$خولیا سیاسیە نوێیەکان لە دنیای سیاسی تازەدا$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
دەرکەوتنی جەمسەرە نوێیەکانی دنیای تازە نەخشەی جیهان بەرەو داڕشتنەوە دەبات. ئەوەی لەو نیوەدا ون دەبێ دەوڵەتی نەتەوەیە. ئەو دەوڵەتەی نەتەوە ژێردەستەکانی وەکو کورد و تامیل و تیبت و کەتەلۆنیا و باسک و سکۆتلاند بە نموونە، خەونیان پێوە دەبینی و بۆیان بەدی نەهات یاخود خۆیان بوونە باعسی نەهاتنەدی وەک کورد لە باشوور. بە پێی هەموو هاوکێشە سیاسی و ئابووری و سەربازیەکان بلۆکی ڕۆژهەڵات بە هێزێکی گەورەوە دێتە دەر و دەتوانێ بە ئاسانی بەرانبەرکێی ڕۆژاوا بکات گەر جێگەی پێ لێژ نەکات. سێ وڵاتی گەورە لە ئاسیای دوور وەک چین و ڕوسیا و هند، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش عەرەبستانی سعودیە ئەو وڵاتانەن کە حوکمی نیوەی زیاتری دنیا دەکەن. تەکنۆلۆجیای نوێ کە بە دڵی سەرمایەگوزاری دنیای نوێ دادەنرێت پشت ئەستورە بە وزە و هەندێ مادەی خاوی وەک یۆرانیۆمی پیتێنراو سەرچاوەکەی لە وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵاتەوەیە بە تایبەت ڕوسیا. ئەمە جگە لە سەرچاوە سرووشتیەکانی تری وەک نیکل و زینک و ئەلەمنیۆم و مەگنیسیۆم و پۆتاش و هتد. دیارە گاز و نەوت و کاڵاکانی چینیش لەو لاوە بوەستێ.
کێشە سیاسیە گەورەکان کە ئەو وڵاتانەی جەمسەری ڕۆژهەڵات چەندان ساڵە بە دوایەوەن تاکو چارەسەری بکەن چ سیاسی یان سەربازی وا خەریکە دەخەمڵێ و یەکێکیان بە تەواوی تەقیوەتەوە وەک ئۆکراین و ئەوی تریشێان وەک تایوان وا لە کوڵیندایە و هەندێکیشێان وا لە پڕۆسەی دیپلۆماسی تەواو بووندایە وەک وەرگرتنەوەی هەر دوو دوورگەی سەنافیر و تیرانی سعودیە کە دەکەوێتە سەر دەریای سوور. دانیشتنی ژێر بە ژێر لەنێوان سعودیە و ئیسرائیلدا هەیە بە نێوەندگیری ئەمریکا. بەڵام گەورەترین مەسەلە کە ڕێگرە لەبەردەم دەرکەوتنی سعودیە وەک هیزێکی گەورەی ناوجەکە و جیهان قەتەرە.
سعودیە کە پێشتر لە سێ و چوار ساڵی ڕابردوودا پشتیونای لە قەوارەی کوردی دەکرد لە باشووری کوردستان و خودی هەرێمیان پێ هەڵەخەڵەتاند لەوەی پشتیوانی دەکەن گەر ئەو هەنگاوە بنێ و تەنانەت نوێنەرە سیاسی و ئەکادیمیەکانی سعودیە لە ئەمریکا و ناوەوەی سعودیەش باسیان لە درووستبوونی کوردستانی گەورە دەکرد وەک ڕکابەریەک لەگەڵ تورکیادا. گەر نەخشەی دنیا داڕێژرایەوە و ناوچەکان بکەونە ژێر دەستی دەوڵەتە گەورەکانی ناوچەکە ئەوا سعودیە لەو نێوەدا دەستەبرداری هەریم یاخود ڕوونتر بڵێم دەستبەرداری بەشێکی زۆری سووریا/ ڕۆژئاڤا دەبێت بەو مەرجەی تورکیا بێدەنگی بکات لەوەی سعودیە قەتەر بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. زۆربەی ئەکادیمیست و سیاسیەکانی نیمچە دورگەی عەرەبی لەسەر ەئوە کۆکن کە سعودیە چاوی لەسەر قەتەرە و ئەگەرێکی زۆر هەیە کە ڕۆژێک دێت سعودیە پەلاماری بدات. کێشەکانی سعودیە و قەتەر زۆرن بەڵام دوانیان گەر بڵێم هەم ئادیۆلۆجی سیاسی ئایینین و هەم قوتبەندێتی نیمچەدورگەی عەرەبیە کە قەتەر ڕکابەرێتی سعودیە دەکات لەم بابەتە تسراتیجیە گەورەیەی سعودیەوە و سعودیەش ئەمە قبوڵ ناکات کە جگە لەخۆی دەولەتێکی تر سەردارێتی نیمچە دوورگەکە بکات.
