$دوئێخ نەوشە لە نەینەوا جەنگاوەر کۆدەکاتەوە$
ئامادەکردنی: کەناڵی ڕووداو
#12-12-2014#
$رووداو- باقۆفا$
ئاشوورییەکانی دەشتی مووسڵ هێزێکی سەربازیی دووسەد کەسییان پێکهێناوە و ناوێکی هاوشێوەی پێشمەرگەیان لێناوە. ئەوان بڕیارەکەی دەوڵەتی فەرەنسا بۆ پێدانی مافی پەنابەری بە ئاشوورییەکان ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن: خاکی خۆمان بۆ کەس بەجێناهێڵین.
$گیانبەخشە کریستیانەکان$
لە گوندی باقۆفای دەشتی مووسڵ دوو سەد جەنگاوەری ئاشووری خەریکی مەشقن. ئەوان ناویان لەخۆیان ناوە (دوئێخ نەوشە) . بە زمانی سریانی کە زمانی ئاشوورییەکانە، ئەو وشەیە بەمانای گیانبەخش دێت. ئەمەش نزیکە لە واتای وشەی پێشمەرگە لە زمانی کوردیدا.
جەنگاوەرە ئاشوورییەکان تاوەکوو ئێستا، وەک لە ناوەکەیانەوە دیارە، گیانیان نەبەخشیوە و لە شەڕی دژی #داعش#دا کەسیان لێ شەهید یان بریندار نەبووە. بەڵام ناوچەیەکی فراوانی ئاشوورییەکان لە دەشتی مووسڵ بەدەست داعشەوەیە، ئەمەش وادەکات دوئێخ نەوشە ڕۆژانی سەختی لەپێش بن بۆ بەشداریکردن لە کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەدا.
ئەلبێرت کیسۆ، گوتەبێژی دوئێخ نەوشە، بە (رووداو) ی گوت: هێزەکەمان لە مانگی هەشتی ئەمساڵدا بە دەستپێشخەریی پارتی نیشتمانیی ئاشووری دامەزراوە. واتە ماوەیەکی زۆر نییە دامەزراوە و دەزانین شەڕی سەختمان لەپێش دەبێت. کیسۆ، کە لە ساڵانی هەشتادا لە ڕیزی سوپای ئێراقدا سەربازیی کردووە، لەبارەی ئەزموونی سەربازیی دوئێخ نەوشەوە گوتی: لەنێوماندا هەیە ئەفسەر بووە، هەندێکمان پێشتر سەربازیمان کردووە و کەسانی شارەزاین.
$تەقەمەنیی ئێرانی$
بارەگای سەرەکیی دوئێخ نەوشە لە باقۆفا لە ماڵی موختاری گوندەکەدایە. لە ڕاڕەوی ماڵەکەدا ژمارەیەک سندوقی تەقەمەنی دانراون. سندوقەکان بە زمانی فارسی لێیان نووسراوە. ماجید ئیلیا، کە ڕۆژنامەنووسە و بەرپرسی ڕاگەیاندنی دوئێخ نەوشەیە، لەبارەی ئەو سندوقانەوە گوتی: چەکەکانمان و تەقەمەنیشمان لە بازاڕ کڕیوە و کەس هاوکاریی نەکردووین. ئەمجۆرە شتانە لە بازاڕدا دەفرۆشرێن. جۆری چەکی جەنگاوەرانی دوئێخ نەوشە سادەیە. زۆربەیان کڵاشینکۆف یان چەکی دیکەی سووکیان پێیە. گوتەبێژی دوئێخ نەوشە دەڵێت: ئەرکی ئێستامان پاراستنی ماڵ و حاڵی خەڵکی خۆمان و داکۆکیکردنە لەم خاکە پیرۆزە.
