$لە شۆڕشی یاسەمینیەوە بۆ شۆڕشی حیجاب$
لەنێوان داڕشتنی وێژەییانە و شرۆڤەکاریی سیاسیانە...
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
گۆڕینی ڕژیمە عەرەبیەکان لە ساڵی 2010ەوە دەستی پێکرد کاتێک شۆڕشی یاسەمینی لە تونسی هەڵایسا. لەو مانگەدا گوڵی یاسەمینی چرۆ دەکات بۆیە ئەو شۆڕشە ناوی لێنرا شۆڕشی یاسەمینی بەڵام دواتر ئەمریکا و ئەوروپا لە ڕێگەی جورناڵیستە موخابەراتیەکانی خۆیانەوە هەم چەمکەکە و هەم ناوەکەیان گۆڕی و کردیان بە بەهاری عەرەبی بەو نیازەی وشەی شۆڕش بوونی نەبێ لەو ڕووداوانەدا. ئەو بەهاری عەرەبیەی ئەوان ناویان لێنا جگە لە پایزێک و زستانێکی پر باوبۆران هیجی تری لێ بەرهەم نەهات. هەرچەندە دوای ڕووداوە گەورەکەی 2013ی میسر عەبدولفەتاح ئەلسیسی تا ڕادەیەکی باش بارودۆخەکەی هێنایەوە شوێنی خۆی کە هەم دانانی سنوورێکی بەهێز بوو بۆ ڕاگرتنی مەدی ئیخوانیزم و هەم پۆرت شکاندنی پلانی کۆنەپەرستی ویرانکەری ئەمریکا بوو کە دەیویست ئەوەی لە ناوچەکە بە پاوە ماوە ئەوەش نەهێڵی.
بەهەرحاڵ، ئێستا لە ئێران بە وێنەی ڕاپەڕینەکانی تری خەڵک لە شەپۆلی شؤڕشدا دێت و دەچێ و ئەم ڕووداوە هەقە بە شؤڕشی حیجاب ناو ببرێ. حیجاب یەکێک لە ڕەمزە سیاسی و ئایدیۆلۆجیەکانی ئیسلامی سیاسی و پیاوسالاریە کە لەم سەدەیەدا ئافرەتی پێ لە قاوغ دەدرێ. بۆیە ناونانی بە شۆڕشی حیجاب شۆڕشێکە دژ بە مەدی ئیسلامی سیاسی بە هەموو باڵەکانیەوە هەر لە ئیخوانیزم و وەهابیزمەوە تادەگات بە شیعەیزمی ئێرانی. بەداخەوە تاکو ئێستا هێزێکی سیاسی جەماوەری بوونی نەبووە لەو جۆش و خرۆشانە جەماوەریە سەراسەرییەی ئێراندا و ئایا ئەنجامەکەی بە وێنەی ڕاپەڕینەکانی تری وەک شۆڕشی سەوز دەچێ یان نا وەک لە ساڵانی ڕابردوودا ڕوویدا لەو وڵاتەدا.
دوو دید لە نیوەندی ڕۆشنبیری و سیاسی ئێمەدا هاتوونەتە دەر لەم بارەیەوە و خەریکن جێ دەگرن لە دنیای ئیستای ئێمەدا بۆ ئەو ڕووداوە.
لێکدانەوەی ڕووداوگەلی وەک ئەوەی لە ناوچەکە و ئێراندا ڕوودەدات بە شرۆڤەی سیاسی بابەتی دەکرێ نەک بە تەقینەوەی سۆزی نەتەوەیی یاخود بە داڕشتنی ئەدەبیانە وەک هەندێ کەس دەستی بۆ دەبەن. بەڵگەکانی ڕووداوەکەی ژینا ئەمینی ئەوەمان پێدەڵێن کە ئەو بەهۆی کوردبوونیەوە وای لێ نەهات بەڵکوو بەهۆی حیجاب بوونیەوە تووشی بوو بە مەرگەوە. ئەم ڕاستیە نە لە هەستی نەتەوەیی و نە لە گرنگی ڕووداوەکەش کەم دەکاتەوە. دیارە حیجاب بوون ڕەمزێکی گەورەیە بۆ ڕوروداوێکی گەورەتر گەر هێزی گەورەی وەک پارتی سیاسی جۆراوجۆر و سەندیکا کرێکاری و جەماوەریەکان لە پشتی بێ وەک لە تونس شۆڕشی یاسەمنی بەرهەم هێنا. زۆربەی ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشە مەزنانەی جیهان بەهۆی ڕووداوێکی وەک خۆسوتانی بوعزيزی یاخود کوشتنی ژیناوە بووە بەڵام تەنیا خاسیەتێک کە ئێران لەوانی تر جیادەکاتەوە ئەوەیە کە ئایا ئاڕاستەی ئەم ڕووداوانە بە بێ هێزێکی سیاسی هیچی لێ بەرهەم دێت وەک ئاڵوگۆڕی سیاسی گەورە ڕوویدا لە تونس. بێگومان نەخێر. ئەم نەخێرە بە مانای بێ هیوایی یاخود کەم تەماشاکردنی ئەو ڕووداوانە نین کە لەسەر جادەکانی شارەکانی ئێران ڕوودەدەن بەڵکوو بە مانای خەمێکی گەورەی سیاسیە کە حەیف بزاوتێکی سیاسی ڕێکخراو نییە ڕابەرایەتی ئەو ڕاسانە جەماوەریە بکات.