گەر بۆ هەر دەوڵەتێکی تر ئابووری دڵی هەر هەنگاوێک بێت بۆ پاوانخوازیەکەی ئەوا ئەولەویەت بۆ تورکیا مەسەلە نەتەوەییەکەیەتی کە کورد و پرسەکەی گەورەترین کێشەی بۆ درووست دەکەن. هیچ یەکێک لە دەولەتەکانی دنیا هێندەی تورکیا لەسەر بنەمایەکی قەومی ڕەگەزپەرستانە درووست نەبووە کە کورد یەکێکە لە پایە سەرەکیەکانی هەبوونی دەوڵەتی تورکیای نوێ. بۆیە ئامادەیە دەستبەرداری هەر ناوچەیەکی تری وەک بەڵکان و قەتەری هاوپەیمانی ستراتیجی ببێت کە لە بەرانبەردا کورد و مەسەلەکەی پێ بمرێنێ. ئەم ڕوحە نەتەوەییە ئێجگار ناسازە ترسناکە لە مێژووی ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانیدا ڕەنگی دایەوە کاتێک تورکیا دەستبەرداری هەموو ناوجەکانی ژێر دەستی خۆی بوو کەچی وازی لە کورد و کوردستانەکی نەهێنا و هەموو هەوڵێکی نێوخۆیی سەربازی و نیودەوڵەتیدا تاکو باکووردی کوردستان بلکێنێ بە خۆیەوە و نەشهێڵێت کورد ببێ بە خاوەن قەوارەیەکی سەربەخۆ. دیارە ئەمە هۆکارێکی یابوری سیاسی مێژوویی گەورەی لە پشتەوەیە و ئێرە جێگەی ئەو باسە نیە.
گەر لە دەیەی نەوەدەکاندا شاهیدی درووستبوونی قەوارە نەتەوەییەکانی بۆ نموونە وەک وڵاتانی ناوچەی بەڵکان بووین، ئەوا دوو دەیەی ڕابردوو شاهیدی توانەوەی ئەو خەونە نەتەوەییانەین چونکە درووست بوونی دەوڵەتی نەتەوە نەیتوانی ژیانێکی شایستە بە مرۆڤەکانی وڵاتەکانیان بهێنێتە دی و بگرە نیشتمان لێینا بوو بە دێوەزمەیەک و لێی ڕادەکەن و کوردستانی خۆمان و وڵاتانی بەڵکان و تەنانەت وڵاتە نەتەوەییە کۆنەکانیش نەیانتوانیوە ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیەکانیان فەراهەم بێنن وەک تورکیا و ئێران بە نموونە. ڕاکردن و کۆچکردنی قانونی و غەیرە قانونی هاووڵاتیانی تورک و فارس و وڵاتانی تری وەک ڕۆمانیا و ماڵتا و بۆسنە و کرواتیا و ..هتد ئەو بەڵگەیە دەسەلمێنێ کە مرۆڤی سەردەم کاتێک بە دواوی دەوڵەتی نەتەوەییەوە بوو تاکو ژیانێکی شایستەی تیدا بۆ بەرهەم بهێنێت بەڵام کە ئەمە نەبوو ئەوا گەورەترین درۆی مێژوویان لەگەڵ خۆیاندا کردووە. پاشگەزبوونەی مرۆڤ لە دەوڵەت نەتەوەیی کە بەرهەمی دوو سەدەی ڕۆژاوایە دەکرێ حەتمیەتێکی مێژوویی بێ هەر وەک چۆن درووستبوونەکەی حەتمیەتێکی مێژوویی بوو.
گەر تەنیا یەک لایەنی گرنگ لەبەر چاو بگرین وەک هەڵهاتن و کۆچکردنی ملیۆنان مرۆڤ لە ژێر ناوی پەنابەر بووندا ئەو ئەفسانەی قەوارەی نەتەوەیی بوون و دەوڵەتی نیشتمانیە ڕەت دەکاتەوە. هەر خودی ئۆراین، ئەوەندەی خەڵک بوونە پەنابەر کە تا ئیستا خۆی لە دە ملیۆن ئۆکراینی دەدات گەر لە سەدا دەی ئەو ژمارەیە شەڕیان بکردایە ئەوا مانای نەتەوەی و قەوارەکەی شتێکی تری دەگەیاند. بۆ ڕوسیا، وەک نموونە، مەسەلەی نەتەوەیی نییە بەڵکوو مەسەلەی هەڕەشەی بوون و نەبوونی میللەتێکە و هەروەها وتبێکی پاوانخوازی دنیاشە.
