ناونیشانی بابەت: پیشەسازی غازی سرووشتی لە ئێڕاقدا
ناوی نووسەر: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
ئاشکرایە ئێڕاق جگە لە نەوت وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە غازی سرووشتیش بە هەردوو جۆرەکەیەوە غازی ئازاد (fre gas) و غازی هاوەڵ (asossiated gas). سەبارەت بە جۆری دوەمیان ئەو جۆرەیە کە لە ناو نەوتدا تواوەتەوە لەگەڵ بەرهەمهێنانی نەوتدا لێکیان جیا دەکەینەوە، بەڵام جۆری یەکەمیان بە تەنیا لە کێڵگەکاندا هەن، بە پێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی ئێڕاق یەدەکی غاز لە ئێڕاقدا 3,1 ترلیۆن مەتر سێجا دەبێت کە 70 ی ئەم یەدەکە لە چەشنی غازی هاوەڵە. لە ئێڕاقدا ژمارەیەک کێڵگەی لەم چەشنە هەیە وەک (مەنسوریە) لە پارێزگای دیالە، (عەکاز) لە پارێزگای ئەنبار، (سیبە) لە پارێزگای بەسرە (کۆرمۆر) لە پارێزگای کەرکووک، (چەمچەماڵ) لە پارێزگای سلێمانی.
ڕۆژانە لە باکوورو باشووری ئێڕاق 1 ملیار پێ سێجا غاز دەسوتێنرێت و ناتوانرێ سودی لێوەربگیرێت کەچی لەولاوە غاز لە وڵاتانی دراوسێوە هاوردە دەکەن، لە کاتێکدا ئەگەر ئەو سوود لەو غازە سوتینراوە وەربگیرێت ئەوا پێویستی وڵات لە هەموو ڕویەکەوە دابین دەکات وداهاتێکی چاکیشی لێوە دەستەبەر دەبێت.
$سەرەتای بەکارهێنانی غازی سرووشتی$
لەکۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا ئینگلیزەکان (کارگەی پوختە کردنی گۆگرد) یان لە لە سەر ڕێگەی کەرکووک دووبز دامەزراند کە ڕۆژانە لە توانایدا بوو 2.4ملیۆن مەتر سێجا غازی سرووشتی وەربکرێت و گۆگردی لێدەربهێنرێت, لە هەمان کاتدا 1.1 ملیۆن مەتر سێجا غازی وشک (dr gas) و 18 هەزار بەرمیل غازی شل (LPG)ی ماڵانی لێبەرهەم دەهێنا, پاشان ئەم بەرهەمانە دوای دابینکردنی پێویستی ناوخۆی کەرکووک ڕەوانەی کارگەی تاجی لە بەغدا دەکرا بۆ بەکاربردنی ناوخۆو بەگڕخستنی کارگەکان. لە باشووری ئێڕاقیش لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە شاری بەسرە دوو یەکەی غازی شل بۆ بەرهەمهێنانی غاز بە گوژمی 200 هەزار تەن لە ساڵێکدا بنیات نرا.
دامەزراندنی کۆمپانیای غازی باکوورو باشوور
لەکۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا وەزارەتی نەوت کۆششی زیاتری کرد بۆ پێشخستنی پیشەسازی غازی سرووشتی ئەوەبوو هەردوو کۆمپانیای غازی باکوورو باشووریان دامەزراند بۆ بەرهەم هێنانی بڕی نزیکەی 2 ملیار پێسێجا غاز لە ڕۆژیکدا لەگەڵ ڕاکێشانی تۆڕێکی فراوانی بۆری گواستنەوەی غاز لە سەرانسەری ئێڕاقدا، نەخشەی پڕۆژەکە وەها داڕێژرابوو کە هەموو غازی ئێڕاق لە شاری بەسرە کۆبکرێنەوە لەوێوە بە کەشتی هەناردەی دەرەوە بکرێن دوای ئەوەی پێویستی ناوخۆ بە تەواوی دابین دەکرێت، بەڵام هەڵگیرسانی شەڕی ئێڕاق ئێران لە ساڵی 1980 پڕۆژەکەی پەکخست. لە ساڵی 1979ڕۆژانە 20 ملیار مەتر سێجا غاز بەرهەم دەهێنرا کە تەنها 20ی سوودی لێوەردەگیرا لە بەر نەبوونی دامەزراوە پیشەسازییەکان، بەڵام لە ساڵی 1989 ڕۆژانە 16 ملیار مەتر سێجا بەرهەمیان بوو کەژی 90ی سوودی لێوەردەگیرا. پاشان شەڕی کەنداو لە ساڵی 1991 و ئابڵوقەی ئابووری پڕۆژەکەی خستە خانەی لە بیرچونەوە. لەدوای پڕۆسەی ئازادی ساڵی 2003 بارودۆخێکی وەها هاتوەتە ئاراوە کە بەهۆی کۆمەڵە فاکتەرێکەوە ئەستەمە کاری وەها گەورەی تێدا ئەنجام بدرێت وەک گەندەڵی بەربڵاوی ناو دام و دەزگا کانی حکومەت، نەبوونی ئاساییش، ململانێی نێوان قەوارە سیاسیەکان.
ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنی غازی سرووشتی
هەناردەکردنی غازی سرووشتی زۆر جیاوازە لە تەکنیکی هەناردەکردنی نەوت.
$دەتوانرێت ئاستەنگەکان لەم چەند خاڵەدا کورت بکرێنەوە:-$
1- هەناردەکردنی غازی سرووشتی پێویستی بە بوودجەیەکی زۆر هەیە بۆ ڕاکێشانی سەدان و بگرە هەزاران کیلۆمەتر بۆری و دامەزراندنی کارگەی شلکردنەوەی غاز پاشان دابینکردنی ئامرازی گواستنەوەیان. پێویستە بڕی ئەو غازەی هەناردە دەکرێت ئەوەندە زۆر بێت لە سەرووی تێچوون و خەرجیەکانەوە بێت.
2- ڕاکێشانی بۆری بە ڕێگەی وشکایی ئاسانترو قازانجترە لە ڕێگەی دەریایی چونکە لە حاڵەتی دەریا پێداویستە تەکنیکیەکان زۆر زیاتر دەبن وەک کەشتی ساردکەرەوە. وڵاتی هەناردەکەر هەردەم دەبێت هاوسەنگیەک لە نێوان هەردوو جۆرەکەی هەناردەکردن.
3- پێش ڕاکێشانی هەر بۆرییەک پێویستە گرێبەستی متمانە پێکراو لەگەڵ چەند وڵاتێکدا ببەسترێت بۆ گواستنەوەی غاز واتە ئەو وڵاتانەی بۆریەکە بە خاکیاندا تێپەڕ دەبێت.
4- دابین کردنی بازار بۆ غازی بەرهەم هێنراو ئەویش لە ڕێگەی گرێبەستی درێژخایەنەوە، ئەوسا دەست بە دامەزراندنی پڕۆژەکە بکرێت.
5- بەردەوام بوون و بێپچڕان لە ناردنی غازی سرووشتی بۆ بازارەکانی بەکاربردن لە جیهان ئەمەش وڵاتی بەرهەم هێن ناچار دەکات بەردەوام خەریکی گەشەپێدانی کێڵگەکانی بێت.
ئێڕاق لە ژێر ڕۆشنایی ئەو بڕەی بەرهەمی دەهێنێت لە غازی سرووشتی لەگەڵ ئەو بارودۆخە نائارامیەی پێیدا تێپەڕ دەبێت وێرای نەبوونی ئەو بودجە زەبەلاحە ناتوانێت ئەمرۆ بێ یارمەتی کۆمپانیا بیانیە بەرهەم هێنەکان هەنگاوی لەو چەشنە بنێت. ئەوەی دەتوانرێت ئەنجام بدرێت کەمکردنەوەی ئەو بڕە غازەیە کە ڕۆژانە بێسود لێوەرگرتن دەسوتێنرێت ئەوەش لە ڕێگەی پەڕەپێدانی تەکنەلۆجیای هەردوو کۆمپانیای غازی باکوور و باشوور ویرای نۆژەنکردنەوەی تۆری بۆرییەکانی گواستنەوەی غاز لە ناو ئێڕاقدا تا سوود لە زۆرترین بری غازی بەرهەم هێنراو وەربگیرێت بۆ کارگەو ویستگەکانی کارەبا. مەنتیق وڵاتێک بیر لە هەناردەکردنی غاز بکاتەوە ئاستی پیشەسازی پترۆکیمیاویشی زۆر نزم بێت.
هەرکاتێک پێویستی ناوخۆ بە تەواوی دابین کرا و توانرا ژێرخانێک بۆ بەرزکردنەوەی بڕی غازی بەرهەم هێنراو دابین بکرێت ئەوسا دەتوانێت کارگەیەکی شلکردنەوەی غاز بنیات بنرێت و گرێبەست لە گەڵ وڵاتاندا بکرێت تا بۆرییەکانی خۆی بە تۆڕی گواستنەوەی ئیقلیمیەوە ببەسترێت. [1]