$ئایا حیزب و حکومەتی ئیسلامی شتێکی مومکینن؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
بە بۆچوونی من گەورەترین داهێنانێک لەدوای درۆزینەوەی کشتوکاڵ لە مێژووی مرۆڤدا ئەنجامدرابێت داهێنانەکەی فەیلەسوفی ئینگلیزیی فرانچیس بەیکن بووە. بەیکن دید و جیهانبینیی مرۆڤی یەکپارچە بەرانبەر زانست گۆڕی. کاتێک زانست ئامانجێکی کەشفیی هەبوو بۆ سرووشت، ئەم هات ئامانجەکەی گۆڕی بۆ دۆزینەوەی خاڵەلاوازەکانی سرووشت و پاشان بەکارهێنانەوەی لە بەرژەوەندی ئەو ویستەی مرۆڤ کە هەیەتی بۆزاڵبوون بەسەر سرووشتدا بۆ ئەوەی بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. واتە سرووشت لەوە کەوت پیرۆز بێت، بەڵکوو بوو بە ڕەقیبێک بۆ زانست تا مرۆڤ بتوانێت وەک بەردەباز بەکاریبهێنێت بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی کە دەیەوێت پێیان بگات.
ئیدی لەدوای سەرڕێخستنی ئەم دیدە هارمۆنی و پێکەوەژیانی نێوان مرۆڤ و سرووشت گۆڕا بۆ دژایەتییکردن و زاڵبوون بەسەر سرووشتدا. هەر ئەم گۆڕینی قیبلەیە لەکەشفییەوە بۆ قیبلەیەکی دژوەستانەوە و بەکارهێنانی سرووشت لە بەرژەوەندی مرۆڤ وایکرد هەموو مێژووی مرۆڤ لەسەر ئەم ئەستێرەیە هێندەی ئەم سەدساڵەی دوایی پێشکەوتنی زانستیی و تەکنەلۆژیی تێدا ڕوو نەدا و سرووشتیش هەرگیز هێندەی ئەم سەدساڵە زەرەرمەند و دۆڕاو نەبووبێت لەبەرانبەر مرۆڤەوە.
ئەم دیدە گۆڕاوە بەتەنیا زانستی نەگرتەوە، بەڵکوو بوویە هەوێنی درووستبوونی بۆچوونێکی فەندەمێنتاڵ بۆ شێوازی دینداریی، ژیان و سیاسەتکردن و کایە ژیارییەکانی دیکەی ژیانی مرۆڤ. مرۆڤی لە کائینێکی ئەرکسەنتەر و خاوەن واجباتەوە گۆڕی بۆ مرۆڤێکی مافسەنتەر و بێ ئەرک. دین و خودا و پیرۆزییەکانی وادار کرد پێش ئەوەی داوای واجبات لە مرۆڤ بکەن مافی پێبدەن.
بەهاتنی کۆڵنیالیزمی ئەوروپیی بۆ سەر میراتی پیاوەنەخۆشەکە و دابەش کردنی ئەوئیمراتۆریەتە گەورەیە لەنێوان خۆیاندا، ئەم دیدە بۆ دین زیاتر پەرەی سەند. لەبەرانبەر داگیرکاریی ئەوروپیەوە جووڵانەوەی دینیی جیاواز درووستبوون کە پێیان وابوو دین و مەنزومە دینییەکان دەتوانن سنوورێک بۆئەم داگیرکارییانە دابنێن و دوبارە نۆستالژیای خیلافەت لەبەرکی مەنزومەی سیاسیی دینییدا بکەنەوە واقیع.
درووستبوونی جووڵانەوەیەکی بێ پێشینەی سیاسیی دینیی وەک ئیخوان لەمیسر کە چەقی بیرکردنەوەکانی الدین هو الحل- دین تاکە چارەسەرە شتێکی زیاتر لەمە ناسەلمێنێت. دین دەبێت چارەسەری پێبێت بۆ کۆژانە سیاسیی و مێژووییەکانی ئەمان دژی داگیرکاری و ڕڕوخاندنی خیلافەتێک کە خۆبەخۆ زەمەنەکەی تەواو بووە. خاڵی بەهێزی ئەمان ئەوەیە داوای ماف و چارەسەری کێشەکانیان لە دین دەکەن. لێرەداگواستنەوە لە ئەرکسەنتەریی بۆ مافسەنتەریی بەڕوونی خۆی نیشاندەدات.
هەر ئەم گواستنەوەیەی کە لە ڕەحمی ئیستیعمارەوە دەزێ، دەبێتە هەوێنی لەدایکبوونی حکومەت و مەنزومەی دینی و دابەشکردنی کۆمەڵگاو سیاسەت و تەواوی کایە ژیارییەکان بۆبەرەی ئیسلام و کوفر. کۆمەڵگای ئیسلامیی و کۆمەڵگای جاهیلیی، ئەمە بەڕوونی لە مەعالیمەکەی سەید قوتبدا دەرکی پێدەکرێت. پێش ئەم وادەیە لەهیچ پارچەیەکی مێژویی مێژوی ئیسلامدا دابەشکارییەکی لەمجۆرە نابیندرێت، لە خەلیفەکانی ڕاشیدین بۆ عەبدولحەمیدی دووەم، کۆتا سوڵتانی عوسمانیی هیچ دەوڵەت و مەنزومەیەکمان نییە بەناوی دەوڵەتی یان خیلافەتی ئیسلامیی. تەنانەت ئەو شارەی لە مەدینە لەسەر دەستی پێغەمبەرد.خ درووستکرا شارێکی دینیی نەبوو حکومەتەکەشی حکومەتێکی دینیی نەبوو.
