ناونیشان: هەم زیارەت هەم تیجارەت
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #30-09-2019#
ئەگەر بە کاردانەوەی چالاکڤانانی سەر فەیسبووک بێت، ڕۆژانی ڕابردوو گەورەترین کوفر کراوە. ئەویش بەوەی کە دوو کەناڵی ناسراوی تەلەڤیزیۆنی پەخشیان ڕاگیراون. ئەمە نیشانەی تێنەگەیشتنە لە ڕۆڵی میدیا و لەبیرکردنی ئەو ڕاستییەیە کە میدیا کەرەستەیە بۆ گەیشتنە ئامانج نەک ئامانجەکە خۆی بێت.
جارێ پێش هەموو شتێک دوو حیزب دوو کەناڵی خۆیان داخست. ئەوەش لە مێژووی حیزبایەتیی باشووری کوردستاندا هەرچەندە پێشینەی هەبووە، بەڵام بەزەحمەت هەزمکراوە. کاتێک حیزبی شیوعی تەلەڤیزیۆنی ڕێگای داخست، ئەو واوەیلایەی بۆ داخستنی دەکرا، زۆرتر لەوەی لە دڵتەنگی بۆ نەمانی میدیایەکی کاریگەر بێت، دڵتەنگی بوو بۆ ئەوەی کە مادام هەموو حیزبەکان تەلەڤیزیۆنی خۆیان هەیە کەواتە بۆ شیوعی نوشوستییەکی گەورەیە کە نەیمێنێت. چیرۆکی کەناڵی جەماوەریش بەهەمانشێوە بوو.
ڕاستییەکەی میدیای حیزبی، بەو فۆرم و ستایلە کوردییە کۆنەوە، زۆر دەمێکە سەردەمی بەسەرچووە و خەرجکردنی بودجەی زەبەلاحە لە پڕۆژەیەکدا کە هیچ ئەنجامی نییە.
لەدوای هاتنی ڕووداوەوە، میدیای بینراو چووە قۆناخێکی ڕاگوزەرەوە کە شوێنێکی بۆ میدیای حیزبی نەهێشتووەتەوە. یەکێتی بە دانانی کەناڵێکی هەواڵیی هاوتەریب لەگەڵ کوردسات ویستی پەلەقاژەی مانەوەی میدیا حیزبییەکەی بکات، بەڵام ئەو پڕۆژەیە بەمردوویی لەدایک بوو و نەیتوانی هەم حیزبی بێ و هەم هەواڵی بێ و هەم سەرکەوتووش بێت. پارتیش بەوەی کە میدیاکانی کردە ئێچ دی و ئامێرەکانی گۆڕین و کەمێک سیاسەتی ڕووماڵی دەستکاریکردن، هەوڵیدا لەو قۆناخە ڕاگوزەرە بە میدیای حیزبییەوە دەربازی بێت. بەڵام ئەویش کاریگەرییە خوازراوەکەی لەو میدیایەدا نەبینی. لەو نێوانەدا گۆڕان پاش هەوڵێکی زۆر لەگەڵ کەی ئێن ئێن بڕیارە درووستەکەی دا و دایخست و ڕادەستی واقیعە نوێیەکە بوو.
ڕاستییەکەی ئەگەر ئەو حیزبانە میدیاکانیان وەکوو موقەدەسات نەبینن و بیرێکی هێمنانە و ڕوونیان لێبکەنەوە، بۆیان دەردەکەوێ کە بە نیوەی ئەو بودجەیەی لەو تەلەڤیزیۆنە بێ کاریگەرییە حیزبییانە خەرجیدەکەن، دەتوانن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاری میدیایی دە جار کاریگەرتر بۆ حیزبەکانیان و بۆ گەیشتنە دەنگدەرانیان بکەن.
لە هەموو دنیاش ئێستا حیزبەکان هەر وادەکەن. قوورسایی زۆر دەخەنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەوڵدەدەن باشترین قسەکەر و نوێنەری سیاسەتەکانی حیزبەکانیان وەک میوان بنێرنە ئەو کەناڵانەی هاوشێوەی ڕووداون و مەودا دەدەنە هەموو لایەک وەکیەک تێیاندا دەربکەون و دیبەیت بکەن و سەنتێکیش وەک خەرجی لەسەر حیزبەکانیان بارگرانی درووستنەکەن. هەر ئەمەیە کە کورد پێیدەڵێت: هەم زیارەتە و هەم تیجارەت!
شتێک کە وەک پەراوێزی گۆشەی ئەم هەفتەیە پێم گرنگ بوو بیڵێم لەسەر ئەمنە سوورەکەیە. ئەوەی کە تاوەکوو ئێستا خەرجییەکانی ئەو شوێنەوارە مێژووییە لەسەر هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد یان یەکێتی بووە بۆخۆی کێماسییەکی گەورەیە بۆ حوکمڕانیی کوردستان. ڕاستییەکەی نەدەبووایە و ناشبێت ئەمنە سوورەکە ببێتە قوربانیی شەڕی گیرفانی پارەدارانی یەکێتی.
بۆیە باش وایە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکومەتیش لەوەدا تەدەخول بکەن و نەهێڵن یەکێک لەو ڕەمزانەی هەر بۆ خەڵکی #سلێمانی# نا، بەڵکوو بۆ هەموو کوردستان نرخی گەورەی مێژوویی هەیە، بە کونفەیەکوونێک دابخرێ.
[1]