ناونیشان: لاسایی #داعش# مەکەنەوە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #03-02-2015#
پێدەچێ کورد لەبیری چووبێت بۆچی دنیا لە شەڕی دژی داعشدا لەگەڵی هاوسۆزە. بۆیە سڵ ناکاتەوە لەوەی لە تووندوتیژیدا هەوڵی لاساییکردنەوەی داعش بدات. ئەمە سەرەتایەکی مەترسیدارە و نابێ لێی بێدەنگ بین.
ڕێکخراوی هیومەن ڕایتس وۆچ لە دوایین ڕاپۆرتیدا زەنگێکی مەترسیداری لێداوە: حکومەتەکان بەبیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە مافەکانی مرۆڤ پێشێلدەکەن. هەڵبەت لەنێو ئەو حکومەتانەدا دەبێ حکومەتی ئێراقیشی تێدابێت، کە ئێستا مەیدانی ڕاستەقینەی شەڕە لە دژی داعش.
چوار مانگ پێش ئێستا، چوومە ناوچەی ئامرلی. لەنێوان ئامرلی و #خورماتوو#دا ئاوایی گەورە هەبوون کە بەتەواوی چۆڵکرابوون و دانیشتوانیان تەنیا لەبەرئەوەی عەرەبی سوننە بوون بۆیان نەبوو بگەڕێنەوە بۆی. ئەوان لە خورماتوو و کەرکووک پەرتەوازە ببوون و ژیانێکی کۆڵەمەرگانەیان هەبوو. هەندێکیان، کە هەوڵیاندابوو بگەڕێنەوە، شوێنبزر ببوون و دوای ماوەیەک تەرمەکانیان دۆزرابوونەوە. ئەوکات دەموت جیاوازیی کورد لەگەڵ هێزە عەرەبییەکان (بە شیعە و سووننەوە) لەوەدایە کە نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستەی دڕندایەتی و هێشتاش ڕێساکانی جەنگ ناشکێنین.
لە چوار مانگی ڕابردوودا ئەو تێگەیشتنەم گۆڕدراوە. ئەو کوردەی جاران بە بینینی تەرمی داعشێک ڕادەچڵەکی، ئێستا هەر بۆخۆشی ئەلبوومێک وێنەی داعشی کوژراو لەسەر فەیسبووک دادەنێت و هاوڕێکانیشی لایک و شەیری دەکەن. پێرێ لە شارێکی کوردستان تەرمی چەند داعشێکیان خستبووە پشتی ئۆتۆمبێلێکەوە و بە کۆڵانەکانی شاردا، کە پڕن لە منداڵ و ژن و پیر و پەککەوتە، دەیانگێڕان.
بەرلەوەی داعش مووسڵ بگرێت، کەمپەینێکی بەهێزی تۆقاندنیان لە ڕێگەی یوتیووب و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەڕێوەبرد. لەو کەمپەینەدا سەربڕین وەکوو ئاوخواردنەوە پیشاندەدرا. بۆیەش کە هاتنە ناو مووسڵ، نەوەت لەسەدی سەربازان و خەڵکی دیکەش، لەترسی سەربڕین و دڕندەیی داعش نەیانتوانی بەرەنگاریان ببنەوە. هەمان شت لەو ناوچانەی کوردستانیشدا ڕوویدا کە کەوتنە دەست داعش. فەرماندەکانی پێشمەرگە بۆیان باسکردووم کە داعش بۆ ئەو ناوچانە هێزی گەورەی نەناردووە، بەڵام لەدڵی خەڵکدا هەر داعشێک دێوێک و دڕندەیەک بووە و کوڕی ئازا ئەو کەسە بووە کە خۆیانی لێ دەرباز بکات!
داعش سوودی لەمە بینی، بەڵام پێشمەرگە چ سوودێک دەبینێت لەوەی لە گەرمەی شەڕی دەستەویەخە لەگەڵ داعشدا لەجیاتی ئەوەی دەستی لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگەکەی بێت، مۆبایلی بەدەستەوەبێت و وێنەی لاشەی شێواوی داعش یان سووکایەتیی چەند گەنجێکی خوێنگەرمی تووڕە بە تەرمەکان یان دیلەکان بگرێت؟
هەموو کەس دەزانێت سەرکردایەتیی پێشمەرگە ڕێنماییان نەداوەتە پێشمەرگە کە سووکایەتی بە داعش بکەن یان بەمردوویی سەریان ببڕن. بۆیە نابێ فەرماندەکان ڕێگە بدەن ئەوە ڕووبدات. چونکە شەڕی پێشمەرگە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی دڕندەییە نەک شەڕی دووبارەکردنەوەی دڕندەیی. دنیاش لەبەر شەڕی یەکەم لە پشتمانە نەک لەپێناوی ئەوەی دووەمدا. [1]