ناونیشانی چیرۆک: پادشایە چاو کوێرە قاچ شەلەکە
وەرگێڕان لە عەرەبی: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
دەگێڕنەوە و دەڵێن کە پادشایەک هەبوو کە قاچێکی شەل و چاوێکی کوێر بوو، ڕۆژێک ئەم پادشایە بە خەیاڵیدا هات کە هەموو هونەرمەند و نیگارکێشی وڵاتەکەی کۆبکاتەوە و داوایان لێبکات کە وێنەیەکی بکێشن، بەڵام بە مەرجێک هیچ کەمووکوورتییەکی تیادا نەبێت و هیچ لە عەیبەکانی جەستەی دەرنەکەوێت.
نیگارکێش و هونەرمەندەکان کەسیان قایل نەبوون کە وێنەکە بکێشن، ئاخر چۆن دەتوانن وێنەی پادشا بکێشن بە دوو چاو لەکاتێکدا پادشا یەک چاوی هەیە؟!
چۆن بتوانن پادشا وێنا بکەن بە دوو قاچی ساغ لە کاتێکدا پادشا قاچێکی شەلە؟
لەنێوان ئاپۆرەی ئەو هەموو هونەرمەندانەی کەقایل نەبوون وێنەکە بکێشن، نیگارکێشێکی گەنجی تازەپێگەشتوو هاتە پێشەوە و وتی: من ئامادەم وێنەکە بکێشم.
بەڵێ ئەم نیگارکێشە گەنجە وێنەکەی کێشا و زۆر جوانیش دەرچوو و پادشای دڵخۆش کرد.
ئەوەی ئەم نیگارکێشە دەرکی پێکرد ئەوەبوو کە پێویست ناکات تەنیا عەیبە و کەموکوورتییەکانی پادشا ببینێت و دەریبخات لە وێنەکەدا، بەڵکوو دەتوانێت ئەو جوانیانەی تری جەستەی دەربخات، بۆیە وێنەکەی بە جۆرێک کێشا کە تیایدا پادشا خەریکی ڕاوە و چاوێکی داخستووە و قاچێکی نوشتانۆتەوە، بەوجۆرە نەقاچە شەلەکەی دەرکەوت و نە چاوە کوێرەکەشی و وێنەکەش لە سەدا سەد ڕاستەقینە بوو.
ئەم چیرۆکە ئەوەمان فێردەکات کە تێڕوانینی ئێمە بۆ شتەکان زۆر لە بەهایان دەگۆڕێت، بۆیە پێویستە وەک چۆن شاعیری فارسی سوهراب سپهری دەڵێت: «دەبێت چاومان بشۆین و بە جۆرێکی دیکە بڕوانین» پێویستە هەوڵ بدەین مرۆڤەکان جوانتر و باشترببینین، دیقەتمان و سەرنجمان لەسەر شتە جوان و باشەکانی خەڵک بێت نەک کەمووکوورتی و ناشرینیەکانیان.
با هەوڵ بدەین زیاتر ئەرێنی و پۆزەتیڤانە بیربکەینەوە و شتە نەرێنی و نەگەتیفەکان وەلانێین بۆ ئاسوودەیی خۆمان و دەووروبەرمان.
=KTML_Bold=ئیمامی شافعی دەفەرموێت:=KTML_End=
زمانت باسی شورەیی خەڵکی پێ مەکە کە تۆش نوقمی شورەیی بێت خەڵکیش زمانی هەیە.
ئەگەر ناڕێکی هاتە بەر دیدەت، لەبەرچاوتی لادە و بڵێ:
ئەی چاو خەڵکیش چاوی هەیە! [1]