$سعودیە بەرەو پێشەوە و کوردستانیش بەرەو دواوە!$
#ئیدریس مستەفا#
(ئیسلامی توندڕەو تەفروتونادەکەین
و ئیتر ژیانێکی ئاساییانە دەژین)
ئەمە قسەی محەمەد بن سەلمانی ئەمیری شانشینی وڵاتی سعوودیەیە کاتێ بەشێوەیەکی ڕەسمی بوو بە جێگرەوەی باوکی ساڵی 2017. لە چەندان بۆنەی ڕەسمی و ناڕەسمی و دەرەوە و ناوەوەی وڵاتەکەیدا ئەوەی دوپات کردۆتەوە کە چیتر ناهێڵن سعودیە لەژێر دەستی بیروباوەڕی ئیسلامی ڕادیکاڵانە، واتە وەهابیەت و ئیخوانیزمدا، بێت و تەفروتونایان دەکەین. بێگومان یەکێک لەسەرەکیترین ئەو تەفروتوناکردنانە مەسەلەی ئازادی جلوبەرگی کچان و ژنان بوو ئەمە جگە لە بوارەکانی تری هونەری و سیاسی و قانونی و فەرهەنگیدا. بەڵێ لەو کاتەوە، وەک خۆی دەڵێ: من هیچ شتێکی زیادە ناکەم تەنیا سعودیە دەگەڕێنمەوە پێش ساڵێ 1979. ئەو دەم وڵات لە ئامێزی مەدەنیەت دابوو، توندڕەوی ئەو دەسەڵاتە سیاسیە ئایینیە فراوانخوازیەی نەبوو. 23ی ئەم مانگی سەپتەمبەرە بەبۆنەی 91 سالەی دامەزراندنی وڵاتی شانشینی سعودیەوە ئافرەتان، بەو شێوەیە گوزارشتیان لەو ڕۆژە و لە ئازادیە شەخسیەکانی خۆیان کرد کە لابردنی حجابی وەهابیەت و ئیخوانیزم بوو.
ئەو پەیامەی محەمەد بن سەلمان تەواوکەری ئەو دیدە بابەتیەیە کە حجاب دوور و نزیک پەیوەندی بە خودا و ئایین و ئیمان و ڕەوشت و ڕێزەوە نییە، بەڵکوو مەسەلەیەکی ئایدیۆلۆجی سیاسیە کە ئیخوانی و وەهابیەکان کردوویانەتە ڕەمزێک بۆ نفوزی سیاسی خۆیان و کوشتنی دڵ و ڕوحی جوان و میهرەبانی کچان و ژنان لە هەر کۆمەڵگەیەک دەستیان پێی گەیشتبێ. جلوبەرگ، وەک نەوال سەعداوی دەڵێت، ئەرکێکی ژینگەیی ئەنجامداوە لە ڕابردوودا و هیچ پەیوەندی بە مەسەلەی ئەخلاقەوە نییە. سعودیە بەرەو فڕێدانی حجاب و مەدەنیەت دەڕوا، کەچی کوردستانی خۆشمان تازە بە تازە بەرەو حجاب و دواکەوتوویی دەگەڕێتەوە. [1]