نووسەر: #ڕێبوار سیوەیلی#
وزەی نەتەوایەتی زۆر جار وزەیەکی بینراو نییە و شاراوەیە. لەڕووی مێژووییەوە، کۆی ئەو ڕەهەندانەی بۆ مانەوەی نەتەوەیەک پێویستن، لە ماتەریاڵیی و نامەتریاڵی، لە دیار و نادیار، لە بەرجەستە و شاراوە، لە سرووشتیی و دەستکرد، بە وزەی نەتەوایەتی ناو دەبرێن. لێرەوە، گرنگیی درەختێک لە ژینگەی سرووشتەکەیدا و پاراستنی بەهۆی قەدەخەی داربڕینەوە، بە هەمان ئاست بۆ نەتەوە گرنگە، وەک قەدەخەی کارکوشتەکردنی مناڵان لە تەمەنی منداڵییاندا. مانەوەی خێزانە ئاژەڵییەکانی ناو سرووشت لەڕێگەی قەدەخەکردنی ڕاوەوە، بەهەمان ئاست گرنگیی هەیە، وەک قەدەخەکردنی تۆڵە و ژنکوژیی و پاراستنی خێزانە مرۆییەکان لە ڕێگەی سزای توندیی یاساییەوە. بەهەمان شێوە، دەستگرتن بە ئاو، کارەبا، گازەسرووشتیەکان و سامانە نیشتیمانیەکانی ترەوە، هەمان گرنگییان هەیە کە بەڕێوەبردنی باش و پێویستیی فەرمانگەیەک هەیەتی و کە لێخوڕینی یاسایی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان.
هەر چەندە کایەی سیاسیی، باڵادەستترین کایەی ناو کۆمەڵگایە، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانێ کایەیەکی بەفیڕۆدەر بێت. بۆیە ئەوە دژوازیەکە ئێمە ئاماژەی پێدەکەین، کاتێ وتارەکەمان ناوناوە: (بەفیڕۆدانی وزەی نەتەوایەتی لە کایەی سیاسیدا)! دژوازییەکە لەوەدایە، کە ئەم کایەیە دەبێت بە پێویست کایەیەکی نەتەوەساز بێت، لە کاتێکدا وزەی نەتەوە بەفیڕۆدەدات.
بۆیە دەمەوێت لە ڕێگەی قسەکردن لەسەر سێ نموونەوە، باس لەم بارودۆخە بکەم کە کایەی سیاسیی کورد تێیکەوتووە و ئاماژە بە زیانەکانی بکەم، نەک هەر بۆ ئێستا بەڵکوو بۆ داهاتووش.
لە کایەی سیاسیدا، وزەی نەتەوایەتی بەزۆر شێواز بەفیڕۆ دەدرێت. یەکێک لە شێوازەکان ئەوەیە، ئەو کایە سیاسییە هووشیار و ئاگا نەبێت بە بوونی وەها وزەیەکی نەتەوایەتی، لەدەرەوەی کایەی ئابووریی و سامانە سرووشتیی و گشتییەکان. ئەمەش لەبەر ئەوەی وزەی نەتەوایەتی هەر تەنیا لە ئابووریی و ماتەریاڵییەتدا کورت و بچووکناکرێتەوە. نەوتێکی زۆر، یان کانزای زۆر، یاخود فراوانکردنی کەرتەکانی بازاڕ و کەرتی تایبەت و بازرگانیی ئازاد، پێویستیی بە پلانیی تایبەت و پێشوەخت و داهاتوو بین هەیه. پلاندانان و پێشبینیکردنی دۆخە گۆڕاوەکانیش سەبارەت بە هەر کامێک لە و کەرت و زەمینانە، پێویستیی بە کادریی شارەزا و مەهارەتیی پیشەیی و زانست و ئەقڵانییەت هەیە. بەمجۆرەش، ئەقڵانییەت وزەیەکی نەتەوایەتیی و مرۆییە، کە بۆ بە ئەنجامگەیشتنی ئەو پڕۆسەیە پێویستمان پێیەتی. پێویستمان پێیەتی وەک وزەیەکی مرۆیی بۆ گەیشتن بە و ئامانجانەی خەباتیان بۆ دەکرێ و پێویستیشمان پێیەتی بۆ ئاڕاستەکردنی هەنگاوەکانمان. بەبێ ئەقڵانییەت و تەگبیری دانایانە، دەکرێ کۆی ئەو سامانە سرووشتیی و گشتیانەی دیکەی وڵات بەفیڕۆ بدرێن کە دەردەهێنرێن و بە شێوازێکی نا ئەقلانیی سوودی کاتییان لێوەردەگیرێت.، ئەو کات ئەقڵ وەک شێوازێکی ئاڕاستەکردن و وەک وزەیەکی مرۆیی، بەخەسار دەچێت و ئامانجەکەی ناپێکێت..
