بە بیانوی ڕۆژی جیهانیی کتێبەوە؛ من و کتێب
د. #هێرش ڕەسوڵ#
لە شوێنی تریشدا باسم لەوە کردووە؛ من خۆشبەخت بوم، کە چاومکردەوە، لە ماڵەکەماندا کتێبخانەم بینی. بوونی کتێبخانە لە ماڵدا، جگە لە دیوە مەعریفییەکەی، لە ڕوی دەروونیشەوە پاڵنەرێکی ڕاستەوخۆیە بۆ خوێندنەوە و ئاشنابوون بە دنیای کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤار.
گەرچی باوکم، خوێندەوارییەکی ئەوتۆی نەبو و زیاتر خۆی، خۆی فێری خوێندنەوە و نووسین کردبو، بەڵام سەرباری ژینگە داخراوە کولتورییەکەیش، کرانەوە و ئاستی تێگەیشتن و هۆشیارییەکەی باوکم، هەمیشە سەرمایەیەکی گەورە بووە بۆ ئێمە. دوای ئەویش؛ ئەو کتێبخانە بچکۆلەیەی کاکم بە کرێکاریی و گرتنەوەی لە ڕۆژانەکەی قوتابخانەی، پێکەوەی نابو، دەلاقەیەکی گەورە بو بۆمان.
هەر لە قۆناغی سەرەتایی بوم، کاکم هەرسێ منداڵەکەی کۆتایی خێزانەکەمان (هیوا، هێمن و من) ی بۆ خوێندنەوەی شیعر و چیرۆکی منداڵان هاندەدا. ئەوەی بیرم مابێ؛ لە کتێبخانە بچکۆلەکەیدا، هەندێ کتێب و نامیلکەی شیعر و چیرۆکی منداڵانی هەبو، خستینیە بەردەستمان. لەوانە هی (کاکەی فەللاح، لەتیف هەڵمەت، ... تاد) ی تێدابو. دواتر هەر لە ڕێی کتێبەوە، ئاشنای (بێکەس، قانع، پەشێو، ... تاد) بوم. ئیتر لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن و بەرزبوونەوەی ئاستی تێگەیشتنم، وردەوردە دەستم بە خوێندنەوەی ڕۆمان و چیرۆکی گەورانیش کرد، لەوانە بەرهەمەکانی مەزنەنووسەری تورک و جیهان (عەزیز نەسین) ، کە هەم زمانی نووسینیان سادە بوون، هەم پڕمانا و چێژ. هەروا دواتر هەندێ کۆچیرۆک و ڕۆمانی کوردیی و بیانیش. ئەگەر یادگەم یارمەتیم بدات، وابزانم ئەمانەی تێدا بوون: (بێنەوایان/ ڤیکتۆر هۆگۆ، بێسەرپەرشتان/ قودسی نەصیری، دایک/ مەکسیم گۆرکی، حەمەدۆک و کاریتە یان ئەودیوی چیا/ یەشار کەمال، ... تاد) کە لە وەرگێڕانی کۆمەڵێ وەرگێڕی بەتوانا و پاراوزمانی وەک (شکور مستەفا، محەمەد شەڵماشی، عەبدوڵڵای حەسەنزادە، عەبدولکەریم شێخانی، ... تاد) بوون. لە کوردییەکانیش: (کوێرەوەری، ژانی گەل/ برایم ئەحمەد، شار، گەلەگورگ/ حسێن عارف، تەنیایی، ڕستێک زەنگیانەی ئاوی/ حەمەفەریق حەسەن، گوڵی ڕەش/ شێرزاد حەسەن، هەڵۆ/ ڕەئوف بێگەرد، ... تاد) .
دوای ئەوەش، بە تایبەت لە قۆناغی ئامادەیی خوێندنەوەی کتێبم کەمێ فراوانیی و بڵاویی تێکەوت، واتا بە تێکەڵیی و فرەپسپۆڕیی دەمخوێندەوە. لە ئەدەبەوە بۆ سیاسەت، لەوێوە بۆ بابەتی دینیی، ئینجا کەمکەمە بواری هزریی. لە قۆناغی زانکۆشدا، کە ئاسۆی بیرکردنەوەم فراوانتر بو، جگە لە پسپۆڕییەکەی خۆم، زیاتر خوم دایە هزر و فەلسەفە.
دەبێ ئاماژە بەوەش بدەم؛ هەڵپەم بۆ کتێبخوێندنەوە و خەمی خۆپێگەیاندن و پرسیار و گومانەکانم، هەندێجار وای لێکردوم، دەستم بۆ خوێندنەوەی هەندێ کتێبی سەرو ئاستی مەعریفیی خۆم ببەم. کتێب هەبوە هیچ یان شتێکی ئەوتۆی لێ تێنەگەیشتوم. بۆ نموونە کاتێ ساڵی 1996 چاپی یەکەمی نۆڤلێتی (حەسار و سەگەکانی باوکم) ی (م. شێرزاد حەسەن) بڵاوکرایەوە، هەرزو دەستمخست و خوێنمدمەوە، بەڵام تەمەنم تەنیا 14 ساڵ بو، بۆیە ئەکاتە زۆر تێی نەگەیشتم!
