$ئایا کەمی یا زۆری شیعر پێگەی شاعیر دیاری دەکات؟ ئەحمەد هەردی بەنموونە$
#گۆران هەڵەبجەیی#
بەڕێزێک کە بەوە ناسراوە بەردەوام لایڤی هەیە و سەبارەت بە شتگەلێک ڕاوبۆچوونی خۆی دەردەبڕێت، لە لایڤێکیدا کە لە ڕابردووی نزیکدا پێشکەشی کرد کەوتە هەڵەیەکی مەزنەوە.
مرۆڤ هەرچەند بەتواناو لێهاتووبێت، هەرچەند مەودای زانیاری و هزری فراوان بێت، ناتوانێت فریای هەمووشت بکەوێت و هەق بە هەموو بوارو لایەنەکان بە پێی پێویست بدات. بۆیە باشترە تەرکیز لەسەر لایەنێک بکات کە سەرکەوتووە تێیدا و لەوێدا خۆی بەهێز بکات و تواناو وزەی خۆی تێدا وەگەڕ بخات.
خاڵێکی تر کە زۆر گرنگە ئەوەیە، دەمێک دەربارەی کەسێک قسەدەکرێت پێویستە زوومی باسەکە تەنیا لەسەر ئەوبێت و پەلنەهاوێژێت بۆکەسانی دەرەوە، ئیدی باب، دایک، خوشک و برا و خزم یا هەرکەسێکی دیکەبن، چونکە لەم حاڵەتەدا تەرکیزەکە پەرشوبڵاو و لاواز دەبێت، هاوکات مەرج نییە کەسانی دورووبەری ڕەخنە لێگیراو پەیوەندیان بەوباسەوە هەبێت یاخود لە بۆچوونەکاندا هاوڕابن.
لایڤەکەی ئەم بەڕێزە تایبەت بوو بە دکتۆرە چۆمان هەردی، کە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەیەک دەربارەی [چەندەر] کۆمەکی دارایی لە یەکێتی ئەوروپا وەرگرتوە.
ئەز قسە لەسەر ئەو لایەنە ناکەم چونکە کاری من نیە، بەڵکوو تەنیا هەڵوەستە لەسەر بڕگەیەک لە قسەکانی ئەو بەڕێزە دەکەم کە پەیوەستە بە باوکی دکتۆرە چۆمانەوە، واتە شاعیری کۆچکردوو ئەحمەد هەردی.
لە سەرەتای لایڤەکەیدا بێ ئەوەی پەیوەندی بە ناوەرۆکی بابەتەکەیەوە هەبێت یاخود کەڵک بە باسەکەی بگەیەنێت، بە شێوەیەکی گاڵتە ئامێز و تاڕادەیەک بێبەها کردنی شاعیر وتی:
[هەموو شیعرەکانی ئەحمەد هەردی هێندەی لاپەڕەکانی پاسپۆرتەکەم نابن].
دیارە ئەم بەڕێزە وا تێگەشتوە کە هەر شاعیرێک شیعری زۆربوو ئەوە شاعیرێکی سەرکەوتووە، خۆگەر شیعری کەم بوو ئەوە شاعیرێکی لاواز و شکستخواردوە.
نکولی لەوە ناکرێت کە ئەحمەد هەردی ئەستێرەیەکی گەشە بە ئاسمانی شیعری کوردییەوە. شیعرەکانی هێندە بەسۆزن هێندە هەست بزوێنن هێندە پڕماناو ئەندێشەی قوڵی کۆمەڵایەتین بە ئاسانی لە دەروازەی ڕۆح دەدەن، هەر ئەم خەسڵەتەیە وای کردووە کە زۆربەی شیعرەکانی لەلایەن کەڵە گۆرانیبێژەکانەوە بکرێنە گۆرانی. ئایا کەسێک هەیە بتوانێت نکولی لەبەرزی شیعری { ست فاتیمە} بکات؟ ئایا ئەویندار هەیە لە کاتی چاوەڕوانی ژوواندا خۆی لە شیعری { چاوەڕوانیدا}دا نەبینیبێتەوە؟
یاخود پەندە شیعری:
[بەدەستی خۆت کە جامت خستە سەر لێوت غەشیمانە
ئەگەر زەهریشی تێدابێت گوناهی خۆتە بیزانە
هەڵە یاخود گوناهت کرد لەکاتێکدا کە بێهۆشی
سزاو تاڵاوی هەرچی بێت ئەبێ وەک بادەبینۆشی]
ئەم پەندە شیعریە هێندە جوان و پڕمانایە، دەشی وەک کردارێکی چەوت و هەڵە بەسەر زۆربەماندا هاتبیت، تەنانەت دەکرێ بۆ هەنگاو و سیاسەتی هەڵەی دەسەڵات و حکومەتەکانیش دەستبدات.
