ناونیشان: کوردستان سێناتی دەوێ
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #19-08-2019#
پاش هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەت و تەواوکردنی پێکهاتەی پەڕڵەمان، کاتی هاتووە هەنگاوی دوای ئەوە هەڵبهێنرێت. ئەویش تەواوکردن و پتەوکردنی سیستمی حوکمڕانییە، بە پێکهێنانی جڤاتێکی هاوتەریب لەگەڵ پەڕڵەمان. ئەزموونی سی ساڵی ڕابردوو پیشانیداوە کە بۆ قۆناغی داهاتوو، درووستکردنی ئەو جڤاتە یەکێکە لە پێویستییەکان.
بەر لە ڕاپەڕین، بەرەی کوردستانی پێکهات. کاتێک ڕاپەڕین کرا، ئەو بەرەیە تەنیا ڕۆڵی سەرپەرشتیکردنی ڕاپەڕینی نەبینی، بەڵکوو مەرجەع (لێڤەگەڕ) ی خەڵکی کوردستانیش بوو بۆ دانووستاندن لەگەڵ بەغدا و گەیاندنی دەنگی کوردستان بە نێوەندە مرۆیی و دیپلۆماسییەکانی دنیا. هەر ئەو لێڤەگەڕەش هەڵبژاردنی لە کوردستان ڕێکخست و یەکەمین پەڕڵەمان و حکومەتی بۆ هەرێمی کوردستان دامەزراند. تەبەنیی فیدراڵیشی کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی باشووری کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی ئێراق.
پاش درووستکردنی ئەو دامەزراوە مەدەنییانە، بەرەی کوردستانی نەما. پاش نەمانی بەرەش، کوردستان گیرۆدەی شەڕێکی خۆکوژیی نەگریس بوو، ئەنجامەکەشی ئەو دوو ئیدارەییە بوو کە تاوەکوو ئێستاش بە قسە نەماوە، بەڵام بە کردەوە هەر هەیە.
لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر دۆخ هاتوونەتە پێشەوە کە پێویستیان بەوە بووە لێڤەگەڕێک لە سەرووی پەڕڵەمان و حکومەتەوە هەبێ و یەکلاییان بکاتەوە. دامەزراندنی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆری ئەو کێماسییەی چارەسەرکرد، بەڵام دەرکەوت هێشتاش سرووشتی خەڵکی کوردستان پێویستی بە دووبارەکردنەوەی نموونەیەکی هاوشێوەی بەرەی کوردستانییە بۆ ئەوەی بە جیاوازییەکانیانەوە وەک لێڤەگەڕی هەمووان تەماشای بکەن. لە بەرەی کوردستانیدا کەسایەتییە کاریگەرەکانی هەموو حیزبەکان جێگەیان گرتبوو، هەر بڕیارێک کە دەردەچوو، بریتی بوو لە ڕێککەوتنی نێوان بڕیارسازانی حیزبە بەهێزەکان.
هەمان نموونە لەکاتی گشتپرسیشدا دووبارە بووەوە. کاتێک ئەو ئەنجوومەنە سیاسییەی ئەوکات درووستکرابوو بڕیاری لەسەر شتەکان دەدا، هەرچەندە هەندێک سەرکردەی نێو حیزبەکان بە بڕیارەکان ڕازی نەبوون، بەڵام بە چاک و خراپیی دەرهاویشتەکانی بڕیارەکانەوە، ئەنجوومەنە سیاسییەکە لێڤەگەڕ بوو.
کێشەیەکی دیکە کە وادەکات کوردستان پێویستی بە و جڤاتە هەبێ، ئەوەیە کە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی پەڕڵەمانتاران لەنێو خەڵکەوە وایکردووە ئاستی زۆر لە پەڕڵەمانتاران لە خوارەوە بێت. ئەمەش وادەکات لە یاسادانان و بڕیاردان لەسەر مژارە چارەنووسسازەکانی کوردستان هەمیشە ترسی ئەوە هەبێ کە پەڕڵەمان بڕیاری هەڵە بدات.
لەپەنای ئەوانەدا کێشەیەکی دیکەش هەیە، ئەویش مەسەلەی گەرەنتیکردنی حزوری نوێنەرایەتیی پێکهاتە و ناوچە جیاوازەکان و توێژەکانی نێو کۆمەڵگەیە لە حوکمڕانیدا و بەتایبەتیش لە یاساداناندا. بۆ نموونە ئێزدییەکان، کاکەییەکان، کریستیانەکان، ئەرمەنییەکان، کەسوکاری ئەنفال، تورکمانەکان، عەرەبەکان، شیعەکانی کوردستان و زۆر پێکهاتەی دیکە بە تەنیا کورسییەکی کۆتا ناکرێ نوێنەرایەتی بکرێن. مافی خۆشیانە هەست بکەن ئەوانیش بەشدارن لە حوکمڕانیی وڵاتەکەی خۆیاندا کە کوردستانە.
هەموو سیستمە دیموکراسییەکانی دنیاش ئەو جڤاتانەیان هەیە و زۆربەشیان پێیدەڵێن سێنات. لە هەر وڵاتێکیش بە جۆرێکە. بۆ نموونە ئەوەی ئەمریکا زۆر جیاوازە لەوەی لە ئەڵمانیا یان هۆڵەندا یان فەرەنسا هەیە. لە زۆر لەو وڵاتانەدا کە فیدراڵین، هەر ویلایەتێکیش سێناتی خۆی هەیە و هیچ کێشەیەکی لەگەڵ سیستمی فیدراڵیدا نییە. بۆیە کوردستانیش پێویستی بەوەیە کە وابکات حکومەتێکی چالاکی هەبێت، پەڕڵەمانێکی هەبێ کە چاودێریی حکومەتەکەی بکات و کار لەسەر یاسای نوێ بکات، بەڵام سەرۆکی هەرێمی کوردستانێکیشی پێویستە کە چاودێریی ئەدای هەموو دامەزراوەکانی حوکمڕانی بکات و لەمەدا سێناتی پڕ لە خەڵکی بەئەزموون و شارەزا پشتیووانیی بکات. [1]