بڕینی هێڵی تەلەفۆنی نێوان #سەید سادق# #پێنجوێن#
حوکومەتی بەعس بۆ ڕایی کردن و بەڕێکردنی کاروباری سەربازی، هێڵێکی تەلەفۆنی ڕاکێشابوو، بەدرێژایی ڕێگای پێنجوێن، لە هاوینی ساڵی 1982 دا لە نزیک گوندی تەڕاتەوەن سەربە شارەدێی ناڵپارێز مامە #ڕەشەی کەچە# و هێزەکەی لە شەوێکی تاریکدا دەچنە سەرجادەکە و زەوییەکە هەڵدەکەنن و کەیبڵی تەلەفۆنەکە دەبڕن، شەهید تەهای مەلا حەمەمین نامەیەک دەنووسێت و دەیکات بە جەمسەری کەیبڵەکەوە، کە کۆمەڵێک هەڕەشە و جوێن بەناوی مامە ڕەشەوە نووسرابوو بۆ مولازم ئەکرەم کە لە مەرکەزەکەی ناڵپارێز دادەنیشت.
پاش بچرانیی پەیوەندی لەنێوان سەربازەگەکانی ئەو ناوچانەدا، بۆ بەیانییەکەی بە هێزێکی زۆرەوە ئەکەونە سەر جادە و پاش گەڕانێکی زۆر ئەو شوێنە دەدۆزنەوە کە کێبڵەکە قرتاوە، کە نزیکە لە سەربازگەکەی تەڕاتەوەنەوە و نامەکەش دەبەن بۆ مەلازم ئەکرەم .
ئەویش مامە عومەر (کە برای شەهید ڕەشە کەچە)یە بانگ دەکات و دەڵێت: ڕەشیدی کەچە خەتی تەلەفۆنەکەی بڕیوین و کاغەزێک جوێن و هەڕەشەی لە شوێنەکەیدا بۆ جێهێشتووین، هەڕەشەی کوشتنی لە من کردووە، بەڵام من ناترسم و هێزم هەیە و حوکومەت لە پشتمە.
دەێت بچیت بۆ لای (مەسئولی موخابەرات) بەرپرسی هەواڵگیری لە پێنجوێن.
بۆ ڕۆژی دوایی مامە عومەر دەچێت بەدوای حاجی شاسواری کۆڵیتان کە کەسێکی ناسراوبوو لای حوکومەت و شۆڕشیش.
لەگەڵ ئەودا دەچێ بۆ پێنجوێن بۆ لای (مەسئولی موخابەرات) کە ناوی نەقیب عادل دەبێت. دەڵێت: من (مەسئولی ئەمن) بەرپرسی ئاساییشم، بە براکەت و کاکە حەمە بڵێ با پەیوەندیم پێوەبکەن و هەرچیان بوێت بویان دەکەم لەناو حوکومەتدا، هەرکەسیان بوێت پێیان دەناسێنم تەنانەت (سەیید ڕەئیس) یش، مەبەستی سەددام حسێنە.
مامە عومەر دەچێت بۆ لای مامە ڕەشە و کاکە حەمە لە #شارەزوور#. ئەو ڕۆژەی ئەو دەچیت شەڕ دەبێ و پێنج پێشمەرگەی شیوعی شەهید دەبێت. بە بۆردومانی فڕۆکە، لە دێیەک بەناوی بیڕەشکە، مامە ڕەشە دەڵێت: ها خێر چی بووە کاکە؟ ئەویش دەڵێت: (مودیری ئەمن) بەڕێوەبەری ئاساییش بانگی کردووم لەسەر ئەوەی کە تۆ خەتی تەلەفۆنەکەیانت بڕیوە و ئێستە منیان ناردووە بو لای ئێوە و وتویانە با پەیوەندیمان پێوەبکەن، چییان بوێت بۆیان دەکەم ئەویش تووڕەدەبێت و دەڵێت: دووبارەی نەکەیتەوە و هەندێک جوێن بە چاش و حوکومەت دەدات، ئەو شەوە لەوێ دەمێنێتەوە و بۆ بەیانییەکەی بەپێکەنینێکەوە دەڵێت: دەزانی کاکەم بۆچی هاتووە کاکە حەمەش دەڵێت: بۆچی هاتووی؟ ئەویش بۆی باس دەکات و دەڵێت: پێی بڵێ هەتا دنیادنیایە من نە ڕادەست دەبمەوە و نە پەیوەندیان پێوە دەکەم. [1]
نەڕاست دەبمەوە/ وتەیەکی گاڵتەئامێزە و مەبەستی ناوەکەی خۆیەتی (کەچ) واتا لار.
ئەم ڕووداوە لەلایەن (Asaf Rasha Kacha) بۆ کوردیپێدیا نێرراوە.