ناونیشانی بابەت: لێکەوتە ئابوورییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا: خۆتان بۆ قەیرانێکی دیکەی دارایی ئامادەبکەن
ئەم وتارە نووسراوە لە ڕۆژی: #17-03-2020#
ئامادەکردن: #سورێن جەمال محەمەد#
“چومە جەهەنەم و هاتمەوە، ” ئاماژەیە بۆ ناخۆشترین ئازار و باردۆخێک کاتێک مرۆڤ یان وڵاتێک بە دۆخی گراندا تێپەڕدەبن. بۆ نموونە، لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا، ئەوروپا بە دۆخێکی قوورسدا تێپەڕی، زیاتر لە 20 ملێون مرۆڤ کوژران. چەندان ملیۆنی دیکەش بریندار و ئاوارە بوون. هەروەها، دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵاتانی بەرکەوتوی ئەو دوو جەنگە بە ڕادەیەکی زۆر لە وێرانەیەکی تەواو دەچوو. دیارە کاریگەریی و لێکەوتە ئابوورییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناتەواو گەورە و کاریگەرن و ئابووریی جیهان بە شێوەیەکی گشتی لاواز و سسست دەکات. قەیرانی ئابووری و دارایی لە زۆر وڵاتدا درووستدەکات . بەدڵنیاییش کاریگەریی و لێکەوتەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان بە گشتی و ئابوورییەکەی بە تایبەتی، زۆر زیاتر و کاریگەرترن، بە ڕادەیەک کە هەرێم دەباتە جەهەنەم و دیاریش نییە هەرێم چۆن دەتوانێت جارێکی تر لەو جەهەنەمە دەربازی ببێتەوە.
دیارە هەمووی چەند مانگێکە دۆخی ئابووری هەرێم بازێکی داوە، و پاشەکەوتی مووچە نەماوە، هەرچەندە حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە بەتەواوی مووچەی هەر 12 مانگی ساڵی 2019 بدات. ئیشکردن لە هەندێک پڕۆژەدا دەستی پێ کردۆتەوە. بەڵام، دابەزینی نرخی نەوت، کاریگەریی و لێکەوتە ئابووری و تەندرووستییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، و درووستکردنی لەمپەڕ و کێشە بۆ ناردنی پارەکەی بەغدا، مانگانە وەک لە مانگی پێشودا بینیمان، کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ، ئەوەندەی تر دۆخی ئەم “ئابوورییە داڕزیوە”ی هەرێمی کوردستان، داڕزاوترو خراپتر دەکات.
وەزیری دارایی هەرێم، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە کرد کە مەترسی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەریی خراپی دەبێت بۆ سەر ئابووریی جیهان و ئەم “ئابوورییە داڕزیوە “ی ئێمەش بەدەر نییە لەو کاریگەرییانە.
بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا بە جیهاندا، بەتایبەتی لە وڵاتانی چین، ئێران، ئیتالیا و وڵاتە پیشەسازییەکانی دیکەی ئەوروپادا، کار و چالاکییە کانی کۆمپانیا گەورە پیشەسازییەکانی سنووردار و سست کردووە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ڕێژەیەکی زۆر نەوت لە بازارەکانی جیهاندا بۆ بەکارهێنان زیاد بێت و کڕیارەکانی نرخی جارانی پێ نەدەن، یا نەیکڕن. هەروەها لە دوای ئەوەی ڕووسیا و سعودیە نەگەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی بڕی هەناردەی نەوت، و سعودیە بڕی هەنارەدەی بۆ 12 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزدەکاتەوە دوای کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی پێشتری ئۆپێک+روسیا، ڕاستەوخۆ نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا هاڕەی کرد، تەنیا لە یەک شەودا % 30 بەهاکەی لەدەستدا.
وەک دەزانین ئابووریی هەرێمی کوردستان ئابوورییەکی نەوتییە، واتە لەسەدا %90 بودجە و داهاتەکەی لە نەوتەو دەستدەکەوێت، ئەمە بۆ ئێراقیش ڕاستە کە ئابووریی هەرێم ڕاستەوخۆش پەیوەستە بە باشیی دۆخی ئابووریی ئێراقەوە. هەر دۆلارێک لە دابەزینی نرخی نەوت، هەنگاوێک هەرێم لە قەیرانی دارایی نزیکتر دەکاتەوە و ئەگەری پاشەکەوتی مووچە زیاتر زیندوو دەکاتەوە. هەروەک چۆن، لە ساڵی 2016 کاتێک نرخی نەوت بۆ نزیکەی 20 دۆلار دابەزیی، ڕاستەوخۆ حکومەتی هەرێم پاشەکەوتی مووچەی سەپاند بەسەر فەرمانبەرانیدا.