جۆرێکی دیکەی بەفیڕۆدانی سامانی سرووشتیی و مرۆیی لە کایەی سیاسیدا ئەوەیە که: کۆدەنگیی نەبێت. نەبوونی کۆدەنگیی، پێش هەموو شتێک نیشانەی ئەوەیە کە مەرجەعێکی دەسەڵات بوونی نییە و یەک قسەیی نەبۆتە جێگرەوەی فرەقسەیی. ئەمەش وەها لێکدەدرێتەوە، کە بەرانبەر ناتوانێت، یان بە زەحمەت دەتوانێت، لێت بێتە پێشەوە بۆ هاوکاریکردن و بیروڕا گۆڕینەوە. نەبوونی یەکقسەیی لە مەسەلە هەستیارە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکاندا، وا دەکات دەستەکانی یارمەتیی دەرەوە، دۆستان و بڕواداران بە خەبات و کێشەکەت، پەرتەوازە ببن و بەفیڕۆبچن، چونکە لە دۆخیی ئاڵۆزیی ناوخۆیی و فرە کوێخاییدا، هیچیان ناتوانن بڕیار بدەن کە ڕوو بکەنە کوێ و لەگەڵ کێدا بیروڕاکانیان بگۆڕنەوە بە ئاڕاستەی چارەسەرکردن و دۆزینەوەی چارەسەر.
جۆرێکیتری بەفێرودانی وزەی نەتەوایەتی بریتییە لە نەبوونی وەسێتنامە و گرێبەست لەنێوان لایەنە سیاسیەکاندا، یان نەبوونی پەیمانێک، کە ئێستا ببەستێت بە داهاتووەوە و دڵنیامان بکاتەوە لەوەی کە داهاتوو نەبەسترێت بە مانەوەی فیزیکی و بایۆلۆژیانەی ئەم لایەن و ئەو سەرکردەوە. نەبوونی وەها پەیمانێک و هاوپەیمانییەک، بۆخۆی لە ڕوانگەی داهاتووەوە و بۆ نەوەکانی پاشەڕۆژ لە هەمان کایەی سیاسیدا، سەرلێتێکدەر و وزە خەسارکەرە.
ئەم سێ جۆرەی بەفیڕۆدانی وزەیە لە ئێستای کایەی سیاسیی ئێمەدا، زۆر لە برەودایە، ئەگەر نەڵێم یەکێکە لە خەسڵەتە هەرە دیارەکانی.
کایەی سیاسیی ئێمە ڕێزی ئەقڵانییەت ناگرێت و بڕیار و ئەدگارەکانی زیاتر لەوەی ئەنجامی ئەقڵانییەت و تەگبیر و پلان بن، ڕەنگدانەوەی میزاج و بڕیار و پەرچەکرداریی شەخسین. نەبوونی وەها ئەقڵباوەڕییەک لەناو ئەم کایەیەدا، بوارێکی زۆری بۆ تەفسیر و ڕاڤەی هەڵە بەجێهێشتووە. ڕاڤەی هەڵە کاتێ درووست دەبێت، کە ئێمە نییەتی یەکتر نەزانین و بەڕاست و چەپدا و لەسەر بنەمای سایکۆلۆژیایەکی کەڵەکەبووەوە، لێدوان بدەین. بڕیاری ئەقڵانیی، پێش هەموو شتێک هەڵگریی بنەماکانی ستراتیژیی سیاسیی و کۆدەنگییە.
