کۆلارەی ڕەنگاوڕەنگ
ئاکار نەجم
دنیای چیرۆک و ڕۆمان کە وەزیفەیان گێڕانەوەیە، ئیشکردنە لەناو ئەو ڕووداوانەی کە ڕوو دەدەن یان خەیاڵکردن. چیرۆکنووس و ڕۆماننووسی بە سەلیقە ئەو ڕووداوانە وەردەگرێ یان درووست دەکات کە لە چوارچێوەی تەکنیکێکی ئەدەبی باڵادا دەقی لێ چێ دەکات، بە جۆرێک زۆرجار دەقی ئەدەبی هێندە بەرز و کاریگەرە کە لە خامەی ڕووداوەکە جوانتر و باشتر لە مێشکی خوێنەردا دەچەسپێ. چون نووسەری ئەو ژانرە خاوەنی سەلیقەیە دەتوانێ دەقێک بەرهەم بهێنێ چ لەباری زمانەوە، چ لەباری تەکنیکەوە ئەوەندە ئاستی بەرزە کە دەقێکی دیکە درووست دەکات. نووسینەوەی تراژیدیا لە دووتوێی دەقی ئەدەبیدا بنیاتنانەوەی ڕووداوەکەیە بە جۆرێکی تازە.
ئەم بەرهەمە ئەزموونی چیرۆکنووسێکە کە پێشتر چەند کۆمەڵە چیرۆکێکی نووسیوە. نووسەر خاوەنی زمانێکی پاراو و سەلیقەیە لە نووسینی چیرۆکدا. ئەم چیرۆکانەی لە دووتوێی ئەم کۆمەڵەیەدا هاتوون، هەروەکو ڕێچکەی پێشووی نووسەر خاوەنی زمانێکی پاراو و کوردییەکی ڕەوانن. بیرۆکەی بەشێک لە چیرۆکەکان کەڵک وەرگرتنە لە ڕووداوە تراژیدییەکانی سەردەمی داعش کە ئەو ساڵانەی بەهێزبوون، دوای داگیرکردنی بەشێک لە سووریا و ئێراق ئەو هێزە تۆقێنەرە بوونە هۆی پەرێشانی بۆ خەڵک و بەتایبەت بۆ کەمینەیەکی وەکوو ئێزدییەکان، لە دوای داگیرکاری و کاولکاری هەزاران چیرۆکیان لە پاش خۆیان بەجێهێشت کە ئەوەندە قێزەون بوون لە فەرهەنگی هێچ هێزێکی داگیرکەردا نەبوون. ئەم چیرۆکانە کە زۆربەیان چیرۆکی سەربڕین و داگیرکردنی جەستەی ژنە، لای هەندێک نووسەری ئێراقی و کورد ڕەنگدانەوەی هەبووە، یەکێک لە و چیرۆکنووسانە نووسەر ی ئەم بەرهەمەیە کە بە زمانێکی جوان لەسەر بنچینەی ئەو ڕووداوانەی کە لەم ساڵانەدا بیستمان چیرۆکەکانی داڕشتووە، گێڕانەوە باس لە سەربڕین و داگیرکردنی کچانی پاکیزە دەکات. بە تایبەت کچانی ئێزدی. چیرۆکی فرۆشتن و کڕینی کچانی ئێزدی دەگێڕێتەوە.
هەندێکی دیکە لە چیرۆکەکان کۆنترن لە سەردەمی داعش و باسی ڕووداوە تراژیدییەکانی پێشتر دەکەن. چیرۆکی گرتن و زیندانی کردن و لە سێدارەدانی مرۆڤی ئەم وڵاتەیە نووسەر بە سەلیقەی خۆی و بەسوود وەرگرتن لە تراژیدیا و دووبارە داڕشتنەوەی چیرۆکە تاڵەکانی نەتەوەکەی دایڕشتوونەتەوە و دەقی ئەدەبی لێ چێ کردوون.
ئەم کۆمەڵە چیرۆکە لە دووتوێی 119 لاپەڕەدایە و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای سەردەمە و ناوەرۆکی پەڕتووکەکە بریتییە لە بیست و یەک کورتە چیرۆک. لەوانە بەلقیسە لە دوو سەردەمی جیاوازدا، زەردەخەنە شیرینەکەی ناڤین، شێخ زەینەڵ و شێخ بەینەڵ، ورد و خاشبوونی سووراحییەک، سێ هەزار ماچ، بووکی چاوشینی تەنوورە سوور... و چەند چیرۆکێکی دیکە. ئەم چیرۆکانەی لە دووتوێی ئەم پەڕتووکەدان، زۆربەیان لە ساڵی 2021 و 2022 نووسراون و چەند دانەیەکیان نەبێ کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ 2011 و 2012 و 2013... هەندێکیان لە سلێمانی و هەندێکیان لە کۆبنهاون نووسراون.[1]