خاسیەتێکی گرنگ کە لەم جارەی توڕەیی خەڵکی ئێراندا هەیە ئەوەیە کە لە ڕووی تیئۆریەوە یەک پەیامی هەیە و لە ڕووی پراکتیشەوە یەک هەنگاوی هەیە ئەویش بە گشتی کردنی ئەو ڕووداوەیە لە لای هەموو خەڵکی ئێران بەدەر لە ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینیان. بۆیە کورداندنی ئەو ڕووداوە و بەرجەستەکردنی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان کورت تێگەیشتنێک بە ئێمە دەدات لەو بارەیەوە. ژینا ئەمینی بۆتە ڕەمزێکی شۆڕشی دژە حیجاب و ئازادی ژن نەک هەر لە ئێران بەڵکوو لە هەموو ناوچەکە و جیهانیشدا.
باسکردن لەو ڕووداوەی ئێران بە دەربڕینی وشە و شێوازی ئەدەبیانە جگە لە نەزانین و تێنەگیشتن بۆ بارودۆخی سیاسی هیچی تر نیە. ئەمە داڕشتنێکی ئەدەبی نییە تاکو بە وشەی ڕەنگاڵەیی و فرەبڵێیی شیکارکاری بۆ بکەی بەڵکوو ئەمە ڕووداوێکی سیاسیە و با ئەوانەی ئیختیساسی تایبەتیان هەیە لەو بوارەدا شرۆڤەی بۆ بکەن. شرۆڤەکردنی ڕووداوی سیاسی بە چەمکی سایکۆلۆجی و مەعریفی و تەسکبینی کەسێک و دوان نایاتە دیتن بەڵکوو بە دەستگرتن بە دید و چەمک و هاوکێشە و ململانێ سیاسیە ناوخۆیی و نێوچەیی و نێودەوڵەتیەکان و ئەو فاکتە حازر بەدەستانەی ئامادەن دەتوانرێ تێگەیشتنی بابەتی لەو ڕووداوگەلی ئاوها بکرێ.
هەر عەقڵێکی ڕاسیستی و تەسکبینی نەتەوەیەک بۆ ئەوی تر بە وانەی پەروەردەیی نییە بەڵکوو بە ڕووداوگەلی سیاسیە کە ئاڵوگۆڕ بەسەر هەموو تێگەێشتنە و چەمکەکاندا دێنێت. بۆ نموونە ئێرانیەکانی دەرەوە، ئێرانیەکان مەبەستم فارسەکانە، ئیستا بەو دەرئەنجامە گەیشتوون کە ئێران بۆ ئەوەی وڵاتێکی گەشەکردوو و ئارام بێت دەبێ قانونی فیدراڵی یاخود مافپێدانی بە هەموو گەلەکانی تری ئێران بدرێت، واتە ئێران بۆ هەموو گەلانی ئێران نەک هەر بۆ فارس و زمانی فارسی و کەلتوری فارسی. ساڵی (2001-2002) ڕەزا پەهلەوی، کوڕی دوایین شای ئێران لە سیمینارێکدا لە وڵاتی کەنەدا بە ئاشکرا دانی بەم ڕاستیانەدا نا کە من لێرەدا باسم کرد و بگرە چەندان سەڵتەنەت تەڵەبیش دەناسم کە گەیشتوون بەو قەناعەتەی کە ئێران دەبێ بببێ بە وڵاتی هەموو گەلانی ئەو وڵاتە واتە فیدراڵی. جا بۆیە ئەوەندەی ڕووداوە سیاسیەکان بومەلەرزە لە بیر و کرداری ئینسانەکاندا درووست دەکەن وانەی پەروەردەیی یاخود خۆ-تەسقیف کردن درووستی ناکات. عەرەبێکی شیعە یا عەرەبێکی سوونە کە باس لە کوردستان دەکات ئەوا ڕووداوی سیاسی گەورە ئەو تەکانەی بە بیر و کرداری داوە نەک لە وانەی سیاسی و فکریەوە خۆی پەروەردە کردبێ. بۆ کابرایەکی فارس زوبانیش ئاوهایە، گەر دوو سبەی ئاڵوگۆڕێکی سیاسی لە وڵاتدا بەرپا ببێ ئەوا بیر تەسکیەکەی ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت وەک چۆن ئیستا لە هەموو شوێنێکی ئێرانەوە کچە کوردێک، کە هەموان دەزانن ژینا کوردە، دەبێت بە ڕەمزی بەرنگاربووەیان و لە زۆر شوێنی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا ناوی کورد و کوردستان دەبیسترێ. ئەمە مافی گەلانی ئێران دەباتە جێگەیەکی بەرزتر نەک سۆزی نەتەوەیی کوردبوونی دژە گەلانی تری ئێران یاخود بجووککردنەوەی گەلی فارس بۆ کەسێک و بازنەیەکی تەسک. ڕووداوە سیاسیە نوێکان شتەکان بەرەو فراوانی دەبن بەتایبەت دنیای ئیستا دنیای هاوکاری و هاوپشتیە نەک لێکدابڕین و دژ وەستانەوە بەرانبەر بە یەکتر جا لە ژیر هەر ناوێک و بڕوبیانویەکدا بێت. [1]