دیوانی [ڕازی تەنیایی ]شاکارێکە بۆخۆی کە دەکرێ لەپاڵ هەر شیعرێکدا هەڵوەستەیەک بکەین، بەتایبەتی شیعری {دڵێکی تێکشکاو} کە بەڕای دەکرێ هەموو گەنجێکی بەشمەینەتی وڵاتەکەم خۆی تێداببینێتەوە }، ئەم شیعرە هێندە چێژبەخشە هێندە باڵایە مرۆڤ بە خوێندنەوەی دەچێتە دنیای ڕامان خەیاڵاتەوە.
هەر بۆ ئەوەی بۆ ئەو بەڕێزە بسەلمێنم کە کەمی یا زۆری بەرهەمی ئەدەبی پێوەرنیە بۆ ناو و ناوبانگی ئەدیب، بەڵکوو ناوەرۆک و ماناو پێگەی خودی بەرهەمەکەیە، کە تا چ ڕادەیەک کاریگەریی لەسەر خوێنەر دەبێت و هەستی دەبزوێنێت، ئەوە چەند نموونەیەک دەخەمەڕوو:
+ شەهید مەلا عەلی خاوەنی شیعری {سێدارە} کە هونەرمەندی کۆچکردوو حەمە جەزا بەکلیپ شاکارێکی لێ درووست کردووە، پێدەچێت هەندێک شیعری دیکەی هەبێت، بەڵام ئەو شیعرەی کە لە ژووری چاوەڕوانی سێدارەدا نووسیویەتی، شعرێکە مرۆڤ لە ئاست ورەبەرزی و ماناو مەدلوڵاتیدا سەری سووڕدەمێنێت. کەواتە تەنیا شیعری { سێدارە} پێناسەیەکی پڕاوپڕە لە سەلیقەو شاعیریەتی شەهید مەلا عەلی.
+کازم ساهیر گۆرانیەکی بەناوبانگی هەیە بەنێوی{انا و لیلی} واتە من و لەیلا، شیعری گۆرانیەکە هێندەبەرزە هێندە جوانە، چەندین شاعیر خۆیان کرد بە خاوەنی، بەڵام کازم ساهیر بەگومان بوو کە ئەوانە خاوەنی ئەو شیعرە بەرزەبن، بۆیە پاش گەڕان و پرسیار کە چەند ساڵی خایاند شاعیرەکەی دۆزیەوە کە ناوی [حەسەن مەروانی]یە خەڵکی باشووری ئێراقە. ئێستایشی لەگەڵدابێت ئەو کەسە خاوەنی تەنیا ئەوشیعرەیە کە لەدەمی زانکۆدا نووسیویەتی بۆ خۆشەویستەکەی ، ئەو خۆشەویستەی کە خیانەتی لێکردووەو کەسێکی تری خۆشویستوە.
دیارە کازم ساهیر بەپێی ئەزموون و سەلیقەو مێژووی هونەری خۆی، هەموو شیعرێک ناکاتە گۆرانی، بەڵکوو جۆرە شیعرێک پەسەنددەکات هەست بزوێن بن و هاوکات لەڕووی ناوەرۆک و ستاتیک و تەکنیک و لایەنی دیکەوە گونجاوبن.کەواتە شێعرەکەی حەسەن مەدوانی ئەو هەموو خەسڵەتانەی لەخۆ گرتوە، ئەمەش ئاست بەرزی شاعیربوونی حەسەن دەسەلمێنێت.
