$کە خودا ناوی نەما!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
(ویشهد الله علی ما فی قلبە و هو الد الخصام)
دەوترێت یەکێک لەوانەی کە زۆر سەردانی پێغەمبەر د.خ دەکات یەکێک دەبێت لە هاوڕێکانی بەناوی ئەبوو هورەیرە. وا دیارە زۆری ژمارەی سەردانەکانی پێغەمبەر بێزار دەکات، ئەمیش وەک ئیلتفاتێک بە ڕێزەوە جاڕێک پێی دەڵێت زر غبا تزدد حبا سەردانەکانت کەمبکەرەوە با خۆشەویستیی نێوانمان زیاتر ببێت، یان نێوانی سەردانەکانت بخە بۆ ئەوەی تینووی دیدار ببیت ئەنجا وەرەوە.
لە مەسنەویی مەعنەوییدا مەولانای بەڵخی ئیقتباسێک لەم باسەی نێوان ئەبوو هورەیرەوەردەگرێت و دەڵێت:
لەمەزهەبی عاشقاندا نێوان خستنە نێو دیدار جێی نابێتەوە، بەهۆی ئەوەی گیانی عاشقان زۆر تینووی دیدارە عیشق حوکمی زر غباً قەبوڵناکات، وەک هێمایەک بۆ پەیوەندیی هەمیشەیی نێوان ئەبووبەکری سدیق و پێغەمبەر مەولانا دەڵێت گیانی سادیقان ئەوەندە تینووە زُر غِبّاً قەبوڵناکات، واتە زُر غِبّاً بۆ نێوان ئەبوبەکر و پێغەمبەر شتێکی درووست نییە، هەروەک چۆن ماسی نێو دەریا هەرگیز خۆی بە موخاتەبی زُر غِبّاً ێک نازانێت دەریا پێی بڵێت، چونکە گیانی ئەم ڕاستەوخۆ بە دەریاوە بەندە گەر دەریا بە زُر غِبّاً کاری کرد و بۆ چەند خولەکێک لەماسیی بێزار بوو ئیدی ئەوە کۆتایی ماسییە:
نیست زُر غِبّاً وظیفەی عاشقان// سخت مستسقیست جان صادقان
نیست زُر غِبّاً وظیفەی ماهیان// زانک بیدریا ندارند انس جان
ئەم باسە ئاماژەکردنێکی زۆر دەقیقی تێدایە بە شێوازی دیندارییکردن و خودا پەرەستی مرۆڤ. ئەوانەی ئەمڕۆ ئەربابی دینن و ئیدیعای خوداپەرەستیدەکەن، ئەوانەی خۆیان بە سێبەر و وەکیلی خودا دەزانن لەسەر زەوی هەموویان لە بنەڕەتدا یەک داواکارییان هەیە ئەویش ئەوەیە هەموومان یەک فۆڕم لە دینداریی و خودا پەرەستیمان هەبێت، فۆڕمەکەش بە دڵنیایی دەبێت ئەوان دیاریی بکەن. ئەوان خودا وەک پادشاهێکی جێگیری موتەسەڵیتی دیکتاتۆر وەسف دەکەن کە لەسەر عەرش دانیشتووە و دەبێت ئێمە بەردەوام لە بەردەمییدا هەڵلەرزین و سوژدەیترسی بۆ بەرین خراپترین جۆری خوداناسیی سەرڕێ دەخەن. خوداناسیی لە جنسی ئیمانە نەوەک یاسا و ڕێسای شەرعیی، ئەوەندەی لەکەڵ ناخی مرۆڤ و خەڵوەتەکانیدا سازگارە ئەوەندە نابێتە باس و خواسی زانایان و ڕای گشتیی ئایینیی.