نەبوونی کۆدەنگیی لەنێوان لایەنەکانی دەسەڵات و ئەمان و ئۆپۆزیسیۆنەکان یەکێکە لە لۆگۆکانی ناسینەوەی سیاسەتی کوردی. خەسڵەتی ئەم نەوەیەی ئێستای سیاسییە کوردەکان ئەوەیە، لەسەر هیچ شتێک کۆک نین و گرد نابنەوە، ئەوە نەبێت کە لەسەر کۆک نەبوون، کۆکن!. ئەم خەسڵەتە وایکردووه، زۆرێک لە دەستەکانی یارمەتیی و دۆستانی کوردستان لەدەرەوە تووشی سەرسووڕمان ببن و نەتوانن، یان نەیانەوێت، دەستپێشخەریی خۆیان بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشە هەستیارەکان بکەن، لەوانە مەسەلەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتێک لە کوردستان. نموونە دەهێنمەوە:
پێش چەند ساڵێک بەر لە ئێستا و لە 2003وە، لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لەلای ئەمەریکی و لەلای بەریتانییەکان، کۆدەنگییەک هەبوو لەسەر ئەوەی ئەوان لە ئێڕاقی نوێدا، مامەڵە لەگەڵ بەغدا وەک سەنتەرێکی سەرەکیی دەکەن و هیچ لایەنێکی دیکە بە فەڕمیی ناناسن. هەر کەس سەردانی سایتی فەڕمیی ئەو ئۆفیسانە بکات، کە نوێنەرایەتیی ئەو ڕێکخراو و وڵاتانە دەکات، بۆی دەردەکەوێ کە هیچکات وەها دۆکێۆمەنتێک نییە بۆ بەڕەسمییەت ناسینی هیچ لایەنێک و هەرێمێک، لە بەغدا زیاتر.
ئەمێستا هەندێک لەمانە بیروڕایان گۆڕاوە، هۆکاری ئەم بیروڕاگۆڕینەش بارودۆخیی ئێڕاق بەگشتی و نەبوونی ئاساییشی گشتییە لە و وڵاتەکەدا.، بێجگە لە هەرێمی کوردستان. هەربۆیەش لە ئێستادا ئۆفیسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بەچاوێکی دیکە تەماشای ئێڕاق دەکەن و زیاتر ڕوویان لە لقەکانیانە لە هەرێمی کوردستاندا. سەردانی سەرۆکی ئەم ڕێکخراوە پێش ماوەیەک بۆ هەرێمی کوردستان و دانیشتنی لەگەڵ هەندێ لە سەرکردە کوردەکان، ئاماژەیەک بوو بە ئاڕاستەی ئەو دانپیانانە شاراوەیەی ئەم ڕێکخراوە بە هەرێمی کوردستاندا وەک سەنتەرێکی باش بۆ کارەکانی خۆیان. بەریتانییەکانیش نیگای خۆیان لەسەر بەغدا گواستۆتەوە بەڵام بە کەمێ وریایی موحافیزەکارانەوە، کە سرووشتی سیاسەتی ئەو وڵاتە دەستنیشان دەکات. ئەمەریکییەکانیش بەهەمان شێوە لەنێوان ئەم دوو پێگەیەدان، بەبێ ئەوەی هەڵوێستی خۆیان بە ئاشکرا دەرببڕن.
