڵ بیرۆکەی یوتۆپیا خەیاڵی زۆر لە بیرمەندانی داگیرکردبو.
تۆماس مۆر (1477-1535) یەکەم کەس بوو کە ساڵی 1516 زاراوەی یۆتۆپیای بەکارهێنا، لە بەناوبانگترین بەرهەمی خەیاڵیدا کە وەسفی جیهانێکی نموونەیی و خەیاڵیی دەکرد. پەرتووکەکەی باس لە کۆمەڵگەیەکی ئاڵۆز دەکات لە دوورگەیەکدا، کە خەڵکەکەی کولتور و شێوازێکی ژیانی هاوبەشیان هەیە.
زۆربەمان تا ئێستاش باوەڕمان بە یوتۆپیا هەیە، لانی کەم جارجار بەم شێوەیە بیردەکەینەوە، هەرگیز خەیاڵت نەکردووە لە شوێنێک بژیت کە هیچ تاوان و ناشرینی و ناخۆشی و دەردوبەڵای تێدا نەبێت؟
هەرگیز ئاواتی ئەوەت نەخواستوە کە دەسەڵاتت هەبێت و هەرچی ناشرینییە لەناوی ببەیت و هەرچی تاوانبارە بیکوژیت؟
هەرگیز لەکاتی کاردانەوەت بەرانبەر تاوانێک ئاواتی ئەوەت نەخواستوە تاوانباران هەمووی لەناوببەیت و کۆمەڵگەیەکی پڕ لە فریشتە درووست بکەیت؟
مرۆڤ پێکهاتەیەکی زۆر ئاڵۆزی هەیە، هەر خۆی جارجارە حەزی بە تاوانە و جارجارەش هەر خۆی توندترین دادوەر و جەللادە، ئەگەر دەسەڵاتی داڕشتنی یاسا و جێبەجێکردنمان هەبوایە دورنەبوو زۆرێکمان هەر بە یاساکانی خۆمان لەناوبچین!
سرووشتی مرۆڤ وایە هەمیشە لە گۆڕاندایە، جا ئەوە لە تاکێک وابێ چجای کۆمەڵگەیەک کە ملیۆنان تاکی جیاوازی تێدایە لەڕوی پەروەردە و بۆچون و ژینگەی خێزانی و باری ئابووری و....هتد
کێشەی ئێمە ئەو یوتۆپیا نەفرەتییەیە کە لە هزرماندا هەیە، ڕەنگە بڵێی من وانیم، بەڵام بەپێوەرەکانی خۆمان هەمومان لە مێشکماندا خاوەنی یوتۆپیای خۆمانین، ئەوەتا لە هزری خۆماندا مەملەکەتێکمان درووستکردووە، هەرکەسێک وەک ئێمە بیرنەکاتەوە ناتوانێت بێتە ناوی، لێی دوردەکەوینەوە چونکە بە دوژمن و هەڕەشەی دەزانین لەسەر یوتۆپیاکەی خۆمان.
ڕەنگە باشترین نموونەش ئەو یەکتر قبووڵ نەکردنە بێت کە خومان پێوەگرتووە، هەمیشە دەبێت خەڵکی وەک ئێمە بیربکەنەوە، پابەندی یاساکانی ئێمە بن، وەک ئێمە بدوێن، وەک ئێمە جل لەبەر بکەن و نان بخۆن و قسەبکەن، ئەگینا هەڵەن، یاخی و تاوانبار و دەرچون لە یاساکانی ئەو مەملەکەتەی کە لە خەیاڵی خۆماندا بنیاتمان ناوە.
یەکێک لە هۆکارەکانی درووستبوونی حاڵەتی یوتۆپیا تەسکیی ئاسۆی بیرکردنەوەیە، سەرنجی سیاسییەکان بدە، کەس کەسی قبووڵ نییە بۆیە دەبینی لەناو میللەتێکی 6 ملیۆنیی وەک کورد 600 گرووپ و ڕێکخراو و پارت هەیە، هەر هەمووی ئەوانی تری قبووڵ نییە و لە یوتۆپیاکەی ئەو جێگەی نابێتەوە.
ئاییندارانیش هەمان کێشەیان هەیە، ڕەنگە لای ئەوان کێشەکە گەورەتریش بێت چونکە ئەوان وێنای جیهانێک دەکەن کە پڕە لە مرۆڤی فریشتە ئاسا و دور لە تاوان و دزێوی!