گەر بە زمانی هاوکێشە کیمیاییەکان قسە بکەین مەنزوومەی حیزب و حکومەتی دینیی مەنزومەیەکی تەواو نالەخۆ و هاوردەیە، لەهەناوی ئایینی ئیسلامە هەڵناقوڵێت، پەرچەکرداری گۆڕانی دیدی موسوڵمانانە بۆ زانست و سیاسەت و ژیان و ئیستعماری ئەوروپی ژینگەی لەبار سازاند تا لەدایک ببێت.
ئایا دەوڵەت یاحیزبی دینیی شتێکی مومکینە؟
شتێکی ئاشکرایە دامەزراندنی دەوڵەت یا مەنزومەیکەی فاشیی، دیکتاتۆریی و تۆتالیتار و شتێکی مومکینە و مێژوش ئەمەی نیشان داوە. بەڵام دامەزراندنی مەنزومەو دەوڵەتێکی دینیی شتێکە زۆر لەمەحاڵ نزیکە.
ڕەنگە لەڕووی تیۆرییەوە بتوانین نەخشە و پایەکانی لەمێکشی خۆماندا بکێشین، زۆریش نایاب و یۆتۆپیی دەرکەوێت بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع درووستکردنی دامەزراوەیەکی لەم شێوەیە هێندەی مەحاڵ نەکردە و نامومکینە، لە پراکتیکدا ئەم پرسە پارادۆکس و دژیەکە لەگەڵ خۆیدا. سەرەتاییترین پێناسە بۆ دەوڵەت و حکومەت کۆنترۆڵکردن و جڵەوکردنی کۆمەڵگایە تا نەهێڵێت تاکەکان بەیەکدا بدەن، مافەکان بە یەکسانی بدات، کەس دەستدرێژی نەکاتە سەر مافی ئەوی دیکە و دەوڵەت هەموان بەیەک ئاست کۆنترۆڵ بکات.
دەوڵەت و هێزە ماددی مەعنەوییەکەی دەتوانێت بە زۆر و زەبر زۆر شت بسەپێنێت، باج بسەنێت، کۆمەڵێک جوڵە قەدەغە بکات، یاسا جێبەجێ بکات چونکە لە بنەڕەتەوە بۆ ئەمە درووستبووە. بەڵام شتێک کە ناتوانێت بیکات ئەوەیە کە ناتوانێت ئیمان بەزۆر لەدڵی کەسدا بچەسپێنێت.چونکی لەبنەڕەتەوە بۆ ئەمە درووست نەبووە. ئیمان لە جنسی عیشقە، بەزۆر نەکردەیە لە دڵێکدا بچەسپێت. دینەکانیش لەبنەڕەتەوە نەهاتوون ئیدارەی ژیانی ڕۆژانەی سیاسیی و ئابوور خەڵک بدەن، ئەوا هاتوون پەیامێکی ئیمانیی و ئیلاهی بەگوێی ئینساندا بچرپێنن، ئاسمان و زەوی پێکەوە ئاشتبکەنەوە. بەهۆی یەکتاپەرەستییەوە مانا بدەنە دیاردە سرووشتییەکان، ڕاستە هەندێ ڕێوشێنی ئیدارەدانی ڕۆژانەی خەڵک تێیاندا هەیە ئینکاریی ناکرێن، بەڵام لە بنەڕەتەوە هەروەک چۆن قورئان وئینجیل و تەورات پەڕتووکی مێژوو و جوگرافیا و فیزیا نین، بەهەمان شێوە پەڕتووکی سیاسەت و ئابووریی و یاساش نین. دەشێت هەندێ ئاماژەیان بۆ سرووشت و زانستەکانی وەک فیزیا و جوگرافیا تێدا بێت بەڵام هەر هێندەی فیزیا و جوگرافیا لەبارەی سیاسەت و یاسا و ئابووریشەوە دەڵێن.
بەکورتی لەبەر سێ هۆکاری سەرەکی ناتوانین حیزب و حکومەتێکی دینی یا ئیسلامیمان هەبێت:
یەکەم/ ئیمان کە سەرەکیترین پایەی دینە بە هێز و زەبروزۆر لە دڵدا ناچەسپێت، سەرەکیتریین پایەی هەر دەوڵەتێکیش هێزە.
دووەم/ ئایینەکان لەهەناویاندا و بە تایبەتیش ئیسلام باوەڕیان بە بەجێهێنانی واجبات هەیە، زیاتر ئەرکسەنتەرن، لە دونیای نوێشدا مرۆڤ بیرکردنەوەکانی گۆڕاون و زیاتر بەشوێن مافەکانیەوەیەتی وەک لە ئەرکەکانی. گەر لە ڕابردوودا دامەزراندنی دەوڵەتێکی دینی مومکین بوبێ تەنیا لەبەر ئەوە بووە تاکەکانی کۆمەڵگا ئەرکسەنتەر و بەجێهێنەرێکی باشی ئەرکەکانیان بوون، بەڵام ئەمڕۆ کە مرۆڤ لە هەموو چرکەیەدا بەشوێن مافەوەیە درووستکردنی حیزبی دیننی و حکومەتی دینیی نزیکە لە مەحاڵ. تەنیا لە تیۆرییدا دەشێ بڕوامان پێی هەبێت.
سێییەم/ئەمڕۆ شتێک نەماوە بەناوی دونیای ئیسلام، ئەوەی هەیە جوگرفیایەک هەیە موسوڵمانان تێیدا زۆرینەن و جوگرافیایەکیش هەیە کە کەمینەن تێیدا. ئایا دەیانەوێت چۆن لەم دوو جوگرافیا جیاوازەدا تەلی سازەکەی خۆیان کۆکبکەن لەگەڵ سیستمە جیهانییەکەدا؟ [1]