$تاکتیکەکەی حکومەتی ئێراق چی لە بازاڕ دەکات؟$
#یاسین مەحمود#
#15-12-2020#
$حکومەتی ئێراق بۆ پڕکردنەوەی کوورتهێنانی بودجەکەی بە شێوازێکی ژیرانە و بەفێڵێکی سەردەمیانە بەتاکتیکێکی چاوەڕواننەکراو 25% مووچەی مووچەخۆرانی کەمکردەوە، ئەویش بە بەرزکردنەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی و دابەزاندنی نرخی دیناری ئێراقی.$
بەپێی ئەو پلانەی کە حکومەتی ئێراقی دایناوە، تاوەکوو ناوەڕاستی مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو، دۆلار لە بازاڕەکانی ئێراقدا لەنێوان 145، 000 بۆ 150، 000دینار دەبێت، بەم جۆرە بێت مووچەی مووچەخۆرانی ئێراق 25% کەمدەکاتەوە.
مووچەخۆران ئەو مووچەیەی کە وەریدەگرن پاڵپشت بەنرخی دۆلار لە بانکی ناوەندی، کە ڕۆژانە یاری دەکرد کاتێک دۆلاری ئەمریکی لەنێوان 119، 000 بۆ 120، 000 دینار دەفرۆشرا، واتە ئەگەر مووچەخۆرێک مووچەکەی یەک ملیۆن دینار بوایە بەرانبەر 840 دۆلاری ئەمریکی بوو، بەڵام دوای ئەوەی کە ئێستا ئێراق کوورتهێنانی بودجەی هەیە یەکێک لەباشترین ڕێگەکان حکومەتەکەی کازمی هەڵی بژارد، تاوەکوو ئەندازەیەک باشە ناڕەزایی زۆر کەمی لێ دەکەوێتەوە لە شەقامدا ئەویش ئەوەیە دیناری ئێراقی دادەبەزێنێت بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریکی و ڕاستەوخۆ نایێت بڵێت، بەهۆی کەمی نەختینە، مووچە کەم دەکەنەوە، لەکاتێکدا کە ئەو دابەزینە دەگاتە ئاستی نزیکەی 16% بۆ 17% لە بەهای دینار و ئەو ملیۆنەش بۆ ئێستا بەهاکەی بەرانبەر دۆلار زیاتر لە 600 دۆلار دەکات، بەم پێیە مووچەخۆران زەرەرمەندی سەرەکین.
ئێراق تا ئەندازەیەک لە کوورتهێنانی بودجە ڕزگاری دەبێت، بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگەی باسکردنە، دەبوو لە میدیاکاندا ئەم خاڵانەی خوارەوە زیاتر ڕوونبکرێنەوە:
$یەکەم:$ نرخی شتومەک و کاڵا و پێداویستیی خەڵک بە ئەندازەی ئەو 20 بۆ 30 هەزار دینارەی کە لە نرخی بەهای دیناری ئێراقی کەمدەکرێتەوە و دۆلاری پێ بەرزدەکرێتەوە، هەموو شتێک ئەگەر نرخی 120، 000 دیناری ئێراقی بێت لەمەو دوا دەبێت بە 150، 000 دینار و کەمێک زیاترش، چونکە خەڵک ترسێکی زیاتری بۆ درووست دەبێت بەرانبەر دۆلار، ئەگەر ئێراق ئەمساڵ بەمە بیەوێت کوورتهێنانی بودجەی پڕ بکاتەوە دوور نییە ساڵێکی دیکە دۆلار نەبێت بە 200، 000 دینار، بۆیە شت لەوە گرانتر دەبێت کە نرخی دۆلاری پێ بەرزکراوەتەوە.
$دووەم:$ زیانێکی گەورە لە توێژەکانی ناوەند و خوار ناوەند دەکەوێت، چونکە ئەو مووچەیەی وەریدەگرن وەک پێویست ناتوانن بژێوی ژیانی خۆیانی پێ دابین بکەن.
$سێیەم:$ لە دوای مووچەخۆران ئەوانەی زیانی ئەم ئاڵوگۆڕەی بەهای دراویان بەردەکەوێت، پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و بازاڕی گەورەی ئێراقە، بۆ ماوەیەک بازاڕ ناجێگیر دەبێت و شڵەژاوی پێوە دیار دەبێت و خۆی بۆ خۆی دڵە ڕاوکێیەک درووست دەکات.
$چوارەم:$ دۆخەکە کاریگەریی نەرێنی زۆری دەبێت لەسەر هاوردە و هەناردە، بۆ ماوەیەک پڕۆژەکانی وەبەرهێنان خاو دەکاتەوە و تەنانەت پاشەکشەیش ڕوو دەدات.
$پێنجەم:$ دراوی ئێراقی لە ناوخۆ و دەرەوەدا، بەرانبەر دراوە جیهانییەکانی دیکە بە ئەندازەیەکی زۆر متمانە لەدەست دەدات، بە داخەوە هەرچەندە ئێستا ئێراق وڵاتێک نییە ئابڵوقەی ئابووری لەسەر بێت وەک ئێران و سووریا و هەندێک وڵاتی دیکە، بەڵام حکومەتی ئێستا بەم هەنگاوەی کارێکی وا دەکات، وەک ئەو وڵاتانە کە تووشی ئابڵۆقەی ئابووری بوون یان لەوەدان تووشی ئابڵوقە بن وەک تورکیا، بۆیە دراوی ئێراقیش لەمەودوا متمانەی لەسەر نابێت، بە بۆچوونی من دراوی ئێراقی لەمەودوا لەنێوان 145، 000 بۆ 155، 000 دینار بەرانبەر دۆلار یاری دەکات ئەمەش دەبێتە لایەنێکی نەرێنی زۆر خراپ بۆ دراوەکەی.
