ناونیشانی بابەت: گرێبەستە نەوتییەکانی ئێڕاق و ژێرخانی وڵات
ئامادەکردن: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
لە ماوەى سێ ساڵی ڕابردوودا ( 2009-2012) وەزارەتى نەوتى ئێڕاق سێ خولی مۆڵەتپێدانی بۆ کۆمپانیا بیانیەکان سازکردووە و ژمارەیەک کێڵگەى نەوتى و غازى ئێڕاقی سپاردووە پێیان بە مەبەستی بەرز کردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنان و هەناردەکردن. ئەوەى جێگەى سەرنجە لە هەموو ئەو گرێبەستانەى لەو سێ خولەدا ئیمزا کراوە تەنیا جەخت لەسەر زیادکردنى بڕی هەناردەکردن کراوەتەوە. ئەگەر ڕۆژانە گوێ بۆ لێدوانى بەرپرسە ئێڕاقیەکان بگرین تێبینى دەکەین هەموو ئامانجێکیان تەنیا ڕێژەى هەناردەکردنە بێئەوەى ئاورێک لە چاککردنى ژێرخانی وڵات یا پارێزگا بەرهەمهێنەکان لە ڕووی پیشەسازى و کارەبا و تەلارسازى بدرێتەوە. وێرای ئەمانە گرێبەستەکان سەرانسەری ئێڕاقی وەک یەک نەگرتوەتەوە بەڵکوو زیاتر جەخت لەسەر کێڵگەکانى باشوور کراوەتەوە.
$خولی چوارەمى مۆڵەت پێدان$
لەم ساڵدا ساڵی 2012 وەزارەتى نەوت بە نیازە خولی چوارەمى مۆڵەت پێدان ڕابگەیەنێت. لەم خولەدا 12 بلۆک لە خاکی ئێڕاق کە ئەگەری بوونى نەوت و غازیان لێدەکرێت دەخرێنە بەردەستی کۆمپانیا بیانییەکان، 7 لەم بلۆکانە ئەگەری بوونى غازیان لێدەکرێت ڕووبەرەکەیان 47 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و دەکەونە ڕۆژاوای ئێڕاقەوە تەنیا یەکێکیان نەبێت دەکەوێتە پاریزگاى دیالە و واستەوە. 5 بلۆکەکەى تر ڕووبەرەکەیان 30 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و دەکەونە پارێزگاکانى فوراتی ناوەڕاست و باشوور. مەبەست لە بلۆک ئەو خاکەیە هێشتا هیچ دۆزینەوەیەکی تێدا ئەنجام نەدراوە و تەنیا گومان لە بوونى نەوت و غازى لێدەکرێت.
ئەو کۆمپانیایانەى لەم خولەدا بانگهێشت دەکرێن پسپۆرن لە بواری گەڕان و دۆزینەوەدا. وەزارەتى نەوت پێشبینى دەکات بە ئەنجامدانى خولەکە یەدەکی غازى ئێڕاق 29 تریلیۆن پێ سێجا، یەدەکی نەوتیش 10 ملیار بەرمیل بەرزبێتەوە.
بەپێی زانیاریەکان هێشتا زیاتر لە نیوەى ڕوبەری ئێڕاق هیچ زانیارییەکى لە بارەوە نەزانراوە و لەم خولەدا 30 ى ئەو ڕووبەرە ڕوپێوی جیۆفیزیایی جۆری سایسمیک (siesmic survey)ى بۆ ئەنجام دەدرێت.
یەکێک لەو خاڵە گرنگانەى ئەم خولە لە خۆی دەگرێت بایەخدانە بە ژێرخانی ئەو شوێنانەى کاریان تێدا دەکرێت. یەکێک لەو مەرجانەى لەم خولەدا بۆ کۆمپانیا بیانیەکان دانراوە بریتییە لە پاککردنەوەى ئەو بلۆکانەى کاریان تێدا دەکرێت لە مین لە ماوەى یەک ساڵدا ل. هەروەها پێویستە لە سەر کۆمپانیاکان ژمارەیەک پڕۆژە لەو پارێزگایانە بکەنەوە بە مەبەستى بوژانەوەى ژێرخانى ئابووریان کە بەمە بواری کار بۆ دانیشتوانى ئەو پارێزگایانە زامن دەکات. [1]