دیارە هەرێمی کوردستان سێ سەرچاوە سەرەکی داهاتی هەیە بۆ دابینکردنی مووچە، ئەوانش ئەو نەوتەی هەناردەی دەکات ، بڕی 452 ملیار دینار کە مانگانە بەغدا بۆی دەنێرێت و ئەو بڕەی کە لە داهاتی ناوخۆ دەستیدەکەوێت. پرسیارەکە ئەوەیە ئەی چۆن ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەریی دەکاتە سەر ئەم سێ سەرچاوەی داهاتی هەرێمی کوردستان؟
یەکەم: هەناردەی نەوت: لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی نەوت زیاتر لە سەدا 30 نرخەکەی خۆی لەدەستداوە. ئێستا بەرمیلێک نەوتی برێنت لە دەوربەری 29 دۆلار دایە. پێشبینش دەکرێت زیاتر لەم نرخەی داببەزێت. لە ئێستادا، حکومەتی هەرێم ڕۆژانە چوارسەد و پەنجا هەزار بەرمیل نەوت هەنارە دەکات. لە پێشودا، کاتێک نرخی نەوت شەست بۆ حەفتا دۆلار بو، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە باشترین دۆخدا نزیکەی 300 ملێون دۆلار بۆ وەزارەتی دارایی دەنارد بۆ دابەشکردنی مووچە. باقیەکەی تری بۆ قەرزی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت و دانەوەی قەرزەکانی پێشو کە حکومەتی هەرێم کردونی. هەرەوەها بڕێکی دیاریکراویشی بۆ خستنەوەکاری هەندێک لە پڕۆژەکان تەرخان کرابو. بەڵام، لە ئێستادا، کە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا کەمترە لە 30 دۆلار، و نەوتی هەرێم بە هەشت دۆلار کەمتر لە نەوتی برێنت دەفرۆشرێت، واتە لە دەوروبەری 20 دۆلاردا. لەو 20 دۆلارەش، ڕەنگە زیاتر لە 10 دۆلاری بۆ قەرزی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت و پڕۆسەی بەرهەمهێنان و هەنارەدەکردنی بڕوات. بۆیە، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ هەر بەرمیلێک نزیکەی دەکاتە هەشت بۆ دە دۆلار. دیارە لەم حاڵەتەشدا، ئەو 300 ملێون دۆلار دادەبەزێت بۆ نیوە، ئەمەش حکومەت تووشی گرفتی گەورە دەکات لەوەی نەتوانێت مووچە لە کاتی خۆیدا جێبەجێبکات.
دووەم: پارەکەی بەغدا: لە دوو مانگی ڕابردوو، ناردنی بڕی 452 ملیار دینارەکەی بەغدا، کێشە و لەمپەڕی زۆری بۆ درووستکراوە. لە هەردوو مانگی پێشودا، سەرباری دواکەوتنی زیاتر لە 10 ڕۆژ، بە هاتنە سەرهێڵی خودی سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پارەکە نێردراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێستا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و لێکەوتە ئابوورییەکانی ڤاریرۆسی کۆرۆناوە، داهاتی ئێراق بۆ زیاتر لە نیوە دابەزیوە، ئەمەش فشارێکی گەورە لەسەر حکومەتی ئێراق درووستدەکات، کە ڕەنگە بۆ ئەمساڵ تەنیا بتوانیت مووچە دابینبکات. ئەگەر ئەم حکومەتی کاربەرێکەڕەش کیشە بۆ ناردنی درووستنەکات لەم مانگەدا، ئەوا بەدڵنیایییەوە، دیارکردنی سەرۆک وەزیرانێکی نوێ، کە عەدنان زورفییە، بە ڕەچاوکردنی دۆخی ئابووری و سیاسی ئێستای ئێراق، لێکەوتەکانی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕەنگە چی دیکە نەتوانێت ئەو بڕەیە بۆ هەرێم بنێرێت بەبێ ڕێککەوتنێکی بەهێز و متمانەپێبو لەلایەن هەردولاوە. لە ئەگەری ڕێککەوتنێکی نوێ، ئەو دۆخی ئێستای ئێراق ڕەچاو دەکرێت، لە باشتریندا ئەگەردا، ئەوا پشکی هەرێم لەم بڕەی ئێستا کەمتر دەبێت. هەر بۆیە، زۆر گرنگە حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی ئێراق، بەتایبەتییش سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێدراوی نوێ، بگەنە ڕێککەوتنێکی نوێ و پێکەوە کاربکەن بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی قەیرانێکی قوڵی دارای کە لە چەند مانگی داهاتودا ڕوبەڕوی حکومەتی هەرێم و ئێراق دەبێتەوە.
سێیەم: داهاتی ناوخۆ؛ سست بوون و ڕاگرتنی جموجۆڵە بازرگانییەکانی دەرەوازە سنوورییەکان، هەروەها بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ نیوە زیاتر دادەبەزێنێت. سەرباری ئەوەی بە هەزاران وڵاتی و کاسبکار بێکارن و زۆربەی کۆمپانیەکانی کەرتی تایبەت کارەکانیان ڕاگرتووە، داهاتی ناوخۆ ناتوانریت وەک پێشو کۆبکرێتەوە. ئەگەر پێش دابەزینی نرخی نەوت و ئەو بڕیارانە کە حکومەتی هەرێم دەریکردوون بۆ ڕێگەگرتن لە بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، داهاتی ناوخۆ 300 ملیار دنیار بووبێت مانگانە، ئەوا دڵنیایییەوە، ئەو هۆکارانەی سەرەوە ئەم بڕە دادەبەزێت بۆ نزیکەی 100 ملیار دنیار.
هەموو ئەمان پێمان دەڵێن کە هەرێمی کوردستان پێدەنێتە نێو قەیرانێکی قوڵی دارایییەوە، دیسان پرسی پاشەکەوت و دواکەوتنی مووچە زیندوتر و بەهێزتر دەبێت. قەیرانی دارایی ئەمجارەی حکومەت جیاواز دەبیت لە قەیرانەکەی 2014، و لە هەندێک ڕووەوە قوورستر دەبیت بۆ وڵاتییانی هەرێمی کوردستان چونکە ئەگەر بەهۆی شەڕی داعشەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی پشتیووانیی ئێراق و هەرێمی کوردستانی کردبێت، ئەوا ئێستا ئەو شەڕە کۆتاییپێهاتووە. هەروەها، وڵاتانی جیهان خۆیان تووشی کێشەیەکی دارایی بوونەتەوە و ئەگەری هەیە کێشەکەیان ببێتە قەیران کە ئەوەش وا دەکات پشتیووانییکردنی هەرێمی کوردستان و بەغدا مەحاڵ بێت. [1]