$شەشەم:$ لەمەودوا خەڵک زۆر خوازیار نابێت سامانەکەی بریتی بێت لە دراوی ئێراقی، ئەوانەی کەمیان هەیە یان زۆر، خوازیارن دراوەکانیان بگۆڕن بۆ دراوێکی بیانیی دیکە بە تایبەتی بۆ دۆلاری ئەمریکی کە ئەمەش بۆ دراوی ئێراقی زۆر خراپە.
$حەوتەم:$ ئەم هەنگاوەی حکومەتی ئێراقی ئەگەر لە ڕووی زانستی ئابووری سەیری بکەین مادام بۆ پڕکردنەوەی کوورتهێنانی بودجەیە و لەسەر قوت و بەرژەوەندیی چین و توێژەکانی ناوەند و خوار ناوەندە، کە ئەوانە زۆر کاریگەریی ئەم بێ بەها کردنەوی دراویان لەسەر دەێت ئەگەر بە ویژدانەوە سەیری بکەین ئەمە فێڵە، فێڵێکی گەورەیە حکومەتی ئێراقی لە هاووڵاتییانی خۆی دەکات.
$هەشتەم:$ خاڵێکی دیکەی نەرێنی ئەوەیە کە فەساد لە ئێراقدا زیاتر بڵاودەبێتەوە و فەرمانبەرانی حکومەت زیاتر ڕێگەیان بۆ خۆش دەبێت بۆ وەرگرتی ڕەشۆ و ڕایینەکردنی مامەڵەکان، دوور نییە ئەمساڵ یاخود بۆ ساڵی داهاتوو ئێراق لەڕیزبەندیی یەکەمی ئەو وڵاتانە بێت کە گەندەڵترین سیستەمن.
$نۆیەم:$ تەنیا نرخی پێداویستی و شتومەک لە ئێراقدا گران نابێت و لەمەودوا نرخی خانووبەرە بەپێی پێشبینییەکان بە ڕێژەی 25% بە دراوی ئێراقی واتە ئێستا لە هەر بەشێکی ئێراق نرخی زەوی یاخود خانوو بە ڕێژەی 25% بە دراوی ئێراقی زیا دەکات، واتە ئەوانەی خاوەن دیناری ئێراقی بوون و خوازیار بوون یەکەیەکی نیشتەجێبوون بوون بکرن و چاوەڕێ بوون نرخەکان دابەزێت بەداخەوە ناتوانن ئەو ئامانجەی هەیان بووە بیپێکن.
$دەیەم:$ ئەم هەنگاوەی حکومەتی ئێراق، هەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراوبوو لە ماوەی 17 ساڵی دوای ڕژێمی پێشووتر، هەروەها لە ماوەی لابردنی ئابڵوقەی ئابووری لەسەر ئێراق کە بانکی ناوەندی بە هەماهەنگی و هاوکاری سندووقی دراوی نێودەوڵەتی نرخی دۆلاریان لە 120، 000 دینار جێگیرکردبوو، ئەمە یەکەم جارە حکومەتی ئێراق بەهۆی ئەو هەموو گەندەڵییەی هەیەتی لەڕووی ئابوورییەوە دەست دەبات بۆ دراوەکەی کە تەنیا 3% بۆ 5% لەوڵاتانی دنیا کە هیچ ڕێگە چارەیەکان بۆ نامێنێتەوە ئەم هەنگاوە دەنێن، بۆ حکومەتی ئێستا لە حوکمڕانیدا بۆ داهاتوویان بە شکست هەژمار دەکرێت.
$یانزەیەم:$ بەم هەنگاوە دەرکەوت کە حکومەتی ئێراقی، ئیرادەی چاکسازیی نییە، بەم شێوازەش ژێرخانی ئابووریی ئێراق داتەپینی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت لەجیاتی بووژانەوە، هەروەها دەرکەوت ئێراق دەیەوێت بۆ داهاتووش پشت بە وزە ببەستێت، لەم بارەدا ئەگەر نرخی نەوت بەرزبێتەوە، ئەگەر هەیە ڕاستەوانە دراوەکەشی بەها پەیدابکاتەوە بەرانبەر دۆلار و بە پێچەوانەوە، وەک ڕوونمان کردووەتەوە لە ئەگەری جێگیربوون یان دابەزینی زیاتر، دوور نییە دراوەکەی بێ بەهاتر بێت.
$دوانزەیەم:$ خاڵی جەوهەری و مەترسیدار لەم میانەدا ئەوەیە ترس لە بێ بەها بوونی دینار و بەردەوام هەڵکشانی دۆلار، دەستاو دەستکردنێکی پڕ زیان دەهێنێتە ئارا، بۆ کەسانێک کە لانی کەم خاوەنی پاشەکەوتێکن و لەمیانی دینار بە دۆلاردا بەدڵنیایی زۆر دەبن ئەوانەی کە تووشی زیان دەبن و تا مایەپووچبوونیش دەڕۆن، وەک ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لەدۆخی دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی بینیمان، کە چ دۆخێکی بۆ هاووڵاتییان هێنایە ئاراوە تاوەکوو ئاستی مایەپووچ بوون. [1]