لەڕستیدا خودا تاکە شتێکە لەم بوونەدا کە بۆ زیهنی مرۆڤ ماڵیی ناکرێت، ئەوانەی دەیانەوێت یەک فۆڕم لە خوداناسیی بەهەموومان بڵێنەوە دەیانەوێت لەسادەترین مانادا خودا ماڵیی و دەستەمۆ بکەن و وێنەیەکی وەک ئەوەی سوڵتانەکان هەیانە لەمیشی بکێشن، دیارە خۆیان لە پەنا ئەم وێنەیەوە دەستکەوتی ماددی مەعنەویی زۆریان دەست دەکەوێت بەڵام خۆ بە قەولی مەحوی ئەو غەزالەیەکی بەڕە و بەکەس ڕامناکرێت:
بە کەس نابێ بتی من ئاشنا قەت
غەزالەی بەڕ نییە ڕامی وەفا قەت
خودا لەسەر یەک شێواز لە دووکاتی جیاوازدا بۆ تەنیا کەسیش خۆی بەهەمان ئەندازەی یەکسان نانوێنێت، بە گوێرەی کات و دۆخی کەس خوداش تەجەللیاتی خۆی دەگۆڕێت، بەڵام کۆمەڵێک هەن دەیانەوێت خودا هەموو کاتێک و لە هەموو شوێنێک بەهەمان ئەندازەی یەکسان خۆی نیشانی هەموو ئێمە بدات، مەگەر شێوازی زاهیری خوداناسیی زاهیر بین و سەلەفییەکان شتێکی لەمە زیاترە؟
دەرکەوتەکانی خودا لە دونیای ژمارە و دژەکاندا الاعداد و الاضداد بەردەوام لە جوڵە و گۆڕاندان کل یوم هو فی شٲن بەڵام فۆڕمەکانی ئەمڕۆی دینداریی و خوداناسیی و لە قاڵبدانی دینداری بۆ کۆمەڵێک بکە و مەکە، بۆ فەتوایی سەرپێیی، بۆ حەرام و حەڵاڵ، بۆ شەرعیی و ناشەرعی بوون حیکایەتی یەک فۆڕمی و مۆنۆپۆلکردنی خودا و خوداناسیی بۆ کۆمەڵێک زیهنییەتی فرسەت تەڵەب زیاتر شتێکی دیکەی لێناخوێندرێتەوە!
خودا بۆ هەموومان چونیەک نییە، هەموو کاتێک بە هەمان ئەندازە توانای هەستپێکردنیمان نییە، دەبێت نێوانی بخەین، زُر غِبّاً. هەندێک جار بۆ هەندێکمان وەک ودەرمان وایە، کاتێک نەخۆش دەکەوین ئەنجا پێویستیمان پێیەتی، داوای یارمەتیی لێدەکەین ئەگەر چی تاڵیش بێت بەڵام هەر تەحەمولی دەکەین. بۆ هەندێکی دیکەمان وەک خۆراک وایە، هەنگاوێک لە دەرمان بەرزتر خۆی دەنوێنێت بۆمان، لەڕۆژێکدا چەندجارێک پێویستیمان پێی دەبێت و دەڕۆینە سەر خوانەکەی، بۆ هەندێکی دیکە وەک ئاو وایە زیاتر لە خواردن دەبێت هەبێت بۆ ئەوەی بەردەوام بین لەژیان، بەڵام بە قەولی مەولانا بۆ عاشقان وەک هەوا وایە ئەوان ناتوانن چەند خولەکێک بەبێ ئەو هەڵکەن، لە خەو و لە بێدارییدا دەبێت لەگەڵی بن، بەبێ ئەو هەڵناکەن. واژەی زُر غِبّاً بۆ عاشقانی بڕیارێکی نادرووستە هەروەک چۆن دەریا ناتوانێت بە ماسی بڵێت زُر غِبّاً، نێوان بخە دیدار.
ئەوی ئەمڕۆ لەشاشەی تەلەفیزۆنەکان، لە ماڵپەڕ و سۆشیال مێدیاکان، لە مزگەوت و کۆڕ و کۆبوونەوە و تەنانەت سیمیناری نەخۆشخانەکانیش هەیە سەبارەت بەخودا و ئیدیعاکردن گەوە گەورە بۆی لەم حیکایەتی زُر غِبّاًنە شتێکێ زیاتر نییە. ئێمە لەهەرکاتێکی دیکە زیاتر پێویستیمان بەوەیە خودا پێمان بڵێت زُر غِبّاً، ئەمڕۆ ئەو بارەی کە خستومانەتە سەرشانی خودا، ئەو چاوەڕوانیانەی کە هەمانە لێی، ئەو یونیفۆرم و زی موەحەدەی لە خوداناسیی بۆ هەمووان کە لە یەک ئاستدا کە سەرڕێ خراوە، ئەو یەک فۆڕمییەی لەخوداناسیی کە داوادەکرێ سەرەتانییترین جۆری خوداناسیی و خودا پەرەستییە. خودا بە دەیان زمان ڕۆژان پێمان وەڵێت زر غباً ئەوەندە ناوی من لە قەرەباڵخییەکانتانا بۆ دەسکەوت بە بێ جێ بەکار مەبەن لەبری ئەوەی لە خەڵوەتێکدا لەناو خۆتاندا بۆ من بەڕێن، ئێمە هەر مل دەجەڕێنین و دەڵێی نەخێر تۆ وەک هەوایت بۆم، بەڵام لەڕاستییدا خۆمان عاشقی نین بە قەولی مەحوی:
غەیری ئەوەی سوێندی درۆی پێ بخۆن و بەس
قوربانی ناوی بم ناوی لە ناو ناوا نەما خودا [1]