ناونیشانی بابەت: پارادایمی کوردبوون
ناوی نووسەر: ڕابەر تەڵعەت
مێژووی جووەکان لەسەر دەستی هێرتزل وەک دامەزرینەری زایۆنیزم بە گۆڕانکاری لە میتۆد و پارادایمی جوو گۆڕا، کاتێک وتی جووەکان لەهیچ شوێنێکی دونیا پارێزراو نین ئەگەر خاوەنی دەوڵەتی خۆیان نەبن. ئەوەی تێڕوانینی جووی لەسەر خۆی گۆڕی، توانی تێڕوانینی جیهانیش بۆ جوو بگۆڕێت.
نموونە و تێگەیشتنی سەپێنراو بەسەر کورددا، پارادیمی مێژووی مۆدێرنی ئێمە لە سەدساڵی ڕابردوودا بریتی بووە لە (نەتەوەیەکی دابەشکراو بەسەر چوار دەوڵەتدا، پێویستە مافی ژیان و قسەکردن بە زمانی خۆیان و مافی کلتورییان هەبێ) لە چوارچێوەی دیموکراسی وڵاتەکانیاندا! ئەمە (پارادایمی) ڕۆژاوا بووە بۆ ئێمە و بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ناوچەکە، ئێمەش ئەوەمان قبووڵ کردووە؛ شەڕی ئێمەش لەگەڵ شۆڤێنزمی (عەرەب، فارس و تورک) هەر لە چوارچێوەی ئەو پارادایمەدا بووە، کە ئەوان ئەوەشیان بە شایانی ئێمە نەزانیوە!
پارادایمی کوردبوون دەبێ کورد خۆی پەرەی پی بدات. جیهان چۆن لەبارەی ئێمەوە بیر دەکاتەوە، یان قەزاوەت دەکات گرنگ نییە، ئێمە پێویستمان بە شۆڕشێکە کە میتۆدی بیرکردنەوە و تێڕوانینی خۆمان لەسەر کوردبوون بگۆڕێت. پارادایمی کوردبوون دەبێ خۆی لەسەر سەربەخۆیی ساغ بکاتەوە. پارادیمی کوردبوون دەبێ ببێتە شۆڕشێکی میتۆدیی نەتەوەیی کە سەرلەبەری تێڕوانینی مرۆڤی کورد بۆ دنیا و مێژووی خۆی بگۆڕێت و لەوێشەوە سەرلەبەری ژیانی خۆی بگۆڕێت. دوائامانج، کارکردن دەبێ بۆ ئەوەی جیهان بهێنێتە سەر ئەو پارادایمە، جیهان لەگەڵ میتۆد و نموونەی باڵای خۆی سەبارەت بە خۆی بگونجێنێ، نەک ئەوە بکاتە کە بۆی دەستنیشان دەکرێ. [1]