سەبارەت بە بوون بە خاوەنی کتێبی خۆیشم، خەونم بو. زۆر خولیام بو منیش ناوی خۆم لەسەر بەرگی کتێبێکی باشدا ببینم. ساڵی 2003 یەکەم کتێب کە نیازی چاپکردنیم هەبو، کۆمەڵێ وتاری ڕەخنەیی بو لە بواری خوێندن و پەروەردە و ژیانی خوێندکاریی و گەنجێتیی، پێشتر لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاومکردبوونەوە، ناونیشانی (کولتوری ترس و خۆکوشتنی خوێندکار) م بۆ دانابو، کە لە بنەڕەتدا هەر ناونیشانی یەکێک لە وتارەکان بو، بەڵام نەڕەخسا، دواتریش خۆم کەمێ لە چاپکردنی خاوبومەوە و ئیتر نەبو بە کتێب! بەڵام دو ساڵ دوای ئەو هەوڵەم، یەکەمین کتێبم کە توێژینەوەیەک بو، بە ناونیشانی (رۆژنامەی ئەهلی لە باشووری کوردستان) چاپ و بڵاوکرایەوە. ڕووداوێکی تایبەت بو بۆ من.
لەبارەی دانانی کتێبخانەشەوە؛ پێشتر ئەو کتێبانەی دەمکڕین یان بە دیاریی وەرمدەگرتن، دەمخستنە نێو کتێبخانەکەی ماڵی باوکمەوە، کە تا دەهات گەورەتر دەبو، بەڵام بەهۆی وەرگێڕانم لە خوێندنی ماستەر ئیدی ئەگەر لە بەشەناوخۆیی و شوقەی زانکۆش بومایە، دەبوایە کتێبخانەیەکی بچکۆلەی خۆم تایبەت بە بوارەکەم دابنێم. ئەو کتێبخانەیە بەرەبەرە فراوانتر بو، بەڵام بۆ منێکی تا ئەمساڵانە کرێچیی و ماڵبەکۆڵ، لە هەر ماڵگواستنەوەیەکدا خەمی گەورەم کتێبەکانم بو. ئیتر لە کۆکردنەوەیانەوە تاکوو گواستنەوە و ئینجا سەرلەنوێ دانانەوەیان.
جارێکیان لەو ماڵگواستنەوەیەدا، برازا و خوشکەزا ئازیزەکانم یارمەتیان دەدام، هاوین بو، کەوتینە درەنگانی شەو، خۆمان و ئەوانیش هیلاک، کتێبەکان لە پشتی تیۆتایەکدا بوون، پێمگوتن: ئەمشەو درەنگە و ئێوەش ماندون، تازە لێی گەڕێن بۆ سبەینێ. یەکیان وتی: ئاخر ئەمشەو لەدەرەوە نایاندزن؟، منیش بێوەستان وەڵامم دایەوە: خەمت نەبێ لەم وڵاتەدا کەس کتێب نادزێت.
ئێستا کتێبە چاپکراوەکانم بە خۆشحاڵییەوە، دەرزەنیان تێپەڕاندوە (وێنەی بەرگی زۆربەیان هاوپێچی ئەم نووسینەیە، لەگەڵ ڕایەڵی سۆفت-کۆپیی هەندێکیان لە پێگەی ئەلیکترۆنیی کوردیپێدیا:
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=2012113014060574051&lng=1) =KTML_Link_External_Between=خوێنەری ژیاننامە و بەرهەمەکانی نووسەر بن لە کوردیپێدیا=KTML_Link_External_End=
ئەگەر تەمەن و تەندرووستیی و کاری ئەکادیمیی و کارگێڕییش ڕێگەبدات، زۆر حەزدەکەم دواپێداچونەوە بە کتێبە تەواونەکراوەکانمدا بکەم و ئەوانیش ڕووناکیی ببینن، لەوانە: (ئاکاری پیشەی ڕاگەیاندن، توێژینەوە لە بواری گەیاندن و ڕاگەیاندندا، کۆمەڵناسیی ڕاگەیاندن، ئاکار و ئازادیی، ئەرکی چاودێرکاریی ڕاگەیاندن، ڕاگەیاندنی بنکۆڵکاریی، کۆمەڵە ساتیرەچیرۆک، کۆمەڵە لیریک _شیعری گۆرانیی_، ... تاد). [1]
23ی نیسان، ڕۆژی جیهانیی کتێب، لە هەموو نووسەر و کتێبدۆستێک پیرۆز 📚
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=