دەوڵەتی نەتەوە یاخود دەسەلاتدارێتی نەتەوەیی کە لەم سێ دەیەی ڕابردووەوە خەڵک دەستوپەنجەیان لەگەڵ نەرم کرد جگە لە دێوەزمەیەک هیچی تریان لێ نەبینی، و گەڕان و خەونبینین بە دوای ژیانێکی باش لە وڵاتە نانەتەوەییەکان یاخود وڵاتی هاووڵاتی بوون نەک نەتەوەیی بوونی وەک لیبراڵ دیموکارسی غەربی ئەو پرسیارەی هێناوەتە پێش دەوڵەتی نەتەوەیی چی بۆ کەسەکانی هێناوە جگە لە جەنگی گەورەی جیهانی و جەنگە بەردەوامەکانی تری دنیا و ناوجەکە و گەندەڵی ڕەها و درووستبوونی چینێکی ملیاردێری چەند سەد کەسی کە حوکمی گێتی دەکەن، و بگرە خودی فەنابوونی جیهان وا خەریکە دەبێتە هەنگاوی جدی ئەو تەلیسمە فکریانە لە هزری مرۆڤدا دێن و دەچن. تەنانەت ئەم پرسە بۆ خودی دەوڵەتانی هاووڵاتی بوونی ڕۆژاواییەکانیش هەروایە کە ڕۆژ بە ڕۆژ دیتنی دنیایەکی ناداد و ڕۆژگارێکی سەخت و گرانی و بێ دادی لە تاو ژیان هەمان ئەو پرسیارە دەوروژێنێ کە ئایا دەوڵەتی هاووڵاتی بوونی هی هەموانە یان ئەو چینە لە سیاسی دەسەڵایتدار و ئابووری گەورە کە تەنیا بە دوای قازانج و بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوەن. کێشەی ئۆکرانیا و ڕەنگدانەوە نەرێنی و خراپەکانی بەسەر ژیان و گوزەرانی دەوڵەتانی هاووڵاتیبووندا حەتمیەتی بوونی قەوارەکان و مانا سیاسی و ئابووریەکانی خسستۆتە ژێر ۆرسیاری هاووڵاتیانیان و گەر نەتوانن بگەڕێن بە دوای دەلاقەکانی بینینیدا ئەوا موحەیەرماون و نازانن چی بکەن و بەرەو کوێ هەنگاو بنێن.
لە هەموو دەورە مێژووییەکانی دنیادا گەڕوان بە دوای ژیانێکی باشدا هەوڵ و خەونی بەردەوامی مرۆڤ بووە و وەهمی دەوڵەتی نەتەوە نەیتوانی ئەمەی پێ ببەخشی وەک بڕیار بوو. درووستبوونی دەوڵەتی نەتەوە بووە بە ئەفسانەیەک یان هەر وەک خەونێکی زڕاو دەمێنێتەوە یان دەبێتە دێوەزمەیەک و لە کۆڵ نابێتەوە یاخود درۆیەک بوو نەیتوانی تا دوا وێستگە مرۆڤەکان بگەێنێتە هەواری خۆشی و ئارامی و دوور لە شەڕ و نادادی و سەختی ژیان.
کورد وەک مانا نەتەوەیی و هاوکێشەی سیاسی و جواگرافیەکەی لە ژێر ڕەحمەتی دەوڵەتانی ناوجەکە دەبێ نەک تەنیا لەبەر ئەوەی ئەوان نایانەوێ یاخود خواستیانە پاوانخوازیان فراوانتر بێ وەک تورکیا و ئێران بەڵکوو زۆرتر لەبەر فەنابوونی وتاری نەتەوەیی و نیشتمان و نەبوون یاخود کوشتنی پڕۆژەیەکی نەتەوەیی و میللی کە هەر مرۆڤێکی کورد خواستی بوو گەر بۆ ساتێکی مێژوویی پێی بگا بەڵام هەر زوو ئەمە لەبار برا و لەوەدەچی ئەو چرکە مێژووییە هەر بە نسیبی کورد نەبێ بەتایبەت دەولەتی نەتەوەیی بە مانا کلاسیکیەکەی بەرەو ئاوا بوون دەچێت. [1]