لێرەدا ڕاستییەک هەیە، کە پێویستە ئایدیاڵیزە نەکرێت: هەموو ئەم لایەنانە بەرژەوەندیی خۆیان لە ئێڕاقدا هەیە و لە کوردستاندا بەتایبەتی. بەرژەوەندییەکانی ئەوان و بەرژەوەندییەکانی کورد (خاڵی هاوبەش)ن. بەڵام ڕاستییەکی دەروونیش لەناو ڕاستیی یەکەمدا هەیە، کە پێماندەڵێت: نە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نە بەریتانییەکان و نە ئەمەریکییەکان وەک جاران بیر لە هەرێمی کوردستان ناکەنەوە، چونکە لانی کەم لێرە بەر ژەوەندییەکانیان هەڕەشەیان لەسەر نییە. وەلێ هیچکامێکیشیان لەبەر بەرژەوەندییەکانیان، دەستپێشخەرنابن لە، بۆنموونه: دامەزراندنی دەوڵەتێک لە هەرێمی کوردستاندا. ئەمە کار و بڕیاری کوردەکان خۆیانە، لەبەر ئەوەی مافیانە وەها دامەزراوەیەکی سیاسیان هەبێت، لە فۆرمی دەوڵەتدا، جا ناوەرۆک و مۆدێلی ئەو دەوڵەتە هەرچییەک بێت. بۆیە وەستان و دۆشدامان و چاوەڕوانیی کوردەکان لەم کاتەدا، بەفیڕۆدانێکی گەورەیە و نیشانەی نەبوونی سەنتەرێکە کە هاوڕێیانی کورد و دڵسۆزانی کێشەکەی، ڕووی تێبکەن. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کورد نەیتوانیوە ئەو وێنەیە لەسەر خۆی و لە سەر یەکگرتوویی گوتاریی سیاسیی بدات، بۆیە ئەو وزەیەش کە لە ئارادایە بۆ بڕیاردان، بە فیڕۆ دەچێت و دۆست و دڵسۆزان سارد دەکاتەوە.
سێهەمین جۆری بەفیڕۆدان بریتییە لە نەبوونی میساق و پەیماننامەیەکی بانحزبیی و باڵاتر لە ناکۆکیی و پەیوەندییەکانی نێوان ئۆپۆزیسۆن و دەسەڵات، کە تیایدا سیاسەتی نەتەوەیی و ستراتیژیی ئاییندەیی دەستنیشان کرابێت. هەبوونی پەیماننامەیەکی وەها، جگە لە نەمرکردنی ناوی واژووکەرانی، ئاواش لە حاڵەتی بەئەنجام نەگەیشتنی ئەم میساقە لە ماوەی ژیانی سەرکردەکانی ئێستادا، نامەیەکی کراوە دەبێت بۆ نەوەکانی داهاتوو. بوونی وەها پەیماننامەیەک لەسەرووی بیروڕای ئایدیۆلۆژیی لایەنە پێکهێنەرەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسۆنەوە، جگە لە بەها پەروەردەیی و سیاسییەکەی، ئاواش هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی نەتەوەسازیدا. لەمەشدا بەفیڕۆدانێک ئامادەیی هەیە و بەدگومانیی و بێبتمانەیی کە هەردووکیان پاشماوەی زەینییەتی پێشمۆدێرنن، لە سیاسەتی کوردەکاندا، بەرجەستە دەکەن.
ئەم ساتەوەختەی تێیدا دەژین، پێویستە لە ساتەوەختی پەرچەکردار و گەڕانەوە بۆ یادوەریی کەڵەکەبووی نێوان لایەنەکانەوە، بیگوێزینەوە بۆ ساتەوەختێکی دۆستانەتر. ئێمە هەموومان پڕ و بێتاقەت بووین لە پڕۆسە و سیحرەکانی بەدوژمنکردنی بەرانبەر و پیشاندانی یەکتر لە سیمای دێوێکی زەبەلاح، یان جرجێکی ترسنۆک، بەڵام بە مقاوەمەت! ئەدەبیاتی هەمووان پڕە لە و ڕستە و داڕشتنانەی کە مەودای نێوانمان بەرینتر دەکەن و ئەو ڕستە و داڕشتنانەی لێکرتیان دوورخستوینەتەوە، هێندەی شانامەن، کە لە پشتیانەوە گەلێک ڕووداوی دڵتەزێن بەرهەمهاتوون و کۆمەڵگا باجەکەی داون.
بۆیە پرسیاری سەرەکیی لە ئێستادا ئەوەیە، کەی سەرکردە کوردەکان دەست لە بەفیڕۆدانەکان و زەینییەتی پەرچەکردایی هەڵدەگرن و پێکەوە و بە پلان و تەگبیری ئەقڵانیی، داهاتوو دەخوڵقێنن؟[1]