سەرنجی وتاری واعیزان و بانگخوازان بدە، هەناسەکانیان پڕاوپڕن لە حەسرەت بۆ ڕۆژانێک کە سەرزەمین وەک بەهەشت بووە بەڵام ئێستا مرۆڤەکان هەمووی بوونەتە ئەهریمەن و تاوان دەکەن بۆیە ژیانمان تاڵ بووە هەر بۆیەشە باران نابارێت، بۆیە بەرەکەت نەماوە! لای ئەوان یوتۆپیا هەبوە بەڵام گوناهی ئێمە لەناوی بردووە.
زۆرێک لە واعیزان وادەزانن سەردەمی پەیامبەران خەڵکی زۆر باش بوون و ژیان زۆر ئاسان بووە و کەس کێشەی نەبووە، بەڵام ئەگەر سەرنجی مێژو بدەین دەبینین هەموو سەردەمەکان هەر وەک یەک بوون، جیاوازیی کەم بەدی دەکرێ لە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سرووشتی مرۆڤەکان، چونکە مرۆڤ هەر مرۆڤە و ناگۆڕێت، لە هەموو سەردەمەکان شەڕ و ئاژاوە و بەدڕەوشتی و دزی و تاوان هەبووە، هەر دەشبێ تا مرۆڤ لەسەر ڕوی زەوی مابێ، لەڕاستیدا بەردەوامیی ژیان خۆی بریتییە لە ململانێی نێوان دژەکان، بەبێ ئەو ململانێیە ژیان هیچ ئەرزشێکی نابێت بگرە لەناویش دەچێت.
جاری وا هەیە یوتۆپیا بەزۆر بەسەر خەڵک دەسەپێنرێ، دیکتاتۆرێک یا نەزانێک دەیەوێت بەزۆر ئەوەی لەهزری خۆیدا هەیە بەسەر هەموو خەڵکیدا بسەپێنێ، جاری وا هەیە بەناوی ئایین ئەم کارە دەکرێ وەک لە سعودیە و ئەفغانستان، جاری واش هەیە بەهۆی ئایدۆلۆژیاوە دەکرێ وەک لە چین و کۆریای باکوور، سەپاندنی یوتۆپیا لەژێر هەرناوێک بێ، هەڵەیەکی گەورەیە چونکە هەرگیز ناکرێت مرۆڤەکان هەمووی وەک یەک بیربکەنەوە، جگە لەوەش بەزۆر ڕەنگکردنی کۆمەڵگە بە یەک ڕەنگ تاکی دوڕو و ترسنۆک بەرهەمدێنێ، لە بەرانبەریشدا فەراهەمکردنی ئازادی تاکی ڕاستگۆ و ئازا بەرهەمدێنێ.
ئەگەر کێبەڕکێ و ململانێ و چاوچنۆکی و تاوان و خەونی پێشکەوتن و ئارەزوە جۆراوجۆرەکان نەبوونایە ئەوا بازاڕ و نەخۆشخانە و کارگە و سەربازگەکان هەمووی بەتاڵ دەبوون و هەوڵدان و کارکردن و کشتوکاڵ و پیشەسازی و بەرهەمەکانی تەکنۆلۆجیا هیچی بەردەوامییان نەدەبو، بەمەش ژیان دەوەستا و لەناودەچو.
ژیان بە ڕەنگاوڕەنگی و جیاوازییەکانییەوە جوانە و هەر بۆیەشە تا ئێستا بەردەوامە، ئەگەر مرۆڤەکان هەمووی وەک یەک بوونایە ئەوا ژیان هیچ خۆشییەکی نەدەبو، بەڵکوو لەناو دەچو، ئەوەتا خودای گەورەش دەفەرموێ گەر خودای تۆ بیویستایە ئەوا هەموو خەڵکی باوەڕدار و یەکڕەنگ دەبوون، ئەی پەیامبەر تۆ دەتەوێت بە زۆر خەڵک بکەیت بە بڕوادار یونس 99
جا کە بۆ پەیامبەری خوا (د.خ) ڕەوا نەبێت خەڵکی بەزۆر بکاتە بڕوادار ئێمە چین تا ئەوکارە بکەین ؟ ئەوانەی ئەو کارە دەکەن تەواو پێچەوانەی فەرمایشتی خودا کاردەکەن.
تا فێرنەبین جیاوازییەکان قبووڵ بکەین و هەموو خەڵکی جیهان وەک خوشک و برای خۆمان لەباوەش نەگرین زۆر ئەستەمە بتوانین بە ئاسوودەیی بژین. دەبێت لەوە تێبگەین کە بەهەشت لەسەر دونیا درووست نابێ، تەنانەت لە بەهەشتیش هەمووان لەیەک ناچین.[1]