ئەو ناوچەیەی دوئێخ نەوشە تێیدا جێگیرە بە خاکی کەڤناری ئاشوورییەکان دادەنرێت. لەنێو ئاشوورییەکانی دەرەوەی کوردستاندا جووڵانەوەیەک هەیە کە بانگەشەی ئەوە دەکات ئەو ناوچەیە کوردستان نییە و کورد لە سەردەمێکی مێژووی دووردا وەکوو داگیرکەر هاتوونەتە ئەو ناوچەیە. بەڵام زۆرینەی ئاشوورییەکانی کوردستان وا بیرناکەنەوە. بەشێک لەو ئاشوورییانە داوا دەکەن لە ناوچەکانی خۆیاندا لە دەشتی مووسڵ جۆرێک لە ئۆتۆنۆمییان بدرێتێ لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستاندا.
$سەرچاوەی دارایی دوئێخ نەوشە$
ئەلبێرت کیسۆ دەڵێت تەواوی ئەو کەسانەی دەبنە جەنگاوەری دوئێخ نەوشە خۆبەخشن. بەڵام مووچەیەک وەردەگرن. سەبارەت بە سەرچاوەی داهاتی ئەو هێزە چەکدارییە ئاشوورییە، گوتەبێژی دوئێخ نەوشە، گوتی: هەندێک دۆست و پشتیوانمان لە ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیا هەن، ئەوان پارەمان بۆ دەنێرن. لەو قسانەدا بووین، لەپڕ ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگە هاتە بەردەرگای بارەگاکە.
دوو پێشمەرگە دابەزین و خواردنیان دابەزاند. بەدوایدا سواربوونەوە و ڕۆیشتن. جەنگاوەرانی دوئێخ نەوشە داوایانلێکردین نانی نیوەڕۆیان لەگەڵ بخۆین. یەکێک لە جەنگاوەرەکان بەگاڵتەوە دەیگوت: ئێمەش وەکوو ئێوە دەعوەتین، هەردوولامان نیوەڕۆ دەعوەتی پێشمەرگەین! دواتر عەمید سەردار کەریم، جێگری فەرماندەی میحوەری تلکێف، بە (رووداو) ی گوت: ئەوانە برای ئێمەن و هیچ جیاوازییان نییە لەگەڵ پێشمەرگەدا. بۆیە وەکچۆن خواردن بۆ پێشمەرگە دابین دەکەین، ئاواش بۆ ئەوانیش نان دەهێنین.
$شەڕی براکوژی$
جەنگاوەرانی دوئێخ نەوشە سەر بە پارتی نیشتمانیی ئاشوورین. ئەمەش وادەکات وەکوو میلیشیایەکی حیزبی تەماشایان بکرێت. بەڵام ئەڵبێرت کیسۆ ئەمە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت: ئێمە بە هیچ شێوەیەک میلیشیا نین. هێزێکی نیشتمانین و ئامانجمان پارێزگاریکردنە لە گەلی خۆمان. ڕاستە پارتی نیشتمانیی ئاشووری ڕۆڵی لە دامەزراندنی دوئێخ نەوشەدا هەبووە، بەڵام ئێستا سەر بەو پارتە نین.
لە میدیاکاندا وا بڵاوکراوەتەوە کە پارتێکی دیکەی ئاشووریش خەریکی درووستکردنی هێزێکی چەکدارە. کیسۆ ئاگاداری ئەو هەوڵانە نییە، بەڵام بەدووری دەزانێت ئەگەر ئەو هێزانە درووست ببن شەڕی براکوژی لەنێو ئاشوورییەکاندا لەنێوان ئەو هێزانەدا درووست بێت.
کیسۆ لەبارەی ئاییندەی دوئێخ نەوشەشەوە دەڵێت: ئێمە بەهۆی شەڕی داعشەوە دامەزراوین و ئامانجمان ئەوەیە پارێزگاری لە خاکە پیرۆزەکەمان بکەین. هەمووشمان کەسانی خۆبەخشین. بۆیە ئەگەر شەڕی داعش تەواو بێت دەگەڕێینەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆمان و چەکەکانمان دادەنێین. [1]