+ نموونەیەکی تر ڕۆماننووسی کورد [بەهرۆز بووچانی]یە کە بە نووسینی تەنیا ڕۆمانێک ناوی دەرکرد و هەر بەو بۆنەشەوە بەرزترین خەڵاتی ئەدەبی لە ئوسترالیا وەرگرت. ڕۆمانەکەی بەنێوی [ جگە لە چیاکان کورد دۆستی نیە]. هەر پاش بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکەی نیوزیلەندا مافی پەنابەری پێبەخشی، کە تا ئەوکاتە لە کەمپێکی پەنابەران لە دوورگەی [مانووس] سەر بە ئوقیانووسی ھێمن دەژیا.
پاشان هەمان ڕۆمان بۆچەندین زمان وەرگێڕدرا.
+ حەمەدۆستانی کۆچکردوو، ئەویش بە ڕۆمانی یەکەمی کەبە سویدی نووسی بە نێوی[شوێنێک لەبەهەشت] ناوبانگی دەرکردو هەمان ڕۆمان چەندین جار چاپکرایەوە، هاوکات وەرگێڕدرایە سەرچەندین زمان لەوانە ئینگلیزی.
حەمە دۆستان بەو ڕۆمانەی لەڕووی کۆڕو سەمینار وخەڵات و فرۆشی ڕۆمانەکەیەوە توانی پێش نووسەرە ناودارەکانی سوید بکەوێت.
+سارا عومەری شاعیر نیشتەجێی دانمارک لەگەڵ یەکەم ئەزموونیدا لەبواری نووسینی ڕۆماندا گەورەترین سەرکەوتنی بەدەست هێنا.
سارا پێشتر تەنیا شیعری دەنووسی، بەڵام ساڵی [2017] یەکەم ڕۆمانی بە زمانی دانمارکی بەنێوی{مردووشۆر} نووسی.
ئەو ڕۆمانە هێندە دەنگی دایەوە بە جۆرێک کەم خێزان هەیە دانەیەکی نەکڕیبێت
پێم وابێت ڕۆمانەکەی دووسێ جار چاپکرایەوە، ژمارەیەکی باش خەڵاتی چنیەوە، زۆرترین دیدارو کۆڕو سەمینارو دیبەتی لەبارەوە سازکرا. هەر بە نموونە ئێمە ناوەندێکمان هەبوو بەنێوی[سەنتەری دیالۆگ]، دیبەیتێکمان بەدانمارکی بۆ ساز کرد، هۆڵەکە [ 400 ] کەسی دەگرت، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک بەپێوە وەستابوون.
+ دوا نموونە سەبارەت بە ڕۆماننووسی ئەفغانی {خالید حوسینی}یە، خاوەنی ڕۆمانی [کۆلارە ]. ئەم ڕۆمانە یەکەم بەرهەمی ئەدەبی خالید بوو.
ڕۆمانەکەی هێندە بەهێزبوو وای لە دەرهێنەرانی هۆلیود کرد کە بیکەنە فیلم، لەئەنجامدا فیلمێکی سەرکەوتووی لێ بەرهەم هات.وەک زانراوە لەو وڵاتانەی فیلمەکەی تێدا نمایش کرا، پڕداهاتترین فیلم بووە، وێرای ئەمە لە یەکێک لەفەستیڤالە سینەماییەکاندا لە ئەمەریکا خەڵاتی باشترین فیلمی ئەو سەردەمەی پێبەخشرا.
نموونە زۆرە چ لەنێو کورد و چ لەنێو نەتەوەکانی دیکەدا کە بەتاکە بەرهەمێکی ئەدەبی ناوبانگیان دەرکرد.
جا بەم نمونانەدا بۆمان ڕووندەبێتەوە کە کەمی بەرهەم هەرگیز نابێتە شوناسی بەهرەمەندی سەرکەوتوو.[1]